گەلێكجار روویداوە پۆلێك پێشمەرگەی(ی.ن.ك) پێكەوە شەهیدبوون و بوونەتە ناونیشانی ساڵێك، بوونەتە خاڵێكی وەرچەرخان لەڕێڕەوی یەكێتیدا، بوونەتە مایەی جۆشدانی چالاكیی تۆڵەسەندنەوە لەسنووری هەرێمێك یان تیپێك یان كەرتێك، بەڵام كەمجار روویداوە كە ئەو شەهیدبوونە بەكۆمەڵە ببێتە ناونیشانێكی لەبیرنەچۆوەی نەوەیەك و وێردی سەرزمانی نەوەكانی دواتریش ئەگەر ریوایەتەكەشی نەزانن، تەنانەت ببنە ناونیشان و زاراوەیەك كە دۆست و دوژمن و یار و نەیار و بوێر و خۆپارێز تەنیا بەو زاراوەیە بتوانن بەرامبەرەكانیان بدوێنن.
پۆلە شەهیدەكانی یەكێتی
ئەو پۆلە شەهیدانەی كە بوونەتە سومبول، شەهیدانی قازان بەفەرماندەیی ئەنوەر حەسەن، شەهید سیروان تاڵەبانی و هاوڕێكانی، شەهیدانی چیمەن، شەهید ئیبراهیم عەزۆ و هاوڕێكانی، بەڵام ئەوانە ئەگەرچی وەك مێژووی شۆڕشی نوێ بوونە سونبول و لەیادەوەریی هاوڕێ و هاوخەبات و كەسوكار و سنووری چالاكییەكەیاندا بەنەمریی ماونەتەوەو هەتا یەكێتیش بمێنێت، هەر بەزیندوویی دەمێننەوە، سنوورێكی حزبی و ناوچەیی ئەوتۆیان تێنەپەڕاند، بەڵام شەهیدانی قڕگە بەخۆیان و مەزارەكەیانەوە بەجۆرێك ناوبانگیان دەركرد كە ئێستاش نەوە لەدوای نەوە ئەو گوزەرەیان لەسەیوانی شەهیدان كردۆتە ناونیشانێك و تەنانەت غەیرە یەكێتییەكانیش و بگرە ئەوانەش كە هەرحزبایەتییان نەكردووە، مەزاری ئازیزانیان بەدووری و نزیكی، پشت و پێش ئەملاو ئەولای مەزاری شەهیدانی قڕگە دەدۆزنەوە یان وەسفدەكەن.
ئەو مەزارە بۆگەنجانی سلێمانی لەسەردەمی رژێمدا ببووە رەمزی بەرخودان و بوێریی و خاڵی كۆكەرەوەی كەسوكار و هاوڕێی شەهیدستانی سەیوان و بۆ دوژمنیش ببووە شوێنێك كە هەمیشەو رۆژانی هەینی و جەژنەكان بەهێزەكانیان دەیانتەنی، تا دواجار لەساڵی(1985)دا، لەهەوڵێكی ترسنۆكانەدا رژێمی بەعس ئەومەزارەو هێندەش كە دەمی شۆفڵ و گرێدەرەكانیان بڕبكات، گۆڕ و ئارامگەی چەندین شەهیدیان رووخاندو ئەوەی بۆشیان نەكرابوو كێلەكانیان شكاندبوو.
چۆنێتیی رووداوەكە
شەوی(28\29/6/1983) مەفرەزەیەكی كەرتی تیپی(33)ی سلێمانی بەچالاكییەكی پێشمەرگانە چوونە ناوشاری سلێمانییەوەو بەگەڕەكەكانی ئازادیی و دارۆغا و ئیبراهیم پاشادا داگەڕانە خوارەوە بەرەو گەڕەكی مەڵكەندی و حاجی حان، هەرلەقڕگەوە تا ناوشار لەهەرشوێنێك و بەهەرگەڕەكێكدا دەهاتنەخوارەوە، خەڵك بەگەنج و پیرەوە بەپێشوازییانەوە دەچوون، دواشوێنێك كە خەڵك دەوری لێدابوون، بەردەم ماڵی شەهید ئاراس مەحمود عەزیز بوو لەگەڕەكی حاجی حان و ئیتر لەوێوە رۆیشتن بەرەو ئەنجامدانی ئەوكارەی پێیان سپێردرابوو.
باس هەر ئەو باسەبوو
رۆژی(29)ی مانگ، بەرەو هەركوێیەك دەچووین، باس هەرباسی ئەوەبوو كە ئەمشەو لەنزیك قڕگە پۆلێك پێشمەرگە كە لەتراكتۆرێكدا بوون، كەوتوونەتە بۆسەی خۆفرۆشانەوەو شەهیدبوون، ئەگەرچی هەركەسەو ژمارەیەكی دەگوت، بەڵام ببووە مەراقی هەموولایەك و بەدەوڵەمەند و هەژارەوە، بەكوڕ و كچەوە، بەژن و پیاوەوە، بەفەرمانبەر و كاسبەوە بەخوێندكار و مامۆستاوە، دەچوویتە هەرشوێنێك باس هەرباسی شەهیدەكانی قڕگەبوو، یەكێك لەو دیاردانەی هەرگیز لەبیرناچێتەوە، ئەو رۆژە، مەفرەزەكانی ئەمن و تەواری چەندقاتی ژمارەی مەفرەزەكانی رۆژانی تر زیادكرابوو، هەرهەموو پیاوانی رژێم رەنگ زەردو، پەنجە لەسەر پەلەپیتكەی تفەنگ و سڵیان لەهەموو شتێك دەكردەوە، لەبەرامبەریشدا گەنجانی سلێمانی و بەتایبەتیش دۆستان و رێكخستنەكانی یەكێتی بەجلی رەش و بەناوچاوانی گرژ و توڕەوە لەو یاساوڵانەیان دەڕوانی.
ناوی شەهیدەكان، لەئێزگەكەوە
ئێوارەی رۆژی(30)ی حوزەیرانی ساڵى(١٩٨٣) ژمارەو ناوی شەهیدەكان وەك هەواڵ لەڕادیۆی دەنگی شۆڕشی عیراق- ئێزگەكە-وە خوێندرایەوە كە(16) شەهیدبوون و بریتیبوون لەشەهیدان: عومەر شەریف مستەفا، ئازاد رەشید عارف، غەفوور محەمەد ئەمین، بەكر عەبدولڕەحمان، تەها عەبدوڵڵا حسێن-ناسراو بەمام تەها-، بەكر نەسرەدین عەزیز، ئایار عەبدوڵڵا محەمەد، رەحیم عوسمان، محەمەد عەبدولڕەحمان، محەمەد كەریم ساڵح، ئاگری شێخ نوری، ئاراس مەحمود عەزیز ناسراو بە ئاراسی مەحمود سوڵتان، سالار فەتحوڵڵا گوڵ محەمەد، شێخ محەمەد شێخ ئیبراهیم، نەوزاد محەمەد تاهیر و خەبات غەریب ناسراو بەكاروان.
شەهیدانی قڕگە، مورادیفێك بۆ سەیوان
لەمێژبوو گۆڕستانی گردی سەیوان لەسلێمانی ببوووە مەزارگەی شەهیدانی بزووتنەوەی كوردایەتی، بەهەموو رێكخستن و ئاراستە فیكرییەكانییەوە، تەنانەت بەوانەشەوە كە لەشەڕی ناوخۆی سەردەمی خەباتی شاخدا شەهید دەبوون، بەڵام لەدوای شەهیدبوونی ئەو پۆلە شەهیدەی قڕگە و ئەسپاردەكردنیان لەیەك شوێنداو دروستكردنی بینایەكی شایستە بەدەوریدا، ئیدی هێندەی مەزاری شەهیدانی قڕگە بووە ناونیشان، هێندە گردی سەیوان ناوبانگی نەمابوو، تەنانەت ناحەز و نەیار و دوژمنەكانی كورد و بزووتنەوەی كوردایەتی و یەكێتیش تەنیا یەك زاراوەیان هەبوو، كە ئەو رۆژگارە خەڵك چەندە سەركوتیش كرابوو، ئەو رۆژگارەی كە پێشمەرگەیەك شەهید دەبوو كەسوكارەكەی نەیاندەتوانی بەئاشكرا پرسەی بۆ بگێڕن، یان كەس بەئاشكرا نەیدەوێرا بەپێشمەرگەی شەهید بڵێت، شەهید، بەڵام مەزاری حەڤدە شەهیدەكەی قڕگە بووە ناونیشانێك كە هەركەسێك بچوایەتەسەر گڵكۆی ئازیزێكی، دەبوو بەشۆفێری تاكسییەكە بڵێت بۆ سەروو یان خواروو یان لای راست یان چەپی حەڤدە شەهیدەكەی قڕگە.
شانزە شەهید بۆ بووە حەڤدە
هێشتا دوو مانگ و چەند رۆژێك بەسەر ئەو رووداوە خەمناكەدا تێپەڕیبوو، رۆژی(31/8/1983) پەردە لەسەر پەیكەری كاوەی ئاسنگەر لابرا، كە لەلایەن هونەرمەندی پەیكەرتاش كۆسرەت جەمال غەفوور-ەوە دروستكرابوو، ئامادەبووانی رێوڕەسمی پەردەلادان لەسەر پەیكەرەكە رێوڕەسمەكەیان كردە بۆنەیەكی دەمەزەردكردنەوەی كوردایەتی و خوێندنەوەی چەندین شیعر و پەخشانی پڕ لەجۆش و خرۆش، هەربۆیە یاساوڵ و سیخوڕەكانی رژێم چیتر خۆیان پێنەگیراو لەبەرامبەر ئەو جۆش و خرۆشەدا كەوتنە تەقەكردن و چەندین كەسیان پێكا كە یەكێك لەوانە شەهید هاوڕێی وەستا عەبدوڵڵای كەبابچی بوو، ئەوەبوو بۆ هەمان شەو یان بۆ رۆژی دواتر تەرمی پیرۆزی ئەویش برایە گردی سەیوان و لەناو مەزاری شەهیدەكانی قڕگەدا ئەسپەردەكراو ئیدی لەوێوە خەڵكی سلێمانی مەزارەكەیان ناونا مەزاری(17) شەهیدەكەی قڕگە.
تائێستا كە(٤٢) ساڵ بەسەر ئەو رووداوەدا تێپەڕیووە، لەو بڕوایەدام كەسێكی ئەم شارە نییە چ لەنەوەی ئەوێ رۆژێ و چ لەنەوەی دواتر و ئێستاش ئەو ناونیشانەی لێ تێكبچێت كە دەڵێیت مەزاری حەڤدە شەهیدەكەی قڕگە، یەكسەر دەتباتە ئەوێ، ئەگەرچی هەندێك لەو خەڵكەی ئێستا یان نازانن رووداوەكەی چییە، یان هەر یەكێتی-ش نین.
لەدوای راپەڕینەوە
مەزاری شەهیدانی قڕگە بەرلەڕاپەڕین ئەگەرچی بەكەوچكی شۆفڵەكانی بەعس بەشی پێشەوەی تێكشكێندرابوو، بەڵام لەبەر بەرزیی شوێنەكە و سەختییەكەی، لەوەزیاتریان پێنەكرا، بەڵام بەدەستیش ئەوەندەی پێیانكرا كەوتنە شكاندنی كێلی گڵكۆكانیان و كێلی گڵكۆی هەموو ئەو شەهیدانەی كە لەدەوروبەریشیاندابوون. هۆكارەكەشی ئەوەبوو كە ئەو گڵكۆیانە ببوونە خوێندنگەیەكی فێربوونی كوردایەتی و سەرجەم شیعرە شۆڕشگێڕییەكان و دروشمە شۆڕشگێڕانەكانی شۆڕشی نوێیان لەسەر نووسرابوو، جگە لەژیاننامەو ئەو نەبەردییانەی تێیدا بەشدارببوون، وێنەی شەهیدەكان بەجل و چەكی پێشمەرگایەتییەوە، كە ئەمە ببووە داینەمۆیەك بۆ سەرجەم گەنجانی ئەو رۆژگارەو بەرزكردنەوەی ورەیان و ببووە مایەی ترس و بیم لەدڵی ئەمنو تەواری و خۆفرۆشەكانیشدا. لەدوای راپەڕینیشەوە دەروبەری ئەو مەزارە بووە سەكۆی ئەو یادو بۆنانەی یەكێتی كە لەگەڵ كەسوكاری شەهیداندا دەیكردەوە.
بەرزو بەڕێزبێت یادی شەهیدانی قڕگە، كە تاهەتایە بوونە ناونیشانی دوێنێ و ئەمڕۆ و داهاتووش.
بابەتی زیاتر