ئەیاز هەركی



ساڵی(1976) كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان شۆڕشی نوێی بەرپاكردەوە، هاوكات پەیوەندیكرد بەهەندێك لەلایەنە كوردییەكانی رۆژئاڤای كوردستانەوە بۆ هاوكاری و بەشداریكردنیان لەشۆڕشەكەدا، ژمارەیەك لەكوردپەروەرانی رۆژئاڤای كوردستان بەشانازییەوە وەڵامی بانگەوازەكەی یەكێتیاندایەوە، بەتایبەت پارتی سۆسیالیستی كوردی سوریا كە دواتر ناوەكەی گۆڕا بۆ پارتی چەپی دیموكراتی كورد..
لەو چوارچێوەیەدا، لە(1/7/1977) دوانزە گەنجی كوردپەروەری رۆژئاڤای كوردستان كە ئەندامی پارتی سۆسیالیستی كورد لە سووریا بوون، بەفەرماندەیی هەڤاڵ عەزیز چەركەس لە قامیشلۆوە بەرەو باكوری كوردستان بەڕێكەوتن بۆ ئەوەی بچنە ناو هێزی شۆڕشی نوێ بەمەبەستی هاوكاری لۆجستی و گەیاندنی چەك و تەقەمەنی بەشۆڕشەكە.
لەمڕووەوە هەڤاڵێك لە پارتی چەپی دیموكراتی كوردی لەڕۆژئاڤای كوردستان، وتی:
"گروپێكی حزبەكەمان بەسەرۆكایەتی هەڤاڵی شەهید عەزیز چەركەس، بەپێ كەوتنەڕێ بەرەو باكور(10) رۆژیان پێچوو تا گەیشتبوونە ناو هێزی پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان. هەڤاڵەكانمان وەك مەفرەزەكانی یەكێتی دەستیانكرد به‌گەیاندنی پەیامی شۆڕش و چالاكی، بەڵام بەداخەوە رۆژی(13/10/1977) لەگەڵ مەفرەزەیەكی یەكێتی بەفەرماندەیی ملازم حەسەن خۆشناو لەدەوروبەری گوندی كفری-ی باكوری كوردستان كەوتنە بۆسەی قیادە مۆقەتە"پارتى"و خێڵەكانی ناوچەكە وەك خێڵی(گۆی) كە زیاتر لەدووسەد كەس بوون، لەئەنجامدا عەزیز چەركەس و دوو هەڤاڵی تر و لەهەڤاڵانی یەكێتیش ملازم حەسەن خۆشناو و(9)  پێشمەرگەی تر شەهید بوون، ئەوانەی تر لەهەڤاڵانی ئێمە مستەفا خوخێ، چەند پێشمەرگەیەكی تری یەكێتی بەدیلگیران و دوای شەش مانگ ئازاد كران، دەستبەسەر بڕێكی زۆر تەقەمەنی و چەندین پارچە چەكی قورسی وەك دۆشكەدا، گیرا."

كورتەی ژیاننامەكەی

شەهید، عەزیز ئیبراهیم عەبدولحەمید، ناسراو بە عەزیز چەركەس. ساڵی(1947) لەهۆزی حەسەنان لە عاموودای ‌رۆژئاڤای كوردستان لە دایكبووە، خاوەنی بڕوانامەی بەكالۆریۆس بووه لەزانكۆی شاری حەسەكە‌، لەدوای خۆی چوار كچی بەجێهێشتووە بەناوەكانی"رۆژین، هێلین، شرین، نۆشین" و هاوسەرەكەشی ناوی"تاریا"یە.
ساڵی(1976) پەیوەندیكردووە بەپارتی سۆسیالیستی كوردی سوریاوەو بۆتە ئەندامی مەكتەبی سیاسی، رۆشنبیر و سیاسییەكی كاریگەربوو. ساڵێك لەلایەن رژێمی سوریاوە زیندانی كراوە. ساڵی(1971) ئەركی رێكخستنی خوێندكارانی كورد لەسوریاو رۆژئاڤای كوردستانی لەئەستۆ بووەو ساڵی(1977) پەیوەندی بەهێزی پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و شۆڕشی نوێوە كردووە. یەكێكبوو لەو سەركردە كوردانەی رۆژئاڤای كوردستان كە هەر زوو پشتیوانی لەیەكێتی و شۆڕشی نوێ كردو دەستی هاوكاری بۆ درێژكردن.
سڵاو لەگیانى شەهیدان و شەهیدانى دەستى خیانەت عەزیز چەركەس و هاوڕێكانی.
 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved