یادت بەرزو پیرۆزبێت کاک ئازاد هەورامی جوان وجوامێر
سەرکردەی خاکی دڵسۆزی خەڵک و خاک
شەریف کەشکۆڵ
یادگارییەکی پڕ بەهاو زێڕین لەتەک شەهیدی جوان و جوامێر شەهید ئازاد هەورامی، ئەوێ رۆژێ گیرفان و سەروەت و سامانی سەرکردەکان و پێشمەرگە یەکێکبوو، بەرپرسەکان بەسەیرکردنێک دڵ و دەروونی پێشمەرگەیان دەخوێندەوە کاتێ دەڵێم بەرپرس لەڕاستیدا وەک خاڵ و مام و برای گەورەبوون بۆمان شەرم و گوێڕایەڵیمان زیاتر وەک خێزانێکی گەورەبوو.
ئەوێ رۆژێ دەورەیەکی سەربازی لەمالیمۆسی نزیک گوندی کانی زەردی رۆژهەڵات کرایەوە بۆ پێشمەرگە، زۆرینەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ناوەندی کۆمەڵە سەریان دەدان و زۆرجاریش بابەتی سیاسیان باسدەکرد بۆیان .
رۆژێک کاک مەلا بەختیار و شەهید ئازاد هەورامی چوون بۆ ئەوێ، بەندە حیمایەی کاک مەلا بەختیار بووم، لەگەڕانەوەدا لەبازاڕەکەی قاسمەڕەش لاماندا سەیری دوکانەکانمان کرد راستر ئەوەیە بڵێم ئەو خێمەو کەپرانەی کە کرابوونە دوکان .
شەهید ئازاد پێی سەیربوو من دوورنەدەکەوتمەوە لێیان و سەوای هیچیشم نەدەکرد بەبزیەکی شیرینی خۆی ئاسا وتی:
"شەریف چییە هیچ ئەملاولا ناکەیت.."
کاک بەختیار وتی:
"دیارە موفلیسە.."
ناهەقی نەبوو جاران مانگی جارێک گەر هەبایە پێنج دینارێکیان ئەداینێ بۆ مەسرەف، بیرم یارمەتیم بدات جارێکیان کاک بەختیار دەمانچەی بەرقەدی خۆی فرۆشت بۆ ئازوقەی مەقەر لەنۆکان .
دوورنەکەومەوە لەباسەکە شەهید ئازاد تازە لەماڵەوە پارەیان بۆ ناردبوو(١٠) دینارییەکی ئەبوو ریشی دامێ جا خۆ نامەوێت و نابێ نییە هەر خێرا وەرمگرت دوورکەوتمەوە لێیان و هەندێک جگەرەم لێکڕی بیرم مابێت جووتێ پێڵاویش .
کە چووینەوە تووژەڵە حەیدەر بانگی کردم وتی:
"وەرە ئەو زەرفە چییە.."
وتم:
"جگەرە.."
دەیزانی من پارەی ئەوەم پێ نەبوو یەکسەر وتی مردوت مرێ بەکێت کڕی وتم وەڵا کاک ئازاد(١٠) دەیناری ئەبوو ریشی داومەتێ خوا کەریمە تا جارێکی دی .هەزار خۆزگە بەو رۆژانە هەزاران داخ بۆ شەهیدبوونی ئەو سەرکردە جوان و جوامێرە.
بابەتی زیاتر