حــــــەیدەر مەنتک




هاشم گیان لەکوێیی خەبات و بەرخودان و تێکۆشانت دەستپێبکەم، قۆناغەکانى ژیانى تۆ ئەوەندە هەورازو نشێوى وایتێکەوتووە، بەتەنها هەر تۆی بەئیرادە و نیشتمانى توانیویەتى بەرگە بگرێ، هەمیشە ویستووتە سوود لەهەموو ئامرازەکانى بەردەستى پێشمەرگە وەربگرى بۆئەوەى میللەتەکەت و یەکێتییەکەت سەربخەیت، بەدەستێکت چەک و بەدەستەکەى ترت داهێنانت لەجیهازە راکاڵەکەى بەردەستدا دەکرد.
تۆجارێک ئاوارەى ئێران بوویت لەپاش نسکۆ، لەگەڵ خانەوادەکەت جارێک ئاوارەى خوارى بەغدابوویت لەسەر شۆڕش، جارێک(14) مانگ پارتیزان جگە لەئێوە کەسى تر نەمابوو تەنانەت چۆلەکەو کۆترو ریشۆڵەکانیش لەئێوە یاخیبوون، جارێکیتریش ئاوارەبوون لەقۆناغى شۆڕشى نوێ لەدواى پارتیزان.
جارێکیش بۆ بادینان دواجاریش بێ سەروشوێنکردن لەشوێن و شارو مەفتەنى باب و باپیران، بەڵام ونبوونێک وەڵامەکەى(20) ساڵەدەست ناکەوێ هاشم گیان. تۆ فەرماندەیەکى ئازاو چاونەترس و قارەمان بوویت هەرگیز لەمەرگ نەترسای، هەرگیز لەئاست گولە خۆت نەوى نەکردووە! لەژیانى پێشمەرگایەتى بەشدارى دەیان شەڕو نەبەردى گەورەت کردووە، کەسیش ناتوانێ کوردایەتیت پێ بفرۆشێتەوە، چونکە خۆت بەخاوەنى شۆڕش و کوردایەتى زانیوە .
بەڵام بەداخەوە نەیارانى ئازادى نەیارانى خۆشگوزەرانى چاویان بەئازایەتییەکەت، بەدڵسۆزییەکەت، بەمەردایەتییەکەت هەڵنەهات. لەڕۆژێکى شومى وەک(31)ى ئابى(1996) خەونە گڵاوەکانیان بەونبوونى تۆو سەدانى تریان شەهید کرد، بەڵام ئەوان نەیانتوانى دەنگى ئازاد کپ بکەن، راستییەکان بشێوێنن.
هەڤاڵ جەلال ئیلنجاغى فەرماندەى دێرین و پارتیزان دەربارەى هاشم جیهاز دەڵێت :
"ئەى شەهیدى بێسەروشوێن
رەنگى ئاسۆت کردۆتە خوێن
لەڕەفتارو هەڵسوکەوت هێدى و هێمن
لەسەنگەردا خۆراگڕو قارەمان و دوژمن بەزێن.."
شەهید هاشم جیهاز فەرماندەیەکى دڵسۆزو ئازابوو، لەڕووى سەربازى و پارتیزانى بەئەزموون و پشوودرێژ بوو لەکاتى تەنگانەدا ورەو بڕواى لێ دەبارى هەمیشە هیوا بەخشبوو.
لەناو جەماوەردا خۆشەویستبوو، چونکە مرۆڤێکى بەحورمەت بوو پاک و رەوشت بەرزبوو، خاوەن هەڵوێستێکى بەرزبوو، دژى خۆدەرخستن و خۆهەڵکێشان بوو، بەکردەوە سەلماندبووى جێگاى متمانەو بڕوابوو، لەناو هاوڕێ و هاوسەنگەرانى بەوکارە جوانانەى تابڵێ خۆشەویست و ئازابوو. هەزار رەحمەتت لێبێت ئەى فەرماندە قارەمانەکەى شاخ و شار.

