"مەحمودی حاجی فەرەج كۆكۆیی" لەساڵی(١٩٥٠) لەھەڵەبجە لەكۆكۆی چاوگ لەبنەماڵەیەكی نیشتمانپەروەر چاوی بەدنیا ھەڵھێناوە. باوكی كەسایەتی و ناوداری ناوچەی ھەڵەبجەو دەوروبەری بووە. شەھید ھەرلەمنداڵییەوە خۆشەویستی بۆ خاك و نیشتمان ھەبووە. لەساڵی(١٩٦٣) خوێندنی سەرەتایی تەواوكردووەو لەحوزەیرانی ساڵی(١٩٦٣) لەبەرئەوەی خێزانەكەی ئاوارەبوون نەیتوانیوە لەخوێندن بەردەوامبێت..
شەھید لەساڵی(١٩٧٠) پەیوەندی دەكات بەشۆڕشی ئەیلولەوە، لەساڵی(١٩٧٤) لەھێزی زمناكۆ بەتالیۆنی(٥) لقێك بۆ شەھیدی نەمر"قادر كۆكۆیی" دروست دەكرێت و شەھید مەحمود دەكرێتە سەرپەلی ئەو لقە. رۆڵی باشی ھەبووە لەشەڕەكان دژی حكومەتی ئەوكاتی عێراق.
لەساڵی(١٩٧٥) پەیوەندی كردووە بەڕێكخستەكانی"كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان"ەوە. ھەڤاڵێكی لێھاتوو بووەو لێهاتوانە كارەكانی رێكخستنی ئەنجامداوە، ھاوكاری تەواوی مەفرەزە سەرەتاییەكانی كردووە. لە ساڵی(١٩٧٧) لەلایەن رژێمی ئەوكاتی عێراقەوە دەگیرێت و دەیگوازنەوە ئەمنی سلێمانی، دوای ئازاردانێكی زۆر و چەند مانگێ بەند دەكرێ و دواتر ئازاد دەكرێت. دوای ئازادبوونی دەستدەكاتەوە بەكاری رێكخستن.
لەساڵی(١٩٧٨) دەبێتە پێشمەرگە، چەكی شەرەف دەكاتەشانی، لەبەرئەوەی رابردوی خۆی و بنەماڵەی پاك و خەباتگێڕبوون دەكرێتە فەرماندەی مەفرەزە لەھەرێمی(١)ی ناوچەی ھەڵەبجەو شارەزور. لە ساڵی(١٩٧٩) لەبەرلێھاتوویی و چالاكی مەفرەزەكەی لەسەر بڕیاری"م.س" دەبێتە مەفرەزەی سەربەخۆ لەھەرێمی(١) بەھۆی ئەوەشەوە باوك و براكانی تووشی شاڵاوی گرتن بوونەتەوە دەیانجار"حاجی فەرەج كۆكۆیی" باوكی دەستگیركراوە.
لەساڵی(١٩٧٩) شەھید دەبێتە فەرماندەی كەرت لەھەرێمی(١) كەس ناتوانێ نكوڵی لەئازایەتی و جاونەترسی شەھید مەحمود بكات لەناوچەی ھەڵەبجەو شارەزور و ھەورامان و سەرتەك و بەمۆ و قەراخ و شارباژێڕ و پێنجوێن. لەشەڕەكانی ئاڵوەتان یەكێكبووە لەفەرماندەكانی ھێزی پشتیوانی، لەساڵی(١٩٨٣) دەبێتە فەرماندەی تیپی(١٥)ی شارەزوور بەمەش لێپرسراوێتی زۆرتردەبێت و رۆڵی زیاتری دەبێت، عەشرەتەكەشی واتە كۆكۆییەكان زیاتر لە(٦٠) شەھیدیان بەخشیوە. دوای ئەوەی لەناوچەكەی خۆی زۆر سەركەوتوو دەبێت لەداستانەكاندا دەگوێزرێتەوە ناوچەی كەركوك زۆر لە خۆبردوانە قبوڵی كردووەو چووتە ناوچەكەوە.
لەساڵی(١٩٨٥) دەبێتە سەرتیپی(٢٥)ی خاڵخاڵان لەوێش رۆڵی باشی ھەبووە لەناوچەكە وەك فەرماندە. سەد مخابن ئەم قارەمانە لە شەوی‌(2/3/7/1985) لە ھێرشكردنەسەر چەند رەبیەیەك لەدۆڵی ئاكۆیان لەو دووڕەبیەدا فیشەك بەرسنگی دەكەوێت و شەھید دەبێت. لەگوندی"سیرەی سەرو" بەخاك دەسپێردرێت، ساڵی(١٩٩٢) تەرمی پیرۆزی شەھیدی قارەمان و شێر ئاسا  دێننەوە بۆھەڵەبجەو لەگۆڕستانی گوڵان لەلای شەھید خالیدی برای دەنێژرێت. شەھید دوای خۆی كوڕێك و سێ كچی لێبەجێماوە بەناوەكانی"سەركێو، نیگار، سازگار، خێڵان"
گیانشاد شاعیری گەورەو ناودار"شێركۆ بێكەس" بۆ شەھیدبوونی ئەم قارەمانە لە قەسیدەیەكیدا دەڵێت:
بە تەشوێی رقی پیرۆزم دۆڵە رەقەم وا داتاشی
تابوو بەتابووتی قوڵی مەرگی پووار
مەرگی ئێستەم
ئەوا ئەمڕۆش وەكو دوێنێم وەكو ئێستەم
لە دۆڵی ئاكۆیانەوە ئەبمە مانگی خۆری سەر كۆڕەك و
ھەڵدێم ئەبمە دڵۆپەباران و سەربەجامی ئەرخەوانی تینووی"مەحمود"ەوە ئەنێم
ئەم جارەیان من پاشا كۆرەی پێشمەرگەم ھاتوومەوەو
سنگی ئەسپم ناوە بەسنگی قەڵاوە رووەو رواندوز
بانگ ئەدەم ئەم جارەیان ھەرچی كەژی لەش چنراوە
ھەرچی كانی دەم بەسراوە
ھەرچی ھەوڵی سك سوتاوە
لە تەكمان و بەرەو خۆرەتاو تاو ئەدەن
بە مایەی خوێنی خانزادی كوردوستان
ئەی سەربەستی بەتۆ ئەگەم..
ھەزار سڵاو بۆ رۆحی پاكی شەھید مەحمودو سەرجەم شەھیدانی رێگای ئازادی گەلەكەمان، سوپاسی مامۆستا رەوف حاجی فەرەج و بورھانی حاجی فەرەج، هەردوو برای شەھید ئەكەین كە زانیاری زۆریان داینێ لەسەر ژیانی شەهید"مەحمود".

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved