ئیسماعیل مەحمود
كاتێك باسی ژیانی شەهید سەڵاحی موهەندیس دەكەین، وا تێدەگەین كە هەموو ژیانی پێشمەرگایەتی بووە، ئەمەش لەبەر قارەمانێتی و لەخۆبوردوویی و گیانفیدایی شەهید سەڵاح، كەم كەس ئەوە دەزانێت كە شەهیدی گیان بەختكردوو، پێش ئەوەی ژیانی پێشمەرگایەتی هەڵبژێرێت، خوێندكارێكی چالاك و زیرەك و ئەندازیار و وەرزشكاریش بووە و لەسەردەمی لاوێتیدا یاریزانێكی باشی تۆپی پێ بووە.
شەهیدی نەمر سەڵاحی موهەندیس ساڵی(١٩٥٤) لەگەڕەكی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایكبووە، سەرجەم قۆناغەكانی خوێندنی سەركەوتووانە وەك خوێندكارێكی زرنگ بڕیوە، ساڵی(١٩٧٢) لەكۆڵێجی میكانیكی زانكۆی تەكنۆلۆجی بەغدا وەرگیراوە و سەركەوتووانە ساڵی(١٩٧٦) ئەم قۆناغەی خوێندنیشی تەواو كردووە.
لەژیانی پێشمەرگایەتیشدا، ساڵی(١٩٧٨) پەیوەندیی بەڕیزەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە دەكات، ساڵی(١٩٨٠) لەبەرقارەمانێتیی و لێهاتوویی دەبێتە جێگری فەرماندەی هەرێمی(٩)ی بەمۆ، پاش هەڵوەشاندنەوەی هەرێمەكان و كاتێك تیپەكان دادەمەزرێن، دەبێتە فەرماندەی تیپی(٤٧)ی پیرەمەگرون تا رۆژی شەهیدبوونی كە لەشەڕێكی قارەمانانەدا لەگەڵ لەشكری ئیسلامی لەدۆڵی جافەتی(٢٥/٧/١٩٨١) شەهید دەبێت.
لەژیانی وەرزشیشدا كاتێك خوێندكاری ناوەندی و ئامادەیی و پاشانیش كە لەزانكۆی تەكنۆلۆجی بەغداش وەردەگیرێت، لەگەڵ چەند تیپێكی میللی شاری سلێمانی یاریی تۆپی پێی كردووە و یاریزانێكی باشبووە، تا دەگاتە ئەو ئاستەی دەبێتە یاریزانی تیپی ئاری شاری سلێمانی. كۆتایی ساڵانی شەستەكان و ساڵانی حەفتاكان تیپی ئاری یەكێكبووە لەتیپە بەهێز و ناودارەكانی شاری سلێمانی، چەندین یاریزانی ناوداری ئەوسای یانەی سلێمانی و هەڵبژاردەی سلێمانی یارییان بۆ كردووە، لەوانە خوالێخۆشبوو مامۆستا عەلی لەتیف و تاهیر لەتیف و د. زاهیر لەتیف كە هەردوكیان برای مامۆستا عەلی بوون، لەگەڵ ئەمانیشدا چەندین یاریزانی تری یانە و هەڵبژاردەی سلێمانی لەم تیپەدا یارییان كردووە و شەهید سەڵاحی موهەندیسیش یەكێكبووە لەیاریزانەكانی ئەم تیپە.
وەرزشكاری دێرینی سلێمانی تاهیر لەتیف(ناسراو بەتالە خڕە) لە پەڕەی خۆی لە فەیسبووك ئەم وێنەیەی بڵاوكردۆتەوە و باسی ئەوە دەكات؛ تیپی ئاری بۆ ئەنجامدانی یارییەكی دۆستانە رۆژی(٧/١٢/١٩٦٩) سەردانی كەركوكیان كردووە و یارییەكیان لەگەڵ تیپی خلودی شاری كەركوك كردووە، پێش یارییەكە ئەم وێنەیەیان گرتووە كە چەند یاریزانێكی تیپی ئاری بوون بۆ ئەو یارییە چوون بۆ كەركوك. هەرخۆیشی ناوی یاریزانانی تیپەكەشی نووسیوە كە لەڕاستەوە بۆ چەپ بریتین لە(مامۆستا عەبدوڵڵا برای شەهید مام ئاراس، سدقی محەمەد ئەمین، د. هەوراز، شەهید سەڵاحی موهەندیس، تاهیر لەتیف).
لەكۆتاییدا لەساڵڕۆژی شەهیدبوونی شەهید سەڵاحی موهەندیسی پێشمەرگە و كەسایەتی شار و وەرزشكاردا، هەزاران سڵاو لەگیانی پاكی بێت و یادی بەخێربێت.
بابەتی زیاتر