نووسەر و رۆژنامەنووس، عەبدوڵڵا كەریم مەحمود، لەحەوت بەشداو لەمەرگى شەهید بەختیار خالید-دا، باسى دڕندەیی جەمال رینگۆمان بۆ دەگێڕێتەوە کە یەکێک لەو تاوانبارە بەعسیانە بووە کە دەستى بەخوێنى دکتۆر بەختیارو چەندینى وەکو ئەو سوور بووبوو..

بەشى یەکەم



زانیاری جیاجیام لەبارەی ژیانی هونەرمەندان مەزهەری خالقی و عەلی مەردان كۆكردبوەوە، هەموو توانام خستبووە گەڕ، لێكۆڵینەوە لەبواری ئەزمونی هونەری ئەو دوو هونەرمەندە‌ بكەم، گەر رۆژگار بواری بۆ بڕەخساندمایە، لەدووتوێی دوو كتێبدا چاپم بكردایە.
لەبەر رێكەوتنی 6ی ئازاری 1975ی جەزائیری نێوان شای ئێران و سەدام حسێن، هەرەسی شۆڕش، هەموو بوارەكانی راگەیاندن و گەیاندن و ژیان لەنیشتمانەكەماندا سانسۆری لەسەربوو، گوندەكانی سەر سنوور خاپورو مینڕێژكرابوون، هەوڵەكانم دوای پەرۆشی و ماندووبوون و زەحمەتێكی زۆر دژوار ترو قورستر بوو، لە 1976 – وە زۆر گەڕام بەدوای زانیاریی لەسەر ژیانی خالقی، دوای ماندووبوونێكی زۆر توانیم كتێبی (خالقی و دەنگ و ئاواز) لەدەفتەرێكی دەستنووسا تۆمار بكەم.
لەمانگی 12 ی 1978 قوتابی خانەی مامۆستایان بووم لەسلێمانی، جەمال رینگۆ بەڕێوەبەرمان بوو، داوای ئیمزای لێ كردم، دژی داواكەی وەستامەوه،‌ زۆر بەتوندی تووڕەبوو، هاواری كرد بەسەرما، مامۆستاكان تۆزێك هێمنیان كردەوە، بەزەحمەت بواریدام ئەو رۆژە بچمە پۆلەكەمەوە.
ئەو رۆژه زۆر بەكزی و بەبێدەنگی لەپۆل دانیشتبووم، دیمەنی ‌‌هێستریای رینگۆ بەجۆرێك لەناو چاوەكانمدا تۆمار بووبوو، ئاگام لەوانەو مامۆستاو هاوڕێكانی پۆلەكەم نەمابوو، وشەی‌ نەشیاو و جنێوەكانی رینگۆ لەناو مێشكی جەنجاڵمدا بە بەردەوامی دەنگی دەدایەوە، ئازاری رۆح و دەروونی دەدام.
- من قوبوڵی ناكەم لێرە بخوێنیت، سەگی سەگباب، تۆ دژی حكومەتیت، چۆن دەتوانیت ئیمزای نەكەیت.؟
چاوی چوو بووە پشتی سەریی، لەكاتی جنێوەكاندا، تف و لیك بەدەمیدا دەهاتە خوارەوە، هەموو روخساری تف باران كردم.
- مامۆستا من كاری سیاسیی ناكەم، تەنیا خولیای خوێندنەوەی رۆژنامەو گۆڤارو كتێبم.
ماوەیەك بێدەنگ بوو، چاوی بڕیبووە ناو چاوم، بوركانی هێستریای رق و كینەو بوغزی لێ دەباری. بۆ رۆژی دووەم، دنیا كپ و بێدەنگ بوو، بەفر دەباری، مامۆستا سەدرەدین عارف وانەی ئینگلیزی پێ دەوتین، لەناكاو رینگۆ خۆی كرد بەپۆلەكەماندا، رەشەبای توڕەیی لەچاوەكانی دەباری.
- كواعەبدوڵڵا كەریم مەحمود؟، وەرە دەرەوه سەگباب.
هەستام بەرەوڕووی هەنگاوم نا، تا هێزی تیابوو، بەقۆنەرە قاوەییە نوك تیژە رەقەكەی، یەك شەقی لەخوار ئەژنۆمدا، بروسكەی ئازارێكی تیژ هورژمی بۆ مێشكم هانی. بڕۆدەرەوە كوڕی سەگ، كەی ئێرە شوێنی تۆیە؟.
خوێنێكی گەرم لەئەژنۆكانمەوە بە قەراغى پانتۆڵە سپیەكەمدا هاتەخوارەوە، گۆرەویەكەم و ناو پێڵاوەكەمی سوور كرد، تا بەردەرگای دەرەوە، بەپشتا هەنگاوم دەنا، رووم هەر لەڕووی رینگۆ بوو، بۆ ئەوەی گەر شەقی تر بهاوێت، رووبەڕووی شەقەكەم بەربكەوێت، تا لەدەرگای دەرەوە ئاودیوو بووم.
بەفر هەردەباری، شار بەرگی سپی پۆشی بوو، زریانەكە بەجۆرێك هورژمی هێنا، هەستم بەسوێی ئازارێكی تووندتر كرد، بەشەلە شەل، بە شەقامی پیرەمێردا هەنگاوم نا، تا گەیشمە كتێبخانەی شانۆ لەشەقامی كاوە، شێخ ئەنوەر بەو جۆرە بینیمی، زۆر بێ تاقەت بوو، لەدەرمانخانەكەی ئەوبەر، دەرمان و لەفافی بۆ هێنام، تەداوی بۆ كردم و برینەكەی بۆ بەستم.
بەناو بەفرەكەدا هەنگاوم نا تا گەیشتمە ژوورە تەنیاییەكەی خۆم، بەدەم ئازارو خەمێكی قوڵەوه، چرای هیوایەكی نوێ لەژوورەكەم و ناخمدا داگیرسا، توانیم ئیمزاكەی و داواكەی رینگۆ رەدبكەمەوە.
لە 7 ی نیسانی 1976 لەگۆڕەپانی خانەی مامۆستایان لەگەڕەكی مامۆستایانی سلێمانی، هۆنراوەیەكم دژ بە بەعس و دەسەڵات لەگۆڕەپانی خانەی مامۆستایانی سلێمانی خوێندەوە، ئاهەنگەكەمان تێكدا، قوتابییەكانی خانەی مامۆستایان رژانە سەرشەقامەكە، بوو بەڕێپێوان دژ بە بەعس، تەنانەت لەشۆڕش خزیری سەرۆكی یەكێتی قوتابیانی بەعسیاندا، مامۆستا خالید كرێدی و عەبدوڵڵا حەسەن بەیاتی و زاهیر عەجیل، ئەوساڵە لە پۆلی یەكی خانەی مامۆستایان لەزۆربەی وانەكاندا، پلەی نزمیان بۆ دانام، هێشتمیانەوە، دەرنەچووم. ئەو رۆژانە چەند سەخت و دژواربوو، بەڵام تروسكەی هیوایەك و ئیرادەیەك هەبوو.
لێرەدا سوپاس و پێزانینم بۆ مامۆستایانی بەڕێزو خۆشەویست/ سیروان نوری، سەدرەدین عارف، نازم گۆران، حەمە ئەمین ئەحمەد هەیە، نموونەی ئەو رابەرە پەروەرە خاوەن هەڵوێستە بوون لەو رۆژانەدا هەمیشە پاڵپشتمان بوون، شانازیان پێوە دەكەین.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved