عومەر حسێن*






كۆتا رۆژی ساڵی ١٩٨٧ و لە چاپخانەی شەهید ئیبراهیم عەزۆ سەرقاڵی چاپكردنی ژمارەیەكی نوێی بڵاوكراوەی رێبازی نوێ بووین، دەمەو ئێوارە لە بەرگەڵوو لە چاپخانەوە وتیان بڕۆ بۆ لای كاك ئەرسەلان باییز كە ئەوكات (بەرپرسی راگەیاندنی كۆمەڵە بوو)، گوایە هەواڵێكی لایە و زۆر گرنگە بۆ راگەیاندن و بەتایبەتیش بۆ رێبازی نوێ.
منیش وەك هەر ئەركێكی تری سەرشانم بێ سێ و دوو بەرەو بارەگای رادیۆ كە هاوكات ماڵی كاك ئەرسەلانیش لەوێ بوو، كەوتمەڕێ و كە گەیشتم خۆی و خاتوو پەخشانی هاوسەری پێشووی لەگەڵ كچە جوانەكەیان گەر هەڵە نەبم ناوی (لاسك) بوو، سڵاوم كرد و ئەوانیش زۆر بەڕێزەوە بەخێرهاتنیان لێكردم و دادە پەخشان چای لێنابوو خێرا چایەكی بۆ تێكردم و كاك ئەرسەلان پرسی، بۆ هەواڵەكە هاتوویت؟ وتم بەڵێ.
وتی ئەم هەواڵە زۆر گرنگە بۆ راگەیاندن، چونكە لەسەرتاسەری عیراق نزیكەی ٧٠٠ كەس لەسێدارە دراون و تەنها لە سلێمانی ٤٤ كەس ئەو سزایەیان بەسەردا جێبەجێ كراوە.
منیش بەهۆی ئەوەی شەهید بەكری برام ماوەی ساڵێك و دوو مانگ بوو دەستگیر كرابوو هیچ هەواڵێكمان لێی نەبوو، وەك یەكێك پێم بڵێ بێ راوەستان سەیری لیستی ناوەكانم كرد، ئەوەی لێی ئەترسام كەوتە بەرچاوم .
ناوی ابوبكر حسین احمد- سلێمانی- هەوارە بەرزە، كەوتە بەرچاوم لەریزبەندی ناوەكانا  بوو كە حوكمی سێدارەی بەسەرا سەپێنرابوو.
تارماییەك بەرچاوی گرتم و دنیا لەبەرچاوم تاریك بوو، دڵم گوشرا هێزی ئەژنۆم نەما، دواتر چاوم كەوتە سەر ناوی كاك قاسم عەلی ئەحمەدی هاوڕێی خوێندنگە و بازاڕم بوو، لە رەشبگیرییەكی گەڕەكی توویمەلیكدا بەناهەق گیرابوو، خۆشبەختانە ئەو بەر لێبوردنی گشتی كەوتبوو، ئێستاش هەر هاوڕێین.
بەو ئازارەوە هەواڵەكەم وەرگرت و بەرەو چاپخانە سەركەوتمەوە، بەڵام ئەوشەوە نەمزانی لەكوێم و كێ لەگەڵم دانیشتووە.
دواتر و لە رۆژی ١٩٨٨/١/٢نامەیەك گەیشتۆتە دەستی باوكم لەڕێی موختاری گەڕەكەكەمانەوە تیایا ئاماژە بەوە كرابوو كە بچن بۆ ابو غرێب بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی كوڕە (مخرب)ەكەتان.
ئەوەی زۆر زیاتر ئازاری دڵی دام و زیاتر بەعسی ناشیرینتر كرد ئەو بارە دەروونییە خراپەی باوكم بوو كە ئێوارەی هەمان رۆژ لەگەڵ مامۆستا لەتیف هاوڕێی كاكم و جوانەمەرگ بەهۆی ئەوەی زمانی عەرەبی زۆر باش زانیوە و خوالێخۆشبوو حاجی حەمەسەعیدی هاوسەری دادە ناسكی خاڵۆزام ئەچن بۆ شوێنی ناوبراو بەڵام پێیان ئەڵێن ئێستا كوڕەكەتان لەسێدارە نەدراوە و بەیانی وەرنەوە. ئەوانیش بەو كۆڵە خەمەوە شەو تا بەیانی لە چاوەڕوانیی گیانكێشانی بەكری قارەمان و هونەرمەند و قسەخۆش و گیانفیدادا بوون.
رۆژی ١٩٨٨/١/٣ تەرمی شەهید بەكر و سەدان گەنجی كورد و عەرەب كرا بە دیاریی سەری ساڵ و سەرجەم شارەكانی عیراق تازێبار كران.
رۆحتان شاد بێت و دروود بۆ گیانی پاكتان
* پێشمەرگەى دێرین

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved