نووسەر و رۆژنامەنووس، عەبدوڵڵا كەریم مەحمود، لەحەوت بەشداو لەمەرگى شەهید بەختیار خالید-دا، باسى دڕندەیی جەمال رینگۆمان بۆ دەگێڕێتەوە کە یەکێک لەو تاوانبارە بەعسیانە بووە کە دەستى بەخوێنى دکتۆر بەختیارو چەندینى وەکو ئەو سوور بووبوو..

بەشى دووەم


بۆ ئەوەی باوكم و دایكم نەزانن جەمال رینگۆ لەخوێندن دەریكردوم، هەموو بەیانیانێك كتێبەكانم دەخستە بندەستم، لەگەڕەكی شەخسەكەی ئابڵاخەوە بەپێ لەشەقامی سالمەوە دەگەیشتمە لای شێخ ئەنوەر لەكتێبخانەی شانۆ لەشەقامی كاوە، شێخ ئەنوەری شاعیر، نمونەی برای گەورەو هاوڕێمان بوو، كەسێتییەكی هێمن و میهرەبان و خاوەن ئەزمون و قاڵبووی نەهامەتییەكانی ژیان بوو.
ماوەیەكی زۆر بەسەر دەركردنەكەمدا رابووردبوو، بۆ ئەوەی لەخوێندن فەسڵ نەكرێم، لەگەڵ شێخ ئەنوەر سەردانی كاك وەهبی برایمان كرد، لەبەشی تیشك، لەو نەخۆشخانەیەی بەرامبەر نەخۆشخانەی جمهوری كۆن بوو، ئەو چەند كەسێكی دەناسی بەپەرۆشەوه هەوڵی بۆدام، بەڵام هەوڵەكانی سەری نەگرت. 31/1/1979 لەناكاو هەواڵی جەرگبڕو تاڵی شەهیدكردنی دكتۆر بەختیار لەگەڕەكی ئیسكان، شاری سلێمانی هەژاند، دوو چیرۆكی تراژیدیا لەبارەی شەهید بوونەكەی سەری هەڵدا:
چیرۆكی یەكەم:
دوو رۆژ پێش چالاكییەكە، لەشەوی29-01-1979 دكتۆر بەختیار لەقەرەداخەوە بەنهێنی خۆی كردبوو بەناو شاری سلێمانیدا، شەوەكەی رووی كردبووە ماڵی هاوڕێیەكی، هەستی كردبوو دایكی هاوڕێیەكەی زۆرترسابوو، پێشمەرگەیەك لەشاخەوە گەڕاوەتەوەو لەماڵی ئەواندا خۆی حەشارداوە، گەر ئەمنی سلێمانی پێی بزانێ ژیانیان دەكەوێتە مەترسییەوەو چارەنووسێكی نادیاریان دەبێ.
دكتۆر بەختیار ئەو شەوە ئەو ماڵە بەجێدەهێڵێت و رووی كردبووه ماڵی عەبدولكەریمی مامی دایكی لەگەڕەكی ئیسكان، ئەوانیش ترسابوون، بەڵام بەناچاری لەوێ مابوەوە، ئەو شەوە دایكی و رێبواری برای بەنهێنی لەماڵی عەبدولكەریم، بۆ چەند ساتێك بەدیداری دكتۆر بەختیار شادبوون، دایكی رووی كردبووە كوڕەكەی: بەختیار كوڕم بۆ لەم بارودۆخه دژوارو ترسناكەدا لەو شاخانەوە هاتوویتەوە بۆ ناوشار.
ئەویش بۆ دڵدانەوەی دایكی، وتبووی: پێشمەرگان پێویستیان بەداو دەرمانە، هاتووم دەرمانیان بۆ پەیدا بكەم.
بەدایكی وتبوو: بگەڕێرەوە بۆ ماڵەوە، بەیانی من دەگەڕێمەوە بۆ قەرەداغ.
ئەو ماڵە لەگەڕەكی ئیسكان بوو، نزیك بەماڵی جەمال رینگۆ بوو، ئاسۆی دەلاك و شوانی رەوف نوری لەگەڵ دكتۆر بەختیاردا هاتبوون، وەك دوو هاوڕێی نمونەیی خاوەن ئەزموون لەچالاكی پێشمەرگانەی ناوشارو شاخ، زۆر هەوڵیان دابوو، بەدكتۆر بەختیاریان راگەیاندبوو: باپێكەوە بگەڕێینەوە بۆ قەرەداغ، ئەم چالاكییە زۆر زەحمەتە، ئێمە دەزانین سەركەوتوونابێ.
دكتۆر بەختیار وتبووی: گەر سەریشم دانابێ، بەتەنیا دەبێ رینگۆ بەسزای تاوانەكانی بگەیەنم.
لە31/1/1979 خۆی دەگەیەنێتە كۆڵانەكەی ماڵی جەمال رینگۆ لەگەڕەكی ئیسكان، شوانەی رەوف نوری و ئاسۆی دەلاك لەوسەری كۆڵانەكە وەستان، چاوەڕوانی دكتۆر بەختیاریان دەكرد، بۆ ئەوەی یەكسەر دوای چالاكییەكە ژیانی بپارێزن و دەربازی بكەن.
دكتۆربەختیار دەمانچەكەی ئاڕاستەی جەمال رینگۆ كردبوو، فیشەكەكانی بەر ناكەوێت، رینگۆ بەخێرایی خۆی دەگەیەنێتە سەربان، بەكڵاشینكۆفەكەی دەسڕێژ لەدكتۆر بەختیار دەكاو برینداری دەكات، بەبرینداری چەند هەنگاوێك لەكۆڵانەكە دوور دەكەوێتەوە، لەبەرسەختی برینەكەی دەكەوێت و ناتوانێت هەنگاوی تر بنێت، بەدەمانچەكەی فیشەكێك دەنێت بەسەری خۆیەوه.‌
چیرۆكی دووەم:
دكتۆر بەختیار دەگاتە بەردەم ماڵی جەمال رینگۆ، دەمانچەكەی ئاڕاستەی رینگۆ كردبوو، لەوكاتەدا بەڕێكەوت دەمانچەكەی هیچ چركەیەكی نەكرد بوو وەستابوو، دكتۆر بەختیار بەخێرایی هەنگاو دەنێت بۆ ئەوەی خۆی لەكۆڵانەكانی ئیسكان ون بكات، جەمال رینگۆ بەكڵاشینكۆفەكەیەوە دوای دەكەوێت، لەكۆڵانێكدا هەموو فیشەكی ناو مەخزەنەكەی لەجەستەی دكتۆر بەختیار خاڵی كردبوەوە.
ئەم هەواڵە تاڵه ‌ناخی هەمووخەڵكی شار و كوردستانی هەژاند، دواتر فایەق رەشیدی تاپۆ خاڵی دكتۆر بەختیار بەزەحمەتێكی زۆر تەرمەكەی وەرگرتەوەو لەگردی سەیوان بەخاكیان سپارد. هەر له31-1- 1978 ئارامی سەركرده لەكاتی رۆیشتندا، لەگوندی تەنگی سەری قەرەداخ دەكەوێتە بەرنیشانەی دەسڕێژی جاشەكانەوەو دوا هەناسە دەسپێرێت.
31-1-1978 و 31-1-1979 لەشار و لەشاخ رۆژێكی رەش و ماتەمێكی پڕ لەتراژیدیای خوێناویی بوو، بۆ شەهید ئارامی سەركردەو(دكتۆر بەختیار) دوای ئەوەی جەمال رینگۆ لەخانەی مامۆستایانی كوڕان گوێزرایەوە، گەڕامەوە بۆ خوێندن، مامۆستا سیروان نوری و سەدرەدین عارف و نازم گۆران پلەی باشیان لەبیركاری و ئینگلیزی و دەرونزانیدا بۆدانام.
دواتر بیستمان جەمال رینگۆ گوێزراوەتەوە بۆ بەرەكانی جەنگی عێراق- ئێران، كراوە بەسەرۆكی لیژنەی كوشتن و بڕینی ئەو سەربازو ئەفسەرانەی لەكاتی هێرشەكانی سوپای عێراق بۆسەر پاسداران و هێرشەكانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر سوپای عێراق، لەهێڵەكانی پێشەوەی جەنگ هەڵبهاتنایە، رینگۆو لیژنەكەی دەستبەجێ گولەبارانیان دەكرد، لەو جەنگەدا رەتڵێك تۆپی ئێران لەنزیكی جەمال رینگۆوە دەتەقێتەوە، جەستەی هەپرون بەهەپرون كردبوو.

