م/ عەلی پەرلەمان





1
كە شۆڕشی نوێ‌ لەناو داروپەردووی ئاشبەتاڵ و داڕمان و تێكشكانەوە سەریدەرهێنا، گیانبازیی لەپێناوی بەردەوامیی بوون و رنینی بەری ئازادی لەئاستێكی باڵادا دەردەكەوت، دلاوەرانێكی كەموێنە هەڵدەكەوتن كە ناوازەییەكیان بەهونەری شەڕ دەبەخشی و لاپەڕەكانی شۆڕشیان لە دێڕەكانی قوربانیدان پڕپڕدەكرد.

2
ئەو رۆژگارە و ئێستاش دەبێ‌ كورد بۆ مافەكانی تێبكۆشێ‌ و نەهێڵێ‌ پیلانەكانی دوژمنان بۆ قەڵاچۆكردن و سڕینەوەی سەربگرێ‌، لەم بوارەدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان شانازییەكی مەزنی لەداهێنانی شێوازی شەڕ و جوانكاریی بەرخۆدان تۆماركردووە و گومەزی گیانبەخشینەكانی زۆر بڵند و باڵایە.

3
یەكێك لەو هەڵكەوتووە دەگمەنانەی گۆڕەپانی چالاكییەكانی بەقارەمانەتییەكانی رازاندووەتەوە و ئەستێرەگەشەیەكی جموجووڵ و فیداكاریی بووە، هەژاری دەرەوییانییە كە لەكەشوبای مەڵبەندێكی شۆڕشگێڕیی وەكو قەرەداغدا بەگیانی كوردپەروەری گۆشبووە.
هێشتا تەمەنی پانزدە ساڵان بوو بەیەكەم وانەكانی بیری ماركسیزم- لینینیزم ئاشنابوو.. هەتادەهات رووبەری هەستی یاخیبوون و هەنگاوەكانی بەرەنگاربوونەوەی ستەمكارییەكانی بەعسی لەلا فراوانتردەبوو تا گەیشتە ئەوەی خەباتی ژێرزەمینیی بەتەنیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی دوژمن بەسنییە و دەبێ‌ سەنگەری چەكداریی بەخوێن و ئارەقە گەرمبكرێتەوە.

4
ئەودەمە بەعس لەترۆپكی بەهێزیی سەربازیی و پڕچەكیدابوو، داروبەرد لەتاوانكاریی ئەو رژێمە دیكتاتۆرییە هەترەشی دەچوو، كونوقوژبنی وڵات بەدەسەڵاتی عەسكەرتارییانە ئاخنرابوو، بۆیە پێشمەرگایەتی كارێكی سەختبوو، دوژمن بەپڕچەكیی و تەكنۆلۆژیای سەربازیی سەردەم و پێشمەرگەش بە تفەنگە شڕێكەوە ئاوقای بووبووەوە، رۆژنەبوو هێزەكانی سوپا و جاش و ئەمن بۆ چاودێری و كۆنترۆڵكردنی جووڵەی پێشمەرگە شاخوداخ و هەردە و تەلانەكانی كوردستان كێوماڵنەكەن بەتایبەتی دەڤەری قەرەداغ كە پێگەیەكی گرنگی شۆڕش و پێشمەرگایەتی بوو. ئا لەودەمەدا و لە بەرەبەیانی رۆژێكی پاییزی ساڵی 1979 هەژار ماڵ بەجێدەهێڵێ‌ و تێكەڵ بەژیانێكی نوێی خەبات دەبێ‌ و خۆی لە دەفتەری شۆڕشدا ناونووسكرد.

5
هەژار وەكو شۆڕشگێڕێگ لەپێناوی ئازادیی نیشتماندا دایەشاخ و چەكهەڵدەگرێ‌، لەو ئەركە نوێیەدا گەیشتە ئەوەی كەسێ‌ تفەنگ هەڵبگرێ‌ و فیشەك و تاقم ببەستێ‌، گیان بەختدەكات و سەر دادەنێ‌.. شەڕ تەنیا لایەك تێیدا براوەنییە، بۆیە هەژار لەیەكەم ساتەكانەوە لەواتای شەڕ و ناوەڕۆكی گیانبەخشین شارەزابوو.

6
هەژار لەماوەیەكی كەمدا بووە هێمایەكی دەركەوتووی قارەمانێتیی و ناونیشانی چالاكییەكان، ئەو لەبەرامبەر رژێمێكدا كەوتە زۆرانبازییەوە كە باش دەیزانی هیچ بەراوردێك لەنێوان دوژمن و شۆڕشدا نییە، بەڵام دەشیزانی كە خاوەن دۆزێكی رەوایە، هەرگیز لەمەرگ دانەدەچڵەكی و لەتوانای زۆروزەوەندی دیكتاتۆرییەت نەدەپرینگایەوە.

7
ئازایەتی تایبەتمەندییەكی پێشمەرگەیە، كە پێشمەرگە ئازانەبێت ناتوانێ‌ رووبەڕووی دوژمن بێتەوە، هەندێكجار ئازایەتی پێشمەرگە سنووری وێناكردنی تێدەپەڕێنێ‌ و زۆرجاریش وەكو فلیمی خەیاڵی باسدەكرێ‌، ئازایەتی هەژار دەرەویانی لەو بابەتە بوو، رۆژ دوای رۆژ پلەكانی فەرماندەیی باڵاتردەبوو بەجۆرێك كە چاوەڕوانی زۆر گەورەی لێدەكرا وەكو داهێنەرێكی شۆڕشگێڕیی گۆڕەپانەكانی شەڕ و گۆڕایی چالاكییەكان بەداستان و دەستكەوتەوە بنەخشێنێ‌.

8
پێشمەرگەی یەكێتیی هەر بەوەوە نەدەوەستان كە تەنیا شەڕی دەشت و شاخ بكەن، پەلاماری رەبایە بدەن، بۆسە بۆ سوپا و جاشە خۆفرۆشەكان دابنێن، كە ئەمجۆرە شەڕانە بەچەكی سووك دەكران، ئەوكاتەش هەر ئەوجۆرە چەكانە بەدەست پێشمەرگەوە بوون، بەڵكو زۆرجاریش لەگەڵ داهاتنی تاریكی و كشوماتیی شەودا بەرەو ناوشار رێچكەیان دەبەست، بێباكانە دەچوونەناو قەڵا قایمەكانی دوژمنەوە، ئابڵۆقەی مەرگیان دەسەپاند، لەوێشدا هونەری چاونەترسییان دەنواند و پیاوەكانی دەسەڵاتیان زیڕەپێدەكرد.

9
دوای گفتوگۆی 1984 شاری سلێمانی بە هێزی سەربازیی جۆراوجۆر تەنرابوو، جادەی شەستی بەمەبەستی كۆنترۆڵكردنی بارودۆخی ئاسایشی شار دروستكرابوو، بەڵام ئەمەش نەبووە بەربەست لەبەردەم هەنگاوی پیاوە ئازاكانی شۆڕشدا بۆ گورزسراواندنە دامودەزگاكانی رژێم.

10
شەوی جەژن 6/7-6-1986 خەڵكیی خۆیان بۆ جەژن سازدەدا، كەچی هەژار دەرەویانی لەگەڵ پێنج هاوڕێیدا بەئاسپایی خۆیان كردەناو ماڵەكانی گەڕەكی خەباتی سلێمانیدا، ویستیان بەدەستكەوتی جەژنانەوە بگەڕێنەوە، ماڵ بەماڵ گەڕان تا دوو خۆفرۆشیان چنگكەوت، بەڵام لەگەڕانەوەدا كەوتنە بۆسەی چەكدارەكانی دوژمنەوە، هەموو رێگاكانی دەربازبوون بەهێز چنرابوو، شەڕێكی دەستەویەخەی دژوار بەرپاكرا، ئەو شەوە هەموو دارودیوارەكانی شار وەكو خەڵكە دڵسووتاوەكەی لەگەڵ ترپەی پێ‌ و هەناسەی گەرم و میلهێنانەوە و شریخەی تفەنگی پێشمەرگەكاندا هەناسەبڕكێیان بوو، دەستیان لەسەر گۆپكەی دڵیان دانابوو، داخۆ ئەنجامە چاوەڕواننەكراوەكان چیدەبێ‌؟ كە تەقە وەستا، كپییەكی تۆقێنەر ئەو ناوەی قووتدا، لە دووتوێی ئەو دۆخە هەژێنەرەدا هەواڵی شەهیدبوونی ئەو دەستەیە جووڵەی شاری چنی، گڵۆپەكانی سەرشەقام چاویان لەتاریكی خەمناكیدا خامۆشبوو، تەرمی پێنج پێشمەرگە "موكەڕەم، حسێن، جەمال، ئازاد، جاسم" لەو شەوەزەنگەدا لەلایەن گورگە هارەكانی رژێمەوە شوێنبزكران و تائێستاشی لەگەڵدابێ‌ هەر دیارنین.

