نەوزاد چیمەنی*
شـــەهـیـد نـەمـرە وەكـو شـاخ
وەكو باران وەكو بەفر وەكو درەخت
وەكو بەهار و گوڵـە باخ..
لەساڵڕۆژی شەهیدبوونی پێشمەرگە و سەركردە و دكتۆری شۆڕشگێڕیی راستەقینە شەهید كاك"دكتۆر هادی" سەری رێز دائەنهوێنم. بەڵێ شەهید دكتۆر هادی سەركردە بوو نەك ئەم سەركردە تەزویرانەی ئێستا رۆحی شاد و ئارام و ئاسوودە بێت..
رۆژی(۱۲/٦/۱۹۸۷) لەشەڕی گوندی"تۆمار و گورگانی" ناوچەی شوان، هەرچەندە زۆر دڵنیانیم لەڕۆژهكهی، بهڵام دڵنیام لەمانگ و ساڵەكەی. لەكاتژمێر(9:45)ى سهرلهبهیانی سوپای داگیركەری بەعسی فاشیست هێرشی هێنا بۆسەر گوندی تۆمار و گورگان، كاك"حاجی هەڵمەت" فەرماندەی كەرتی(۳)ی تیپی(۲۱)ی كەركووك بوو، شەڕ دەستی پێكرد دوژمن بەهاوەن و كاتوێشاو دۆشكا ناو گوند و دەوروبەری گوندی كرد بەجەهەنم.
لەهەموولایەكەوە دووكەڵ بەرزدەبۆوه، دوو هێلیكۆپتەری بارو و چەند هێلیكۆپتەرێكی جەنگی بەسەر ئاسمانی ناوچەكە و گوندی تۆمارەوە دەسوڕانەوە و بۆردومانی ناو گوندیان دەكرد، چەند پێشمەرگەیەك برینداربوون بەهۆی تۆپبارانەوە، شههید دكتۆر هادی لەنێو ژوورێكدا چارەسەری بۆ بریندارهكان دەكرد، وەختێك بینیم پێشمەرگەیەك لەنێو ماڵەكانهوه دەرچووە دەرەوە بۆ سەر ئەو گردەی لە نێوان ماڵەكانی تۆمار و گورگاندابوو، لەسەر گردەكە چەكێكی ئاڕبیكەی(٤۰) خۆری دابەست و كەوتە تەقەكردن لە هێزهكه، راستر بڵێم سەرپەرشتی شەڕی ئەو بەشەی گوندەكە بەمن سپێردرابوو لەلایەن كاك حاجی هەڵمەتەوە، نەمدەزانی ئەو پێشمەرگەیە كێیە چووەتە سەر ئەو گردە لەكاتێكداهەموو پێشمەرگەكان لەناوماڵەكاندا بوون لەبەرهێلیكۆپتەر نەئەكرا بچیتەدەرەوە، دوای چەند خولەكێك پێشمەرگەیەك بەڕاكردن هاتەلام و پێیوتم:
"ئەوە كاك دكتۆر هادی-یە لەسەر ئەو گردەیە چەن پێی ئەڵێین دابەزە بەقسەی ئێمە نایەتەخوارەوە بەڵكو تۆ قسەی لەگەڵ بكەیت و زۆر دڵی گەرمە، چونكە چەند رۆژێك پێش ئێستا برایەكی لەكەركووك گولەباران كراوە."
بەڕاكردن چوومەلای و پێموت:
"كاك دكتۆرئەوە لێرە چیدەكەیت."
وتی:
"وازم لێبێنە با ڕق و تووڕەیی دڵم خاڵی بكەمهوه."
زانیم بەئاسانی بەقسەم ناكات وتم:
"ماڵت ئاوابێ وەختی ئەوە نییە كاك حاجی هەڵمەت خەریكە شەهید دەبێ بریندارە هەستە تكایە وهره لهگهڵم."
وەختێك زانی من بەپەشۆكاوی قسەدەكەم و هەواڵی برینداربوونی فەرماندەم پێووت یەكسەر چەكەكەی بەسەرمندا بەجێهێشت و بەڕاكردن بۆ ژووری بریندارەكان چوو، منیش بەدوای ئەودا چووم و لهگهڵیدا چوومە ژوورەوە و بینی حاجی لێ نییە سەیری كردم و پێیوتم:
"بۆچی ئهمهت كرد.؟"
وتم:
"كاك دكتۆر تۆ شتێكت لێبەسەربێت ئێمە چی بكەین، ئێمە بریندار دەبین تۆ چارەسەرمان بۆ دەكەیت تكایە ئیتر كاری وامەكە."
پاش تۆزێك وهستان وهكو ئهوهی تووشی شۆك بووبێت بزەیهكی كرد و وتی:
"باشە راستەكەیت."
هەر ئەو رۆژە ئێوارەكەی رژێم بەچەكی كیمیایی بۆردومانی ناو گوندەكەی كرد، شەهید دكتۆر هادی و شەهید تاریق گۆگجەیی و بەندە و سەباح ئەمین و چەند پێشمەرگەیەك بەوچەكە نەگریسە برینداربووین هەتا ئێستاش ئاسەواری بەجەستەمانەوە دیارە. نەمری بۆ شەهید دكتۆر هادی و هەموو شەهیدانی رێگای رزگاری كوردستان.
* پێشمهرگهی دێرین و له ساڵانی رابردو و شهڕی پارتیزانیدا، فهرماندهی كهرت بوو له تیپی(21)ی كهركوك.
بابەتی زیاتر