* دیدارێك لەگەڵ كاك كامەران خالید برای شەهید دكتۆر بەختیار لەمانگی ئازاری 2021 لە غەزەلنووس.
* د یدارێك لە گەڵ هونەرمەند رێبوار خالید تاهیر لەبارەی شەهید دكتۆر بەختیاری برایەوه.
* بەختیار خالید تاهیر ناسراو بە دكتۆر بەختیار لە18/5/1950 لەگەڕەكی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایكبووە، قۆناغی خوێندنی سەرەتایی لەسلێمانی و ناوەندی لەكەركوك تەواو كردووە، لە 1968 لەكۆلێژی پزیشكی زانكۆی موسڵ وەرگیراوە، لە1972 پەیوەندی كردووە بەكۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستانەوە، لە1974 رووی كردووەتە شاخ بووە بەپێشمەرگه، دوای هەرەس دەگەڕێتەوە بۆ زانكۆو لە1976 كۆلێژی پزیشكی تەواو دەكات و هەمان ساڵ وەك پزیشكێك لەناحیەی خەلەكان كاری كردووە، دواتر گوێزراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی سلێمانی، لەبەرهەڵوێستی سیاسی گوێزراوەتەوە بۆ دهۆك، دواتر دەگەڕێتەوە بۆسلێمانی، لە12/11/1978 لەسلێمانییەوە روودەكاتە سنووری قەرەداغ و دەبێت بەپێشمەرگە.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved