"سەرداری‌ سەعید سۆفی..‌
قەڵایەو پیرمامەو سەفینە لەپێش چاو ون نابێ.."*




د. عەبدولواحید ئیدریس شەریف




ئەمڕۆ(38) ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر شەهیدبوونی فەرماندە "سەردار سەعید سۆفی" رابەری‌ جێبەجێكاری‌ دروشمی‌ "فاشست بكوژە تا گەل بژی‌، عەفلەقی‌ بكوژە تا كورد بژی‌.."
ماوەیەك بوو شەوان هەر كە دەیویست سەرخەوێك بشكێنێ‌، هەم قاچەكانی‌، هەم هزری‌، هیچ نەبێ‌ كەمێك بحەوێنەوە تا لەگەڵ كازیوەیەكی‌ نوێدا قاچەكانی‌ بۆ توولەڕێی‌ سەخت و درێژتر، هزریشی‌ بۆكێشانی‌ پلانی‌ نەبەردیی گەورە و گەورەتر ئامادەبێ‌، بەڵام هەركەچاوی‌ لێكدەنا گینگڵی‌ تۆڵە خەوی‌ دەزڕاند، وێنەی‌ شەپۆلی‌ حەفتا و پێنچ مەتری‌ ئێزگەكە و كتێبە خوێناوییەكەی‌"عەبدولخالق مەعروف" بەرچاویان بەرنەدەدا و هەرئەویان شكدەبرد بۆتۆڵە، بەڵام ئەم شەوەیان سەرخەوی‌ نەشكاند و كەوتەڕێ‌، بەیانییەكەی‌(19/3/1986) بوو، هەڵۆی‌ داستانان "سەرداری‌ سەعید سۆفی" ئەمجارەش وەك دەیان جاریدی‌ لەگەڵ دوو هاوسەنگەری تری‌ رێی‌ هاتونەهاتی‌ گرتەبەر، سەرداری‌ تۆڵە و ئەدەبدۆست ئەو رۆژە لەهەموو سەفەرەكانی دیكەی‌ ئاسوودەتر بوو، چونكە بۆتۆڵەی‌ دوو نووسەری‌ شەهید دادەبەزییە ناوشار.

ئەو لە كوێیە؟

کاتژمێر(8:15)ی‌ بەیانی‌ سەردار منارەیەكی‌ تری‌ هەولێر بوو لەفلكەی‌ زەعیم بۆ ئەم تۆڵەیە، پارێزگاری‌ خۆفرۆش "برایم زەنگەنە"ی‌ دەستنیشان كردبوو، كە ئەوسا گەورەترین سەری‌ تاوانی‌ بەعس بوو لەهەولێر، هەرئەو رۆژە سەردار بەڵێنەكەی‌ خۆی‌ بردەسەر و دوای‌ گەڕانەوە، یەكێتیی‌ نووسەرانی‌ كوردستان پیرۆزبایی قەڵەمە نەدۆڕاوەكانیان لێكرد، بەڵام سەرداری‌ رابەری‌ جێبەجێكاری‌ دروشمی‌ ئەوسەردەمە "فاشست بكوژە تاگەل بژی‌، عەفلەقی‌ بكوژە تاكورد بژی‌" هەمیشە تفەنگی‌ لەسەرپێ‌ بوو، بەهیچ نەبەردێك دڵی‌ ئاوی‌ نەدەخواردەوە، بۆیە هەرلەو پێناوەدا بەبێ‌ باكی‌ و بەپاكی‌ سەری‌ دانا.
هەموو ساڵێ‌ كە(30/6) دادێ‌، مەلی‌ خولیایەك بەرەو رۆژانی‌ نەهامەتی ‌‌و داستانە ئەفسانەییەكانی‌ ناو هەولێر هەڵمدەگرێ‌، هەمووساڵێك كە (30/6) دادێ‌"فولكەی‌ زەعیم ‌و 7ی‌ نیسان ‌و  بەردەرگای‌ فەیلەق" دەپرسن كوا لەكوێیە ئەوهەڵۆیەی‌ بەسەرچەقۆدا دەهات؟ بە بەردەمی‌ ئێمەدا تێدەپەڕی ‌‌و هیچ سەفەرێك بێ نێچیر ‌و راوی‌ جەللاد ‌و جانەوەری‌ ئەم شارە نەدەگەڕایەوە ئامێزی‌ سەفین ‌و ئاوەگرد. هەموو ساڵێ‌ كە(30/6) دادێ‌ عاشقانی‌ ئازادیی‌ گەل‌ و نیشتمان بەپێچەوانەی‌ خۆلێگۆڕاوان دەپرسن كوا لەكوێیە ئەو فریشتەیەی‌ لەزەمانی‌ گڕباراندا بەقرچەی‌ نیوەڕۆ شنەی‌ شەوبای‌ بۆدەهێناین‌ و ئازارەكانی‌ رادەمووسین.

سەرداری هەولێر

ئەوان نا، هەموو هەولێر دەپرسن، كوا لەكوێیە ئەوهەیڤەی‌ لە ئەنگوستەچاوان لەئاسمانی‌ شارەكەمان هەڵدەهات، رازەكانی‌ لەگەڵ‌ دەگۆڕینەوە ‌و زامەكانی‌ ساڕێژ دەكردین ‌و خەمەكانی‌ ئێمەی‌ دەكردە تێشووی‌ هەورازە رێی‌ قەندیل. بەڵێ‌ دڵسۆزانی‌ هەولێر، ئەوهەڵۆیە، ئەوفریشتەیە، ئەوهەیڤەی‌ ئێوە سەرداری‌ مام سەعید بوو، سەرداری‌ پێشەنگی‌ خۆپیشاندانەكانی‌ ساڵی‌(1982)و پەیكی‌ پەڕتووكە یاساغەكانی‌ نێوان"سەیدیان ‌و قەڵا" سەرداری‌ چەقی‌ شەقامی‌ مەنتكاوە و ناو هیران ‌و لوتكەی‌ كێشكێ‌، سەرداری‌ یەك ماڵ‌ لەگەڵ‌ هەژاران‌ و چەوساوانی‌ گوندنشین و جیهانی‌ لێوانلێو لەورە ‌و پیرۆزی ‌‌و نەبەزین.
ئەی‌ هاوڕێكەم سەرداری‌ هەولێر، تۆ كە رۆژانێ‌ تۆڵەسێنی‌ خوێنی‌ قەڵەمە دڵسۆز ‌و بەهەڵوێستەكانی‌ عەبدولخالق و دەرگەڵەیی بووی‌، تۆ كە سەرتاپای‌ تەمەن تەنیا كتێب هاوڕێ ‌‌و هاوسەفەر ‌و هاودەمی‌ ساتە تەنیاییەكانت بوو، كۆڵە پشتەكەت جگە لەكتێب ‌و نانەڕەقە ‌و چوكولات بۆ منداڵانی‌ دێیەكان، جێی هیچیتر نەبوو، شەوانی‌ حەسانەوەی‌ بنكە ‌و بارەگاكانیش بەگوڵاوپژێنی‌ شیعرەكانی‌ شێركۆ مزەفەر نواب زاخاوی‌ دەروونی‌ هاورێبازەكانت دەدا.
بەڵام هاوڕێكەم دڵنیابە باڕۆژگار هەر رووگرژ ‌و مۆن و بەقین بێ‌، تازە تۆ وێردی‌ سەر زاری‌ هەژاران ‌و"بەور"ەكەی‌ سەر لوتكەی‌ دیوانەكانی‌ شێركۆ بێكەسی‌، ناوی‌ تۆ ئاوێزانی‌ كوچە ‌و كۆڵان‌ و شەقام بەشەقامی‌ پیرە هەولێرە، داستانەكانت لەسینەی‌ هەورێ ‌‌و سەفین ‌و قەرەچوغ ‌و دێدەوان بەخوێن نەخشاوە ‌و گۆڕەپانی‌ سەرداری‌ سەعید سۆفی‌ لەدڵی‌ قەڵادا هەردەمێنێتەوە. شوێنێك بۆئەوجێی‌ داخ و نەنگییە لەو شارەی‌ تۆ رەمزی‌ قارەمانی‌ و ئازایەتی‌ بووی‌، تۆی‌ ئەنجامدەری‌ زیاتر لە(84) چالاكی‌ و نەبەردی‌ پێشمەرگانە لەچواردەور و ناوجەرگەی‌ ئەم شارە، جێیداخە شەقامێك، گۆڕەپانێك، باخچەیەك... هتد بەناوی‌ تۆوە نەبێ‌.
لە تێپەڕینی(38) ساڵ بەسەر شەهیدبوونتا هەرهێندەم لە دەستدێ‌ بەحاكمانی‌ ئەمڕۆی‌ كوردستانەكەت بڵێم:"ئایا بێ وەفایی نییە سەردارێك فلكە و شەقام لەو شارە نەمابێ‌ داستانی‌ تێدا ئەنجام نەدابێ‌، كەچی دوای‌ سی و هەشت ساڵ شوێنێك نەبێ‌ بەناویەوە؟! بەڵام دڵنیابە هاوڕێكەم پەیكەری‌ تۆ لە دڵی‌ شۆڕشگێڕانی‌ هەموو كوردستاندایە و دەمێكیشە شێركۆ بێكەس وتویەتی‌:
سەرداری‌ سەعید سۆفی‌
قەڵایەو
(پیرمام)ەو
سەفینە
لەپێش چاو ون نابێ.


كورتەی ژیاننامەی شەهید سەردار

* فەرماندە شەهید سەردار سەعید سۆفی‌، ساڵی‌(1966) لە هەولێر لە دایكبووە و ساڵی‌(1981) پەیوەندیكردووە بەڕێكخستنەكانی"كۆمەڵەی‌ رەنجدەرانی كوردستان"ەوە.
* ساڵی‌(1983) كە لە پۆلی‌ پێنجەمی‌ ئامادەیی دەبێت، لەلایەن رژێمی بەعسەوە فەرمانی‌ دەستگیرکردنی‌ بۆ دەردەچێت، بەڵام خۆی دەرباز دەكات و دەبێتە پێشمەرگە و فەرماندەیەكی دیاری شۆڕشی نوێ.
* رۆژی(30/6/1987) لەكاتی‌ بەرگریكردن لەناوچە ئازادكراوەكانی شۆڕشی نوێ، لەچیای‌ كێشكێ‌ شەهیدكراو دوا پلەشی فەرماندەی‌ كەرت بوو لەتیپی‌(85)ی‌ بەڕانەتی‌.

* بەشێکى کەمى شیعرى شاعیرى ناودار"شێرکۆ بێکەس" بۆ شەهید سەردار سەعید سۆفى وتووە.
 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved