ژیاننامهی شههید
شەهیدى سەرکردە"ئازاد هەورامی" ناوی تەواوی"ئازاد عەبدولمەجید غەففار"ە، ساڵی(1954) لەخێزانێكی كرێكار لەشاری كەركوك لەدایكبووە، لەناو ستەمە چینایەتی و نەتەوایەتییەكاندا ئاسۆی بیركردنەوەو جیهانبینی فراوان بووە، بۆیە هەر لەسەردەمی هەرزەكارییدا یەكێكبووە لەخوێندكارە هەڵكەوتووەكان و زوو تێكەڵاوی سیاسەت و كوردایەتی بووە.
ساڵی(1972) پەیوەندیكردووە بەڕیزەكانی"كۆمەڵه"وەو لەئەڵقە رۆشنبیرییەكاندا خۆی پێگەیاندووە. ساڵی(1974) وەك پێشمەرگە بەشداریكردووە لەبزووتنەوە چەكدارییەكەی خەڵكی كوردستان.
ساڵی(1975) پاش زیندانیكردنی شەهید شیهاب و هاوڕێكانی ئەركی رێكخستنەوەی ریزەكانی"كۆمەڵه"ی كەوتۆتە ئەستۆ، ئەم تێكۆشەرە لەگەڵ شەهید "ئارام"دا، رۆڵێكی گرنگی بینی لەسەركردایەتیكردنی ناوەوەی ئەو رێكخراوەدا. ساڵی(1976) روویكردۆتە شاخ و سەرپەرشتی مەفرەزە سەرەتاییەكانی كردووە.
ساڵی(1978) لهكارەساتی"هەكاری"دا، بەدیلگیراو ساڵی(1979) توانی خۆی دەرباز بكاو پەیوەندی بكاتەوە بەهاوڕێكانییەوە. ئەم تێكۆشەرە رۆشنبیرو راستگۆو خۆنەویستە، هەموو سیفەت و خەسڵەتەكانی سەركردەی شۆڕشگێڕی تیاكۆببووەوە، بۆیە لهكۆنفرانسەكانی كۆمەڵەدا بهئەندامی ناوەندی و لهكۆنفرانسەكانی یەكێتیدا بەئەندامی سەركردایەتی هەڵبژێردرا، شەهید ئازاد هەورامی لهزۆربەی ناوچەكانی كوردستاندا وەك پێشمەرگەو لێپرسراوی سیاسی خزمەتیكردووەو هەمیشە جێگەی رێزی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و هەڤاڵانی پێشمەرگە بووە. ئازاد هەورامی سەركردە، ئەدەب دۆستێكی شارەزاو مۆسیقارێكی لێهاتووش بوو، لەناو هونەرمەندان و ئەدیبان و شاعیراندا جێگەیەكی تایبەتی هەبوو.
شەهید ئازاد لهئەنفالەكاندا سەرپەرشتیكردنی شەڕگەی دۆڵی باڵەییان-ی پێسپێردراو ئەركەكانی بەسەركەوتوویی ئەنجامدا. لهگەرمەی جێبەجێكردنی ئەو ئەركانەدا لهكۆتایی مانگی ئابی ساڵی(1988)دا، لەبناری قەندیل بهبۆردومانی رژێمی داگیركەر برینداركراو بەو برینەش شەوی(31ی ئابی ساڵی 1988) گەیشتە كاروانی نەمران. سەبارەت بەچۆنێتی شەهیدبوونی ئازاد هەورامی خاتوو "شنۆ شاسوار"ی هاوسەرو هاوسەنگەری دەڵێت:
"ئێوارەی 1988/8/30 بڕیاردرا ئازادو هێزەكەی بكشێنەوە بۆ شێخ ئایشێ، لەوكاتەدا گوێمان له دەنگی كۆپتەر بوو، ئازاد بەگاڵتە بۆئەوەى پێشمەرگەکان نەپەشۆکێن پێیووتن: هەركەسێ كۆپتەرێك بخاتەخوارەوە كچێكی هەورامی بۆ دەخوازم. پێشمەرگەكانی خستبووە پێكەنین، لەشاخەكەدا تەنیا پەناگەیەكی لێ بوو، جیهازە راكاڵەكەی لێ دانرابوو، دوو كۆپتەرمان لەسەر ئاسمانی كونەكۆتر بینی، بەخێرایی تێدەپەڕین، جارێکیتر گەڕانەوەو لەوكاتەدا لەگەڵ ئازاد پێكەوە وەستابووین(20-30سم لەنێوانماندابوو، كۆپتەرەكان بەڕاجیمە ئەو شوێنەی ئێمەیان داگرتەوە، ئازاد لەناو تەپوتۆزدا ون بوو، پڕ بەگەروم هاوارم كرد... ئازاد... ئازاد... گوێم لەدەنگێ بوو، بەكزییەوە وتی: ئازاد تەواو. هاوارم كرد ئازاد پێكرا.
كاك عومەرو كاك كۆسرەت و دوكتۆر هێمن و دوكتۆر جەلال و پێشمەرگەكان گەیشتنەلای، پێڵاوە ئەدیداسەكانی دڕابوو، پەنجەكانی پێكرابوون، دەستی چەپی وردو خاش بووبوو، وتی: كاك عومەر ئیتر لەمەودوا ناتوانم گیتار بژەنم.
من خۆشم برینداربووم، خوێن لەپشتی گوێم دەهات، بەڵام لەبەر ئازاد قسەم نەدەكرد، لەوكاتەدا ئازاد رووی كردە كاك عومەرو كاك كۆسرەت وتی: لهپێشمەرگایەتیدا كوڕی خەڵك زۆر شەهیدكراون، با ئیتر نۆرەی ئێمەش بێت. دواتر بەسواری وڵاخێك بەرەو قەندیل بەڕێیانكردین، لهكاتی سەركەوتندا، لهڕێگا گابەردێك هاتە بەردەممان، یەكێك له پێشمەرگەكان وتی: هاوڕێ شنۆ با لەو رێگایەوە بڕۆین. منیش وتم: نا من لەگەڵ ئازاد دەڕۆم، بەجێیناهێڵم. لەوكاتەدا بزەیەك كەوتەسەر لێوە وشكهەڵاتووەكانی ئازاد.
دنیا بەرەو تاریكی ملینا، سەرما تینی بۆ هێناین، جامانەكەی ملم كردەوەو له سەری ئازادم پێچا، هەرچەندە زۆر سەرمام بوو، لەڕێگا چەند جارێك ناوی شەوبۆ و شیرین-ی هێنا.
دەستە دەستە پێشمەرگەكانی ئەو دەوروبەرە، هەر كه هەواڵەكەیان زانی بوو، خۆیان دەگەیاندە لامان. هەریەكەیان بەجۆرێك دڵتەنگی خۆی دەردەبڕی. لەسەر "گویت سوێ" پشوویەكماندا، نانیان خوارد، من نانم بۆ نەخورا، ئازاد وتی: شنۆ پاروویەك نان بخۆ، با وزەیەكت تیا بێت، بتوانیت رێ بكەیت. دواتر بەڕێكەوتین، دەبوایە بهلاپاڵی چیاكەوە داگەڕێین، بۆ ناو دۆڵەكە، لهبەرزاییەكەدا دوكتۆر هێمن وتی: هاوڕێ شنۆ مەترسە، تەنیا ئێسكی گرتووه. لەڕێگا وتم: دوكتۆر هێمن شوێنەكەی ئازاد خراپ نییە؟ لەوكاتەدا وتم: ئازاد.. ئازاد. وەڵام نەبوو، وتم: دوكتۆر هێمن بۆ ئازاد وەڵام ناداتەوە. ئەویش بانگی كرد وتی: كاك ئازاد، کاک ئازاد. وەڵام نەبوو، بەتووڕەییەوە بهپێشمەرگەكانی وت: دایگرن.! هێستریاكە جارێكی تر گرتمیەوە، لەبەرخۆمەوە دەموت چییە؟ چییە؟ دەمزانی ئازاد دواهەناسەی سپاردووە، بەڵام نەمدەتوانی بڕوابكەم، پڕ بەو چیاو دۆڵە هاوارم كرد ئازاد... ئازاد. كاتێك بەهۆش خۆم هاتمەوه. لەسەقز بووم. تەرمەكەی شەهید ئازادیان لەسەر راسپاردەی خۆی گواستەوە بۆ "سەكران" لەوێ بە خاكیان سپارد".
كاك كۆسرەت-یش دەربارەی دواساتەكانی شەهیدبوونی كاك ئازاد دەڵێت:
"ئەو رۆژە یەكێكبوو لەڕۆژە ناخۆشەكانی ژیانم. شەهید ئازاد هەورامی یەكێكبوو لەسەركردە دیارو لاوەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان. مرۆڤێكی هەست ناسك، هونەرمەند، نووسەرو سیاسەتمەدار بوو، شەهیدبوونی زیانێكی گەورە بوو لەیەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كەوت. من لەساڵی1982 شەهید ئازادم ناسی، ئەو سەردەمە لەنێوزەنگ بوو. تابڵێیت مرۆڤێكی قسەخۆش و خۆشەویست بوو لەناو شۆڕش و پێشمەرگەدا. ئێمە لەساڵی1988 لەمەڵبەندی سێ بووین، كە پاش هەموو مەڵبەندەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەبڕیاری مەكتەبی سیاسی لەشەوی 28/29-8-1988 بۆ سەر سنوور كشاینەوە لەبناری قەندیل. شەهید ئازاد لێپرسراوی مەڵبەندی چوار بوو. بەسەردان گەڕابووەوە بارەگای مەكتەبی سیاسی و كە شەڕ لەقۆڵی دۆڵی باڵەییان دەستیپێكرد شەهید ئازادیان وەك لێپرسراو ناردبووە ئەو بەرەیە، بەڵام كە ئێمە كشاینەوە بۆ دۆڵی باڵەییان بەرەكەمان لەشەهید ئازاد وەرگرت. من و كاك ملازم عومەر پێكەوە سەرپەرشتیی بەرەكەمان دەكرد.
رۆژی1988/8/30 خەریكی كۆكردنەوەی بارەگاكانی شەهید ئازاد هەورامی بووین تا بگەڕێتەوە لای مەكتەبی سیاسی، لەناكاو چەند هێلیكۆپتەرێكی رژێمی بەعس هاتن قەسفی بەرەكەیان كرد. شەهید ئازاد لەگەڵ شنۆخان-ی هاوسەری بۆ خۆپاراستن لەقەسفەكە چوونە بن شاخێكی ئەو دەوروبەرەو منیش لەگەڵ پێشمەرگەكان لەسەر كانیاوەكە كە شوێنی نانخواردنمان بوو، وەستا بووین. قەسفەكە هێندەی نەبردو شنۆخان هاواریكردو وتی: ئازاد بریندار بوو. منیش یەكسەر چووم. كە گەیشتمە لای، بینیم هەردوو قاچی لەپشتی بەخوارەوە زۆر بەسەختی بریندار بووبوو. لەم كاتەدا كاك ملازم عومەریش دیار نەبوو، لەبەر ئەوە زۆر ترسام و وامزانی ئەویش شەهید بووە، بەڵام پاشان هاتەوە. ئەمجا دكتۆرەكانمان بانگكرد. دكتۆر شەهید هێمن و دكتۆر جەلال هێندەی بۆیانكرا چارەسەریان كردو لەنێو خۆیاندا قسەیان لەگەڵ یەكتر بەئینگلیزی دەكرد؛ شەهید ئازاد وتی: من ئینگلیزی دەزانم، بەكوردی قسە بكەن. پاشان من و كاك شێخ جەعفەرو كاك رەهبەر هەریەكەمان بتڵێك خوێنمان پێداو رەوانەمان كرد بۆ شێخ ئایش و لەوێوە بۆ ئێران. پێش ئەوەی بڕوات، داوای كرد من و كاك ملازم عومەر بەتەنها قسەی لەگەڵدا بكەین، وەسیەتی كردو منیش وتم: كاك ئازاد هیچ نییە ئینشاڵڵا سەلامەت دەبیت! وتی: كەس بەوەسیەت نەمردووە. قسەكانی بۆ ئێمە كرد. بەڕاستی رۆژێكی ناخۆشبوو لەژیانمدا كە كاك ئازادم وابینی و برینەكەی شوێنی حەساسی نەگرتبوو، بەڵام لوولەی ئێسكی رانی شكابوو مۆخ و چەوریی ناو رانی لەگەڵ خوێنی تێكەڵاو ببوو، هەر ئەوەش بووەهۆی شەهیدبوونی لەڕۆژی1988/8/31 لە شێخ ئایش.
پێش ئەوەی رەوانە بكرێت سروودی "رێی خەباتمان"ی دەوت. ئەو رۆژە یەكێكبوو لەڕۆژە ناخۆشەكانی ژیانم؟".
بابەتی زیاتر