پێشەكی:
نووسەر و پزیشك و سیاسی، دكتۆر جەعفەری شەفیعی(دكتۆر عەزیز) لەدوای كارەساتی هەكاری و رۆژە سەخت و دژوارەكانی شۆڕشی نوێ، لەگەڵ ساعدی وەتەن دۆست لەسەر راسپاردەی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران بەكۆمەڵێك هاوكارییەوە پەیوەندی بەشۆڕشی نوێوە دەكەن. بەهۆی هەڵوێستەكانییەوە مام جەلال دەڵێ: دكتۆر جەعفەری شەفیعی تەنها تێكۆشەری یەك پارچەی كوردستان نەبوو.
گەلەكۆمەكێی سەرەتای حوزەیرانی ساڵی(١٩٧٨) كە كارەساتی هەكاری لێكەوتەوە. هێزی پێشمەرگەی كوردستان و شۆڕشی نوێی رووبەڕووی هەلومەرجێكی دژوار و سەخت كرد. لەكۆی ئەو هێزەی بەرەو برادۆست رۆیشتن تەنها چەند كەسێكیان بەسەلامەتی گەڕایەوە. بەمەش هێندەی دیكە خەباتی بەدیهاتنی ئامانجەكانی شۆڕشی نوێی قورس كرد. چونكە لەو سەردەمەدا جگە لەوەی پلانی هێنانی چەك بەهۆی كارەساتەكەوە سەری نەگرت، دەیان سەركردە و پێشمەرگەش شەهید بوون و زۆریشیان بە دیل گیران.
هەلومەرجەكە بەهۆی نەبوونی چەك، خواردەمەنی، دەرمان و...تاد زۆر قورس بوو، بەڵام تەگبیری هەڵسانەوە و خۆڕێكخستنەوە وایكرد شۆڕشی نوێ بەهێزتربێتەوە و خەبات بەردەوام بێ. لەو ساتەوەختدا هاتنی د. جەعفەری شەفیعی و ساعدی وەتەن دۆست، بەهاوكاری دەرمان و یارمەتی ترەوە، ئومێدێكی دیكەی بەشۆڕشی نوێ بەخشی.
لەمێژووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان-دا، ناوی چەندین شۆڕشگێڕ و تێكۆشەری پارچەكانی دیكەی كوردستان هەن، كە لەكات و ساتی زۆر هەستیاردا كۆمەك و هاوكاریی شۆڕشی نوێیان كردووە. لەژمارەی دووی گۆڤاری رێبازی نوێ-دا، نەجمەدین بیوك كایەمان لەباكووری كوردستان بەسەركردەوە. وا ئەمجارەش چیرۆكی هاتنی شۆڕشگێڕێكی دیكەی رۆژهەڵاتی كوردستان دەخەینەڕوو، كە ئەویش دكتۆر جەعفەری شەفیعییە.

دكتۆر جەعفەری شەفیعی كێیە؟
نووسەر و پزیشك و سیاسی، دكتۆر جەعفەر شەفیعی لەساڵی(١٩٥١) لەشاری بۆكانی رۆهەڵاتی كوردستان لەبنەماڵەیەكی ئاینیی و خوێندەوار لەدایكبووە. ساڵی(١٩٧٠) لەبەشی پزیشكی تەبرێز وەرگیراوە و لەوساتەوە بەهۆی خوێندنەوەی ئەدەبیاتی ماركسیزم دەبێتە یەكێك لەچالاكە ماركسیستەكان. ئەمەش وای لێدەكات دوای ماوەیەكی زۆر هەر لەزانكۆی تەبرێز نزیكبێتەوە لەبزووتنەوە چەپەكان و دواتریش دەبێتە ئەندام لە كۆمەڵەی شۆڕشگێڕیی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران.
تەبرێز دەبێتە یەكەم وێستگەی ژیانی سیاسیی جەعفەری شەفیعی و لەژێر كاریگەریی ئایدیۆلۆژیای ماركسیزم و ئاڕاستەی سیاسیی كۆمەڵەدا، زۆر چالاكانە دەست بەكاری رێكخستن و راكێشانی كرێكار و خەڵكانی تر لەچین و توێژە جیاوازەكان بۆ ناو(كۆمەڵە) دەكات. ئەم جموجۆڵەی شەفیعی دوای ماوەیەكی كورت سەرنجی دەزگای ساواك رادەكێشێت و دەكرێتە ئامانج، بۆیە لەساڵی(١٩٧٢) دەستگیر دەكرێ و ماوەی شەش مانگ لەزیندان دەمێنێتەوە.
پیشەی پزیشكی بۆ جەعفەر شەفیعی فاكتەرێكی گرنگ دەبێت بۆ ئەوەی لەهاووڵاتیانی ناوچە جیاوازەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان نزیكبێتەوە و لەو رێگەیەوە كەسانی كارامە و لێهاتوو بهێنێتە ناو رێكخستنەكانی كۆمەڵەوە. ساڵی(١٩٧٨) دكتۆر جەعفەر و ساعدی وەتەن دۆست لەسەر راسپاردەی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕیی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران پەیوەندیی بەیەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و شۆڕشی نوێ دەكەن.
دكتۆر جەعفەر لەگەڵ بەرپابوونی شۆڕشی ئێران لەساڵی(١٩٧٩) دەگەڕێتەوە رۆژهەڵاتی كوردستان و لەمهاباد و سەقز چالاكی سیاسیی بەرفراوان دەستپێدەكات و لەهەمانساڵدا نوێنەری كۆمەڵە دەبێت لە وتووێژەكانی نێوان كورد و حكومەتی نوێی ئێراندا. وێڕای كاری سیاسیی، پەیوەست بەپیشەی پزیشكییەكەیەوە لەبۆكان نەخۆشخانەی گەل دەكاتەوە و دەبێتە ناوەندێك بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ هاووڵاتیان.
لەبواری نووسین و كاری رۆژنامەوانیشدا، دكتۆر جەعفەر كەسێكی بەتوانا و لێهاتوو بوو. ماوەیەكی زۆر دەبێتە سەرنووسەری رادیۆی كۆمەڵە و گۆڤاری پێشڕەو و دەزگای دیكەی راگەیاندن.
بەهۆی لێهاتووییەوە لەكاری سیاسییدا هەر زوو جێگەی خۆی لەناو رێكخستنەكانی كۆمەڵەدا دەكاتەوە و دواجار دەبێتە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی. تەنانەت یەكێك دەبێت لەداڕێژەرانی سیاسەتی كۆمەڵە بۆ خەباتی سیاسیی و چەكداریی. دوای چوونەناو پڕۆسەی هاوسەرگیرییەوە لەگەڵ مەلەكە سوڵتانی، بەماوەیەكی كەم لە(٢٩)ی ئۆكتۆبەری ساڵی(١٩٨٧) بەهۆی رووداوی ئۆتۆمبێلەوە لەڕێگەی بەغدا كۆچی دوایی دەكات. دوای رووداوی گیانلەدەستدانی دكتۆر جەعفەری شەفیعی گومانێكی زۆر لەبەعس دەكرێت كە رووداوەكە جۆرێك بێت لەپیلانێكی پێشوەختە. هەر لەبەر ئەوەش سەرەتا لە چۆخماخ دەینێژن و دواتر لەبەر شێواندنی گۆڕەكەی لەلایەن بەعسەوە دەیهێننەوە بۆ سلێمانی.

پردی پەیوەندی نێوان یەكێتی و كۆمەڵە بوو
مەلەكە سوڵتانی دەڵێ، دكتۆر جەعفەری شەفیعی بەهۆی ئەو رۆڵە گرنگەی كە لەماوەی مانەوەی لەناو شۆڕشی نوێدا گێڕای، وەك پردی پەیوەندیی نێوان یەكێتیی و كۆمەڵە وەسف دەكات. مام جەلال دەڵێ: لەدوای كارەساتی هەكاری دوو رووداو روویاندا، یەكێكیان خۆش و ئەویتریان ناخۆش. خۆشەكە ئەوەبوو"دوو برادەری كوردی ئێران كە پاشان بوون بەسەركردەكانی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕیی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران بەهەستی شۆڕشگێڕانە و جوامێرانە و كوردانەوە خۆیان گەیاندە لای ئێمە، یەكێكیان دكتۆر جەعفەری شەفیعی بوو، ئەوی تریان مامۆستا ساعدی وەتەن دۆست بوو، كە لای ئێمە بە(مامۆستا ئیبراهیم)ناوی دەرچووە. ئەم دوو رۆڵە تێكۆشەرە هاتبوون بۆ لامان و مامۆستا ئیبراهیم لەگەڵ خۆی سێ هەزار دیناریشی هێنا بوو، وەك ئەندازیارێك پاشەكەوتی كردبوو. دكتۆر جەعفەریش داو و دەرمانێكی زۆری هێنا بوو، ئێمە زۆر خۆشحاڵ بووین بەهاتنیان". هاتن و مانەوەی دكتۆر جەعفەر و ساعدی وەتەن دۆست، رۆڵ و كاریگەرییان دەبێت. تەنانەت وای لێ دێت كە لەكۆبوونەوە فراوانەكانیشدا بەشداربن و وتاریان هەبێت. لەكۆبوونەوەی فراوانی كادیرانی كۆمەڵە لەگوندی شێنێی ناوچەی قەڵادزێ‌ لە(3)ی تشرینی دووەمی(1978) جگە لەمام جەلال و دكتۆر مەحمود عوسمان، هەریەك لەدكتۆر جەعفەر شەفیعی و ساعدی وەتەن دۆست محازەرەیان وتەوە و بەشداریشیان لەبەشێكی گفتوگۆكانی ناو كۆبوونەوەكەدا كرد. بەمشێوەیە پەیوەندیی نێوان یەكێتی و كۆمەڵەی شۆڕشگێڕیی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، بەهۆی جەعفەر شەفیعییەوە بەهێزتر بوو.

وتاری مام جەلال لەكاتی شەهیدبوونی دكتۆر جەعفەردا
خوشك و برایانی خۆشەویست

كەم هەبووە لەژیانمدا تووشی هەڵوێستێكی وا ناهەموار و ناخۆش و دڵتەزێن ببم، كە تێیدا نەتوانم هەموو ئەوەی لەدڵمدایە بەرامبەر بەڕۆڵەیەكی قارەمانی كورد بەسەربەستی دەرببڕم. ئەوەش لەبەر هیچ هۆیەكی سیاسیی و ئاڵۆزی وەزعی كوردستان نییە. بگرە لەبەر ئەو هەموو خەم خەفەتەیە كە مەرگی ناوەخت و نابەجێی ئەو رۆڵە قارەمانەی نەتەوەكەمان باراندوویەتی بەسەرماندا.
رۆڵەی قارەمانی میللەتەكەمان كاك دكتۆر جەعفەری شەفیعی تەنها تێكۆشەری یەك پارچەی كوردستان نەبوو. لەكاتێكدا شۆڕشی نوێ لەساتەوەختی لەناوچوون و لەناوبردندا بوو، لەكاتێكدا رژێمی كۆنەپەرستی شا لەپشتەوە خەنجەری ژەهراوی لێدەدا، لەكاتێكدا كۆنەپەرستانی داگیركەری توركیا گەورەترین كارەساتیان بەسەر شۆڕشەكەماندا هێنابوو و رۆژگارێكی گەلێك ناخۆش و تفت و ئاڵۆز رووی كردبووە شۆڕشەكەمان و تێی كەوتبوو. لەو سەردەمەدا شۆڕشەكەمان لەكاتێكدا كە پێویستیی نەك هەر بەنان و دەرمان و فیشەك و چەك هەبوو، بەڵكو پێویستییەكی زۆری بەدڵدانەوە و هاودەردی و هاوخەباتییش هەبوو.
لەوكاتدا دوو رۆڵەی قارەمانی كوردستانی ئێران لەڕۆژێكدا گەیشتنە لای پاشماوەی پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستانی عێراق، كە یەكێكیان ئەو كاك جەعفەری شەهید و قارەمانە بوو، ئەویتریشیان كاك ساعدی وەتەندۆست بوو.
لەوكاتدا ئەوان نەك هەر بەكۆڵێك دەرمانەوە، بگرە بەپێی پێویستییەكانی ئەو سەردەمەی ئێمە بەكۆڵێك یارمەتیشەوە گەیشتنە لامان. هاتنیان بەڕاستی هیوا و ئومێدێكی تازەی بەشۆڕشەكەمان و تێكۆشەرەكانی گەلەكەمان بەخشی.
دكتۆر جەعفەر شەهیدی هەموو كوردستان و شەهیدی هەموو نەتەوەی كوردە. هەر لەبەر ئەوەشە نازانم لەپێشەوە سەرەخۆشی لەكێ بكەم. لەپێشمەرگەكانی هێزی پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان یان لەكۆمەڵەی كوردستانی ئێران بكەم. بگرە باشترە سەرەخۆشی لە هەموویان و لەهەموو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكەین. راستریش ئەوەیە كە لەدەستدانی ئەو رۆڵە قارەمانە بێگومان كەلەبەرێكی گەورە دەخاتە ریزەكانی خەباتی شۆڕشگێڕانە و رەوای كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.
دەبا گیانی پاكی دكتۆر جەعفەریش لەگەڵ گیانی پاكی هەموو قارەمانانی رێگای رزگاری كورد و كوردستان و رێگای رزگاریی گەلانی رۆژهەڵات لەبەهەشتی نەمریدا شاد و دڵنیا بێت، كە رێگەی رزگاریی و رێگەی خەبات لەپێناو دواییهێنان بەهەموو جۆرە چەوسانەوەیەكی ئینسان لەلایەن ئینسان و نەتەوە لایەن نەتەوەكانەوە هەمیشە پڕە لەڕیزی یەكگرتوو و هوشیار و نەبەز و كۆڵنەدەری تێكۆشەرانی گەلان بەگەلی كوردی قارەمانیشەوە.
سەروەریی بۆ دكتۆر جەعفەری نەمر و هەمیشە لەدڵی هەمووماندا، لەدڵی هەموو ئەو كەسانەی ئەویان ناسیوە، لەدڵی هەموو شۆڕشگێڕانی كوردستاندا زیندوو و سەربەرز و بەڕێز و بەحورمەتە.
دووبارە بەناوی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، ئەوپەڕی ناخۆشی و ئەوپەڕی ئەسف و هەستكردن بەخەسارەت دەردەبڕم، كە بەڕاستی كەلێنی كاك جەعفەر كردوویەتییە دڵ و دەروون و ریزەكانمانەوە.
سەروەریی و نەمری بۆ دكتۆر جەعفەری سەربەرز و هوشیار و تێكۆشەر و قارەمان.

* ئەم بابەتە بەسوپاسەوە لەژمارە(4) گۆڤاری رێبازی نوێ وەرگیراوە كە وەرزنامەیەكی فیكری سیاسییەو مەڵبەندی دیراساتی گشتی دەریدەكات.
 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved