هەولێر تۆ بەرزی قەڵاكەت
هەولێر تۆ بەرزی ناوەكەت
تا ئێستا كام سەردارت بینیوە
وەك شەهید سەردارەكەی من لە شەقام و گۆڕەپانەكانتدا
دەمانچەكەی خاڵی خاڵی كردۆتەوە لە دڵی داگیركەرانتدا
شەهید"سهرداری سەعید سۆفی" لەسەرەتای تەمەنی لاوێتییەوە كاری رێكخراوەیی لەگەڵ خوێندكاران و رێكخستنەكانی یەكێتی كردووە. بهتایبهتی لەقۆناغی ئامادەیی، لەكاتی خۆپیشاندانەكانی ئەوێ رۆژێ رێك ساڵی(1982) رۆڵی پێشەنگ و گرنگی گێراوە لەدژی رژێم. هەستی نیشتمانی و كوردانەی لەلوتكە بووە، هەربۆیە رژێم چاودێری كردووە، هەموو هیواو ئاواتی ئەوەبوو ببێ بەپێشمەرگەو شەهید ببێت لەپێناو كوردستاندا..
لەقۆناغی پێنجەمی ئامادەیی، پەیوەندی كردووه بەشۆڕش و بۆتە پێشمەرگە لەكەرتی رێكخستنی چۆمان و تیپی(83)ی هەورێ. بەهۆی ئازایی و چاونەترسی لەماوەیەكی كەم كرا بەفەرماندەی مەفرەزە، جموجۆڵی زیاد لەپێویستی پێشمەرگانەی شەهید سەردار، لێپرسراوانی سەرووی خۆی سەرسام كردبوو، دیارە روون و ئاشكرایە لەسەردەمی شاخ وەرگرتنی پلە تەنها لەسەر ئازایی و چالاكی و رەبایە گرتن بوو، شەهید سەرداریش لەگەڵ"بهختیار كاوانی و ئەیوبە گرە" بەردەوام لەناوشاری هەولێر بوون بۆ تەمبێ كردنی پیاوانی رژێم و جاسووسەكانیان، ئەوەی شایانی باسە وەك هاوڕیێانی باسیدەكەن ناوبراو حەزی بەپلە وەرگرتن نەبووە، چونكە سنووری ئازادی بۆ گەڕان و چالاكی كردن كەم دەكرایەوە.
هەرچەندە یەكێك بووە لەفەرماندەی كەرتە چاپووكەكانی ئەوكات، بەڵام سنووری چالاكییەكانی زۆر فراوان بوو، تا شەهیدبوونی بە(84) چالاكی فەردی و گرتنی رەبیەو هەڵمەتی شەڕی دەستەویەخەو داستانی گەورە بەشدار بووە. سەرداری سەعید سۆفی لەبەرئازایی بەسەرداری بەور لەزۆربەی شیعرو نووسینەكان ناوزەند كراوە، ناوبراو بۆ دۆست و دوژمنی سەلماند كه دەتوانێ بەنوێژی نیوەڕۆ مخزەنەكانی خاڵی خاڵی بكاتەوە لە سینگی پارێزگاو جاسووس و موختار و هەرچی كهسێ بیانەوێ تەمبێی بكەن.
بەڵام بەداخەوە لەداستانی بەرگریی لەچیای كێشكێ لەكاتی هێرشی دوژمن لە(30/6/1987) گیانی بەختكرد. گەیشتە كاروانی نەمران، هەزاران سڵاو بۆ گیانی شەهید سهردار و سەرجەم شەهیدانی كوردستان(3٨) ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر شەهیدبوونی"سەرداری سهعید سۆفی" بەداخەوە لەم شاری هەولێرە تائێستا نە قوتابخانهیهك نە پاركێك نە شەقامێك نە كۆڵانیك نەكراوە بەناوی شە هید سەردارهوه.
دەبوو گەورەترین و جوانترین پەیكەری لەبەردەم بینای پارێزگای هەولێر بۆ دروست كرابا تاوەكو هەموو خەڵك و گەشتیاران و سیاسییەكانی جیهان بزانن كورد رۆڵەی جوامێر و شۆڕشگێڕی وەك شەهید سەرداری سهعید سۆفی هەیە.
بابەتی زیاتر