دەوڵەتی عوسمانی لەنێوان چاکسازی و هەڵوەشانەوەدا
توێژینەوەیەک سەبارەت بەکاریگەریی ئەوروپا
لەسەر عوسمانییەکان لەسەدەی هەژدەهەمدا
وەرگێڕانی
خالید محمود کریم
د.خەلیل عەلی موراد پێشەکی بۆ نووسیوە
کاتێک دەوڵەتی عوسمانی لەاڵی (١٢٩٩ز)دا دروستبوو، ئیسلام کە حەوت سەدە بو لەناوەڕاستی دورگەی عەرەبیدا سەریهەڵدابوو، توانیبووی بەناوچەیەکی فراواندا کە چەندین بەش لەئاسیا و ئەفریقا و بەشێک لەئەوروپای دەگرتەخۆ، بڵاوببێتەوە.
گەلانی جیاواز لەهەرسێ کیشوەرەکە هاتنە ڕیزی ئایینی نوێ، کە ئیسلام لەژێر دەسەڵاتی ئایینی خۆیدا کۆیکردبوونەوە، جیهانێکی نوێ لەتەنیشت جیهانە کۆنەکەدا، هەروەها لەسەر حیسابی ئەوان هاتبوون، ئەویش جیهانی ئیسلام بوو، یان بەلایەنی کەمەوە جیهانێک بوو هەژموونی ئیسلام دەیگرتەوە.
دەوڵەتی ئیسلامی کەئاینەکەی خۆی بڵاوکردەوە، بەزۆری زۆرداری نەیسەپاند، چەندین گروپی جیاوازی مەسیحی یا جوو و گروپە ئایینییەکانی تر ئایینی خۆیان پاراست، ئیدی لەچوارچێوەی ئەو سیستمەی کە ئیسلام دەستنیشانیکردبوو، تێکڕای ئایینەکان پێکەوە ژیان، هەروەها کەلتورە جیاوازەکانیش لەچوارچێوەی باڵادەستی ئایینی ئیسلام و کەلتووەی عەرەبیدا درێژەیان بەژیان دا.
بەڵام ئەم باڵادەستبوونە کە هەڵگری هەردوو ڕەهەندی ئایدیۆلۆژی و کەلتووەی بوو، بەتەواوی سەقامگریر نەبوو، بەتایبەت پاش ئەوەی ڕەگەزی عەرەب لەنێو گەلانی ژمارە زۆرتردا بوون بەکەمینە، لە ناوەڕاستی سەدەی هەشتەمی زایینەوە فارسەکان وەک هێزێکی کاریگەر لەسەر ئاستی دەسەڵات دەرکەوتن، لەپاش سەدەیەکی تر ڕەگەزی تورکەکان دەرکەوتن، کە دواتر دەبنە خاوەن هێز و یەکەمجار لە میانەی سەلجوقییەکان و دوای ئەوانیش لەمیانەی عوسمانییەکانەوە ناوەندەکانی دەسەڵات کۆنترۆڵ دەکەن.
ئیسلام و مەسیحیەت
هۆکاری خێرا بڵاوبونەوەی ئیسلام دەگەڕایەوە بۆ لاوازی و کەنەفتی ئیپراتۆرە کۆنەکان، هەروەها بۆ ڕێسار جیهاد یان جەنگی پیرۆز، کە ئیسلام لەقۆناغە بەراییەکاندا بەشارەزایی و لێزانینەوە جێبەجێی دەکرد، ئیسلام لەدوای دەرکەوتنییەوە ڕوبەڕووی دوو نەیاری گەورە بوویەوە ئەوانیش: فارس و بیزەنتە بوون، موسڵمانەکان پاش ساڵانێکی کەم لە دەرکەوتنیان لە دورگەی عەرەبیدا توانیان دەوڵەتی فارس لەنێوبدەن، سەبارەت بەدەوڵەتی بیزەنتیش ئەگەرچی توانرا لە سەریا و بەیت ئەلمەقدس دوربخرێنەوە، بەڵام ئیسلامی تازە پەلوپۆهاوێژ نەیتوانی لەنێویان بدات، ئەوەبوو لەنێوان هەردوو لای ناکۆکدا ساڵانێکی درێژ، بەدرێژایی چەندین نەوە جەنگ بەردەوام بوو.
بەردەوامبوونی شەڕ و ململانێ لەنێوان موسڵمانەکان و مەسیحییەکاندا چەندین هۆکاری جۆراوجۆری هەبوو، هەریەک لەهەردوو دەوڵەت نوێنەری هێزێکی مەزنیان دەکرد، کەخەونی خۆی لەبڵاوبوونەوە و بەرپەرچدانەوەی مەترسییەکانی ئەویتردا دەبینییەوە، بەدیوێکی تردا هەر لایەکیان دەوڵەتەکەی خۆی وەک ناوەندی ژیار و مرۆڤایەتی دەبینی، ئەویدیش وەک نمایندەی کوفر و بەربەرییەت.
ڕوونترین کاریگەری فەڕەنسی لەسەر عوسمانییەکان، دەرکەوتنی چەندین نووسراوو کتێب بوو بەزمانی فەڕەنسی لە ئەستەمبول دا، کە لەپێش سەدەی هەژدەهەم بەدەستی عوسمانییە موسڵمانەکان نووسرابوون. یەکەمین ئەو نووسەرانەی کە بەزمانی فەڕەنسی دەیاننوسی، مەحمود ڕەئیف بوو، کە بێجگە لە نووسینی ڕاپۆرتێک بەزمانی فەڕەنسی سەبارەت بە گەشتەکەی بۆ ئینگلتەرا، لە ساڵی (١٧٩٨ز)دا کتێبێکی گرنگی بەناونیشانی "خشتەی تەنزیماتی نوێ لەدەوڵەتی عوسمانیدا" بڵاوکردۆتەوە. (سەید مستەفا)ش نووسەرێکی ترە کە بەزمانی فەڕەنسی کتێبێکی بەناونیشانی "ڕەخنە لەدۆخی هونەری سەربازی ئەندازیاری و زانستەکان لە قەستەنتینیە" نووسیوە و لەساڵی (١٨٠٢ز)دا بڵاویکردۆتەوە. بێجگە لەم دوو نووسەرە ژمارەیەکی تر لە ڕۆشنگەرە عوسمانییەکان و ئەوانەی لەبواری فێرکردن یا کارگێڕیدا کاریان دەکرد لەهەمان قۆناغدا و لەسنوورێکی بەرفراواندا شارەزاییەکانیان لەزمانی فەڕەنسیدا بەکارهێناوە بۆ وەرگێڕان و پۆلێنکردنی کتێب و ئامادەکردنی فەرهەنگ، کە لەئاکامدا کەشێکی فیکری نوێیان لە ئەستەمبوڵ دا هێنایەئارا.
ئاکامەکانی بەکارهێنانی زمانێکی جیهانی چی بوو؟ هۆی چی بوو، کە مەحمود ڕەئید و سەید مستەفا بۆ نووسین، زمانی فەڕەنسییان هەڵبژارد؟
بابەتی زیاتر