10
وەلێ‌ شانەكانی رێكخستن لەو تەمتومانەدا هاتنەدەر و دەمودەست تەرمەكەی شەهید هەژاریان لە ماڵی حاجی عەبدولفەتاحدا شاردەوە و دواتر لەلایەن عەزیزی شووشە و عوسمان سەرزەلی و یونس دەرەویانی بە ئۆتۆمبیلێكی لاندكرۆز لەژێر قاڵبە سەهۆڵدا گەیەنرایەوە دەرەویانی زێد و لەوێ‌ بەخاكدەسپێردرا.
 
11
هەژار هەموو جارێك وریایانە دەچووە شارەوە و بە پەڕەمووچی پەلەپیتكەی تفەنگەكەی تابلۆی دەستكەوتەكانی دەنەخشاند، ملی پیاوە لەرزۆكەكانی بەعسی هەڵدەكێشا، كەچی ئەمجارەیان رۆژی جەژنی لەماڵی باوكە شەهیدەكەی كردە پەژارە، ئەوان چاوەڕوانبوون هەژار بەدەستكەوتەوە بگەڕێتەوە و دڵیانخۆشبێ‌، كەچی بوو بەپرسە، پرسەیەك شكۆیی هەژاری شەهید لە ئاستانەی باوكە شەهیدەكەیدا بەگەورەیی دەردەكەوت.. هەژار گیانی خۆی كردە جەژنانەی نیشتمانەكەی، چوون نیشتمان پێویستی بەوەها كەسانێكە مەدالیای خۆبەختكردن لە بەرۆكی نەمریی بدەن.

12
هەژار تاهەتایە دەنگێكی نەمریی ژێی شۆڕشگێڕیی و ئاوازێكی پڕ بەگەروی خۆشەویستیی كوردستانە.. ئەگەر گوڵ لەگوڵزار ببڕێ‌ بۆنوبەرامەی جوانیی و رازاوەیی هەڵدەپڕوكێ‌، ئەگەر ئاو لەڕووبار نەمێنێ‌ هاژەی تینوێتیی دەخنكێ‌، ئەگەر مرۆڤ لە نیشتمانەكەی دووربكرێ‌ بەفری بوون و مانەوە دەتوێتەوە، هەژار هەم گوڵی باخچەی كوردایەتی و هەم ئاوی بەهاژەی رووباری شۆڕشگێڕیی و هەم مرۆڤێك بۆ نیشتمان بوو.
هەژار لەپێناوی هەژار و چەوساوەكانی كوردستاندا خۆی لە گۆڕەپانی خۆبەختكردندا بینییەوە.. ئەو لەماڵی دنیا، لە خۆشییەكانی ژیان، لە توانای دارایی و پوول و پارە باخەڵەكانی پڕ لە هەژاریی بوو، بەڵام هەستەكانی بەبۆڵە خەونی كوردایەتی و سەبەتەی جوامێریی و دەفری خۆبەختكردن دەوڵەمەندبوو.
تك تك خوێنی هەژار و هاوڕێكانی لاپەڕەی قارەمانەتییەكانی مێژووی پێشمەرگایەتی و شۆڕشیان رازاندەوە.. ناوی هەژار دەرەویانی و هاوڕێكانی وەكو چرایەكی هەمیشە داگیرساو لە دەروازەی سەروەرییەكانی كوردایەتیدا دەگڕێ‌.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved