ئەیاز هەركی




شـەهیدی نەمر"خالید خەلیل عەفرینی" ساڵی(1946) لەگوندی"باسوتە"ی هۆزی باسوتەی شارۆچكەی عەفرین لەپارێزگای حەلەب لەدایكبووە، قۆناغی ناوەندی لەعەفرین تەواوكردووە.
لەسەرەتای لاوێتیدا پەیوەندیی بەبزوتنەوە سیاسییە كوردییەكانی سوریاوە كردووەو لەسەرەتای ساڵی(1977) خۆی لەناو رێزەكانی پارتی سۆشیالیستی كوردی سوریا بینیوەتەوەو بۆتە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی ئەو پارتە.
بەپێی رێككەوتنێكی نێوان سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و حزبی سۆشیالیستی كوردی سوریا لە(1)ی تەمموزی ساڵی(1977) خالید عەفرینی و كۆمەڵێك كادیر و نیشتمانپەروەریی ئەو حزبە بەسەرۆكایەتی شەهید"عەزیز چەركەس" رۆژئاڤای كوردستانیان بەجێهێشت و لەباكوری كوردستان پەیوەندییان بەشۆڕشی نوێوە كردو مەبەست لەچوونیشیان بۆ ئەوێ. بەشداریكردن و كارئاسانیان بوو بۆ گەیاندنی چەك و تەقەمەنی بەیەكێتی و شۆڕشی نوێ.
ئەو دەستە تێكۆشەرە دۆستی باوەڕپێكراوی سەرۆك"مام جەلال" بوون و تا دوا هەناسە پشتیوان و خەمخۆری شۆڕشی نوێی باشووری كوردستان بوون. شانبەشانی هێزی پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەگیانێكی نیشتمانپەروەرانەوە بەرگرییان لەئیرادەی گەلی كورد دەكرد.
لەمیانەی ئەركەكانیاندا بۆ گەیاندنی چەك و تەقەمەنی بەشۆڕش و بەشدارییان لەخەباتی ئەو پارچەیه‌ی كوردستان. لەڕۆژی(13/10/1977) خالید عەفرینی و مەفرەزەیەكی پارتەكەی و پۆلێك پێشمەرگەی شۆڕشی نوێی یەكێتی بەفەرماندەیی شەهید ملازم"حەسەن خۆشناو" كە ژمارەیان زیاتر له‌(30) پێشمەرگە بوو. لەدەڤەری شەمزینان كەوتنە بۆسەی كەسانی بەكرێگیراوەوەو شەهید خالید لەگەڵ هاوڕێكانی لەڕۆژئاڤای كوردستان"عەزیز چەركەس و حسێن ئەحمەد لە عامووداو ملازم حەسەن خۆشناو.." نۆ پێشمەرگەی یەكێتی بەناحەق شەهید كران.
شەهید خالید تاقانە بووەو(7) خوشكی هەبووەو خاوەنی خێزان و منداڵ بوو. هاوسەرەكەی ناوی"فەریدە محەمەد بەگەر"بوو، كوڕەكانیشی ناویان "خەلیل و محەمەد و سامی و ئەدهەم و ئازاد و زەكی و یەسار)ە.
خاتوو فەریدە دوای(43) ساڵ لەشەهیدبوونی خالید عەفرینی هاوسەری لەساڵی(2020)دا، كۆچی دواییكرد. تائێستاش كوڕەكانی شەهید خالید لەسەر رێبازی باوكیان بەردەوامن و دڵسۆزی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان-ن.


سوود له‌بنەماڵەی شەهید خالید عه‌فرینی لەڕۆژئاڤای كوردستان وه‌رگیراوه بۆ نووسینی ئه‌م ساڵیاده‌‌.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved