بۆ یەکەمجار و دواى ٤٥ ساڵ چاوپێکەوتنمان لەگەڵ یەکێک لەکوڕەکانى"دیوانە مەجید" رەمزى خۆپیشاندان و راپەڕینەکەى پێنجوێنى ساڵى ١٩٨٠ کرد بەناوى"محەمەد مەجید"سەرەڕاى تێپەڕبوونى ئەوەندەساڵ بەسەر ئەو راپەڕینەدا، بەڵام سوێی ئازارەکانى بێباوکى و شەهیدکردنى بەوشێوە دڕندانەیە هێشتا لەدڵى دایکیان و ئەم و هەردوو براکەیدا ماوە..
چاوپێکەوتن: ئارام حسێن
* رووداو کارەساتێکى دڵتەزێن بوو ئابەوشێوەیە دێوانە مەجیدى باوکتان شەهیدبوو، دواى ٤٥ ساڵ بەسەر ئەو خۆپیشاندان و راپەڕین و کارەساتەدا دەڵێی چی؟
- راستە من کوڕە گەورە بووم، بەڵام زۆرشتم بیرنییەو تەمەنم ٦ ساڵ بووە، بەڵام لەزمانى دایک و خزم و کەسوکارو ئەو شاهیدحاڵانەى بەشداریى ئەو خۆپیشاندان و راپەڕینەیان کردووە، وەکو ئەوە وایە لەوکاتەدا تەمەنم گەورەبووبێ و بەشداریى خۆپیشاندانەکەشم کردبێ. بەحەق زوڵمێکى گەورەبووە هەم لەباوکى ئێمەو هەم لە میللەتەکەش.
باوکى من دێوانە مەجید کەسێکى بێوەیی و هەمیشە ویستوویەتى بەڕەنجى شانى خۆى منداڵەکانى بەخێوبکات، بەراستى هەرلەوپێناوەشدا گیانى خۆى بەخشى، حزبی بەعسى حوکمڕان ئەگەر مرۆڤ کوژ نەبوایە بۆچى کەسێکى بێ چەک و کاسب ئابەوشێوەیە شەهید دەکات.
* وەک باسدەکرێ و بەڵگەنامەکانیش پشتڕاستى دەکەنەوە تکاى ئەوەى لەسەربازەکان کردووە کە دەستگیریى نەکەن لەبەرئەوەى ئاگاى لەهیچ نییە؟
- بەڵێ باوکم شوانى گاگەل بووە و وەکو وتم لەو رێیەوە بژێویی ژیانى دابینکردووە، کاتێکیش پێشمەرگەیەک لەو دەشتە سڵاویان لێ دەکاو پرسیاری ئەوەیان لێ دەکات لەکوێوە بچێت بەرەو شارباژێڕ، هەرئەوەندەیان پێووتووە ئەوە رێگاکەیە، ئەگەر سەربازەکانیش ئەو پرسیارەیان لێ بکردایە رێگاکەی نیشاندەدان، لەکوردەواریدا ئەوە بەچاکە حساب دەکرێ رێگاى راست نیشانى کەسى نەشارەزا بدەیت. بەڵێ تکاى ئەوەى لێ کردوون کە نەیبەن و دەستگیرى نەکەن، بەڵام ئەوان بردوویانەو ئامۆزایەکمان کە ئەوکات تەمەنى(٩) ساڵێک بووەو لەگەڵ باوکمدابووە ئازارى ئەویش دەدەن، بەڵام ئەو دەستگیرناکەن و بەپەلە دەگەڕێتەوە بۆناوشار و هەواڵەکە بەکەسوکار و خەڵکى پێنجوێن دەدات، دیارە پێنجوێن ئەو سەردەمە زۆر گەورە نەبووەو زۆرێک لەخەڵک بەو هەواڵەیان زانیوە.
* سەربارى ئەوەى کەهیچ خەتایەکى ئەوى تیانەبووە، بەڵام دەستگیریى دەکەن و زوڵمەکە لەوشوێنەدا گەورەدەبێ کە بەشێوەیەکى زۆر ناڤرۆڤانە شەهیدى دەکەن و جەستەى دەشێوێنن؟
- کاتێک کە دەیبەن بۆ سەربازگەکە زۆر دڕندانە ئەشکەنجەى دەدەن! ئاخر پیاوێک شوانى گاگەل بێ و بەتەنها گۆچانێکى پێ بێ و هیچ دەسەڵاتێکى نەبێ بەسەر پێشمەرگە و سەربازى رژێمدا چ گوناحێکى هەیە ئابەوشێوەیە شەهیدى دەکەن، کارێکیان بەجەستەى باوکى ئازیزم کردبوو ئەوانەى کە بینیوویانە و تائێستاش لەژیاندان، سەریان سووڕماوە بۆچی ئاوایان لەو جەستەیە کردووە! دانیان لەدەمدا نەهێشتبوو دەستێکیان قرتاندبوو لووت و گوێ و زۆرشوێنى تریان بڕیبوو، دیارە هەربەزیندوویی بەودەردەیان بردووە، ئەگەر دارودەستەکەى سەدام زاڵم و جەللاد نەبوونایە ئاوایان لەباوکى ئێمە ئەکرد، باوەڕبکەن ئەگەر باوکم پێشمەرگەش بوایە و چەکدار بوایە تائاستێک بەلامانەوە ئاسایی بوو ئەمانووت باوکمان پێشمەرگەبووە و بۆ کوشتنى جەللادەکانى بەعس چووەتە شاخ، تەنها تاوانى باوکى ئێمە ئەوەبووە کە کەسێکى بێوەیی و کاسب بووە.