ژیاننامەى شەهید هاشم جیهاز:
ناوى تەواوى هاشم عومەر عوسمان وەسمان، ناسراو بەهاشمى جیهاز، ساڵى(١٩٦٠) لەگوندى دۆنگزاوا- بنارى سەرى رەش- ناحیەى مەسیف- پاریزگاى هەولێر لەدایکبووە، لەعەشرەتى خۆشناو بووە، لەبەر هەژارى و پەیوەندیکردنى بەشۆڕشەوە نەیتوانیوە خوێندن تەواو بکاو تا قۆناغى سەرەتایی خوێندووە. خێزانداربووەو ساڵى(1978) شەهید هاشم ژیانى هاوسەرى پێکدێنێ و بووەتە خاوەنى چوار منداڵ بەناوەکانى هەژارو هاناو هاژەو هاوکار. لەدواى نسکۆى شۆڕشى ئەیلول بەهۆى ئەوەى باوکى شەهید هاشم بێشمەرگە بووە خانەوادەکەیان رەوانەى خواروى عێراق دەکرێن لەدیوانە دەگیرسێنەوە.
ساڵى(1978) پەیوەندى بەرێکخستنەوە دەکاو ساڵى(1980) دەبێتە سەربازى عێراقى و دەچێتە خولى فێربوونى جیهاز و دەکرێتە عەدد جیهاز. لەکۆتایی مانگى(12)ى ساڵى(1981) لەزەڵێ  دەبێتە پێشمەرگە، ساڵى(1982) دەگوازرێتەوە بۆ کۆمیتەى سەرکردایەتى هەولێر، ساڵى(1983) دەگوازرێتەوە تیپى مەڵبەند بەعەدد جیهاز، ساڵى(1984) دەگوازرێتەوە تیپى(86)ى دەشتى هەولێر بەعەدد جیهاز، ساڵى(1985) بۆ ماوەیەکى کەم دەگوازرێتەوە تیپى(85)ى بەڕانەتى.
لەکۆتایی ساڵى(1985) دەگوازرێتەوە تیپى(87)ى قەرەچوغ هەر بەعەدد جیهاز، ساڵى(1987) بەفەرماندەى کەرت رەوانەى بادینان کرا لەگەڵ رەتڵى رائید جەلال، لەشاخ پلەکانى فەرماندەى مەفرەزەو فەرماندەى جێگرى کەرت و فەرماندەى کەرتى بڕیوە. ساڵى(1988) کە هێزەکانى پێشمەرگە کشانەوە سەرسنوورەکان شەهید هاشم و ژمارەیەک فەرماندەو پێشمەرگە لەسنوورى هەولێر بەپارتیزانى بۆماوەى(14) مانگ مانەوە. ناوبراو لەماوەى پارتیزانى جێگرى رەتڵى قەرەچوغ بوو واتە جێگرى کاک بێستوون خدر بوو، ساڵى (1990) بۆجارى دووەم ژیانى هاوسەرى پێکهێناوەتەوە نیشتەجێ شارى مهاباد بووە لەئێران، ساڵى(1991) بەشدارى کاریگەرى هەبووە لەڕاپەرین و رزگارکردنى شارى هەولێرو کەرکوکى قودسى کوردستان .
ساڵى(1992) فەرماندەى بەتالیۆن بووە لەهێزى(11)ى سەفین، لەتەشکیلاتى قیادەى مەنتیقەى هەولێر کراوە بەجێگرى فەوج ـ ئەوکات خدرسوارە فەرماندەى فەوج بووە. ماوەیەک فەرماندەى تیپى بەڕانەتى بووە، دوا پلەى ئەندامى لەشکرى(18)ى بەڕانەتى بووە. مەدالیاى زێڕینى پارتیزانى پێشمەرگایەتى لەهەڤاڵ مام جەلال وەرگرتووە، بەداخەوە ئەم فەرماندە قارەمان و بەئەزموونە لە(31)ى ئابى(1996) لەناو شارى هەولێر شوێن بزر دەکرێ.
درود بۆ گیانى شەهیدان و گیانە هەرگیزنەبەزیوەکەى هاشمى جیهاز.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved