حەیدەر مەنتك
دەمەوێ بڵێم و بنووسم كەسوكاری شەهیدە سەربەرزەكان، بەگەورەیی خۆتان بمبەخشن كە ناتوانم وەك خۆی واتە لەئازایی و دڵسۆزیی و بوێریی ژیاننامەی شەهیدە سەربەرزەكانتان بدوێم و بنووسم، چونكە لاپەرەی سەروەریی و خەبات و تێكۆشانی ئەوان بەدەیان کتێب تەواونابن و دونیایەك وشەو داستان و تەفسیرو هەورازو نشێوی لەئامێز گرتووە.
بۆیە ناكرێ و ناشبێ بەچەند لاپەڕەیەك و نامیلكەیەك گوزارشت لەشەهیدێك بكرێ كە ئامادەبووە خوێن ببەخشێ بەنیشتمان، بەخاك، بەئازادی، بەمانەوەی تاك لەسەر خاكێك سەدان ساڵە چەوسانەوە و ئەنفال و كیمیاباران و كوشتن و بڕین و ئیهانەو بەندینخانەكان چارەنووسیان بووە.
بەڵام لەسۆنگەی بەمێژوو كردن و دۆکیۆمێنت كردنی وێنەو كورتەیەك لەژیاننامەیان رێگەم بەخۆمداوە لەخزمەتی شەهیداندابم.
شەهید كامەران فەرماندەو پارتیزانێكی دیارو چاونەترسی رۆژانی سەختی ئەوێ رۆژێی تیپی(93)ی كۆیە بووە. پێشمەرگەیەك بەمانای وشە ئازا، خۆڕاگر و خەباتكارێكی تێكۆشەری سنووری كۆیە بووە، هەمیشە خەون و خولیای شەهید كامەران ئەوە بووە رۆژێك بەعس و دەسەڵاتەكەی نەمێنێ تا كوردیش وەكو باقی میللەتانی تر بەئازادی بژین.
ئەو كەسێكی دڵسۆز و بەئەمەك و وەفاداربوو چ بەرامبەر شۆڕش و كوردایەتی چ بەرامبەر هاوڕێ و خزم و دۆستانی، بەڵام بەداخەوە لەدوای راپەڕین ئەوانەی بەفیتی نەیارانی كورد وەكو داشی دامە گەمەیان پێ دەكرا ئاریشەیان بۆ حكومەت و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دروستدەكرد بوونە هۆكاری شەهیدبوونی كاكە كامەران و سەدانی تر.
ژیاننامەى شەهید
ناوی تەواوى كامەران ئەحمەد حەمەد مستەفا ناسراو بەكامەران كۆیی، ساڵی(1964) لەشارى کۆیە دایكبووە، لەخوێندندا تاقۆناغى ناوەندی رۆیشتووە و خێزانداربووەو ناوی هاوسەرەکەى شوكریە حوسێن تەهایەو دوو منداڵى لەدواى خۆى بەجێهێشتووە بەناوەکانى دانەر و دیڤان.
ساڵی(1982) پەیوەندی بەڕێكخستنەوە کردووە و ساڵى(1983) پەیوەندی بەهێزی پێشمەرگەوە کردووە لەتیپی(93)ی كۆیە.
لەژیانی پێشمەرگایەتیدا بەشداریی دەیان داستان و نەبەردی كردووە لەوانە، داستانی رزگاری، گرتنی سەری رەش، داستانی سماقوڵی، کەپکی حەمەد ئاغا، شەڕی قەیوان ماوەت، شەڕی كەلكە سماق.. ناوبراو بەشداریی راپەرینە مەزنەكەی بەهاری ساڵی(1991)ى كردووەو رۆڵی كاریگەری بینیوە لەسنووری كۆیە و هەولێر. دواپلەی جێگری فەرماندەی فەوج بووە لەتەشكیلاتی یەكەم كابینەی حكومەتی هەرێم لەوەزارەتی پێشمەرگە، دووجار برینداربووە. بەداخەوە رۆژى(1993/12/20) لەشارى کۆیە شەهید دەکرێ.
درود بۆ گیانى پاکى شەهیدان و شەهید کاکە کامەرانى فەرماندە و پارتیزان و پێشمەرگە خاكییەكەی نیشتمان.
بابەتی زیاتر