* کاتێک جەستەى شێوێنراوى باوکتان دەگاتەوە دەست کەسوکارو خەڵکى پێنجوێن، تووڕەییان دەگاتە لووتکە و ئالێرەوە خەڵک دەیانەوێ تۆڵەى باوکتان بکەنەوە، لەسەر ئەمە دەڵێی چى؟
- هەتا ماوین چاکەو مەردایەتى خەڵکى پێنجوێن لەبیرناکەین، بەڕاستى سەلماندیان کە زوڵم قبوڵ ناکەن، نازانین بەچ شێوەیەک پاداشتى رێکخستنە دێرینەکانى یەکێتى و پێشمەرگەکانى یەکێتى بدەینەوە کە باوکی ئێمەیان بەباوک و براى خۆیانزانى و نەیانهێشت کفنەکەى زەردببێ تۆڵەیان کردەوە، چەند سەرمان بەرزە بەباوکمان ئەوەندەش سەرمان بەخەڵکى پێنجوێن بەرزە، ئێستاش زۆرکەس باسى دەکەن پێش خۆپیشاندان و تۆڵەى هێزى پێشمەرگە خەڵک زۆر بەعەزرەتى ئەوەوەبووە تۆڵەى بکرێتەوە کە تۆڵەشى کراوەتەوە هیچ لەدڵیاندا نەماوەو کەمێک لەخەم و ئازاریان کەمبۆتەوە، هەربۆیە بەناوى براکانمەوە سەرى رێز و گەورەیی بۆ ئەو خەڵکە پاک و سەنگینە دائەنەوێنین و ئەو چاکەو مەردایەتییەیان فەرامۆش ناکەین.
خۆزگە من و هەردوو براکەشم"خالید و سەروەر" لەوکاتەدا تەمەنمان هی ئەوە بوایە بمانتوانیایە لەگەڵ ئەو خەڵکە بەشەرەفەدا خۆپیشاندانمان کردایەو یان وەکو پێشمەرگە قارەمانەکان چۆن پێنجوێنیان لە دوژمن کردە یەک پارچە ئاگر ئاوا ئێمەش شانبەشانى ئەوان شەڕمان بکردایە. باوەڕبکەن لەئێستاشدا کە باسى باوکمان دێتەپێشەوە وەکو ئەوە وایە ئێستا روویدابێ، چونکە زوڵمەکە زۆر گەورەبووە و ناحەقییەک بووە تادنیادنیایە لەبیرناچێتەوە، چۆن جەستەى پاکى بێتاوانى باوکی ئێمەیان ئاوا شێواند، نەفرەت لەرژێمى بەعسى دڕندە، ئێمەى کوڕانى دێوانە مەجید پەیمانێکمان بەخۆمان و میللەتەکەمانداوە تا لەژیاندابین میللەتى خۆمان و پێنجوێن و پێنجوێنییەکانمان خۆشبووێ و هەرگیز چاکەیان لەبیرناکەین.
* لەکۆتایی چاوپێکەوتنەکەداو لەیادى راپەڕین و خۆپیشاندانەکەى ساڵى ١٩٨٠ى پێنجوێندا شتێک هەیە نەتووتبێ؟
- راستە هەموو ساڵێ و لەیادى راپەڕین و خۆپیشاندانەکەدا برینمان دەکولێتەوەو ٤٥ ساڵە لەنازو خۆشەویستى باوک بێبەشین، لەژیانماندا ئازارێکی زۆرمان چەشتووە بەدەست بێباوکییەوە، وەکو بۆمان باسدەکەن باوکم کەسێکى دەست و پێ سپى نەبووە نەتوانێ منداڵەکانى بەخیوبکات، لەسەر بەردى رەق بژێویی خێزانەکەى دابینکردووە، کە ئەو نەماو وردە وردە هەستمان کرد ئیتر کەسێک نییە پێیبڵێین باوکە ئیتر خۆمان بووینە پشت بۆخۆمان. سڵاو دەنێرم بۆ شەهیدانى کوردستان و خەڵکى بەشەرەفى پێنجوێن و ئومێدەوارین هیچ کەسێک رووداو کارەساتى جەرگبڕى واى لێ نەقەومێ.
بابەتی زیاتر