ئەو شەوانەی شەوی پێشمەرگە بوو، ئەو شەوانەی چاوچاوی نەدەبینی باران و زریان ئاسمانی گوندوشاری گرتبوویەوە، ئەوێ رۆژێ مەفرەزەی كۆپتەر خۆیان واتەنی راوە عوساتیان دەكرد! دەستەیەك پێشمەرگەی هاوڕێ و زۆربەشیان كەسوكاری خۆم لەشارەزوورەوە روووە و هاوار كەوتینەڕێ، دونیا سارد نمە باران هەمووانى تەڕ کردبوو تا رووە و بەرزی بڕۆیشتیتایە کەشوهەواکە ساردتر دەبوو نمە بارانەکە دەبووە پڕوشەی بەفر..
مەسئولی ئەم دەستەیە شەهیدی فەرماندە و شێری شارەزوور و هەورامان كاكە "مەحمودی حاجی فەرەجی كۆكۆی" بوو، شەهید مەحمود لاوێكی جوانخاسی ناوچەكە بوو كوڕی یەكێ لە هەرە خێزانە ناسراوەكانی هەڵەبجەیە باوكی لەدەوڵەمەندەكانی هەڵەبجە بوو، زۆر ناڵێم خەڵكی چاك ئەوە دەزانن.
دوای گەیشتنیان بەگوندی هاوار دەچنە ئەو تەنها كۆڵیتەی كە مابوو لەگوندەكەدا، دوای ئەوەی بەردەمى خۆیان بەچەرخ رووناک دەکەنەوە هەریەكە و لەپەنایەكەوە لێیدەخەوێت، ئەخیر حەرەس كە دەمەوبەیانە زۆری سەرما دەبێت و زۆر هەڵدەلەرزێ، ئاگردەكاتەوە هەم بۆ خۆگەرمكردنەوە هەم بۆ چا لێنان. پاش هەستانی هەموو پێشمەرگەكان، یەكێكیان روودەكاتە شەهید مەحمود و دەڵێ:
"رەخنەم هەیە؟"
شەهید مەحمود پێیدەڵێ:
"فەرموو رەخنەكەت چییە.."
پێشمەرگەکەش پێیدەڵێ:
"تۆ ئەم شەو لەسەر كورتانی هێسترەكە خەوتی ئێمە هیچمان لەژێردا نەبوو."
گیانى شەهیدان و شەهیدى فەرماندە"مەحمودى حاجى فەرەجى کۆکۆیی" شادو ئاسوودەبێ.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved