شوان كەریم كابان


هەورازە ئەم رێگایە، قوڵە ئەم برینە، بەسوێیە ئەم ئازارە، درێژە وەنەوزی ئەم شەوەم. وا جارێكیتر من دەست ئەدەمەوە قەڵەم و بۆ كۆچی نەوڕەسێكی ترم ئەنووسم، بۆ رەوی پەپوولەیەكیتر ئەگریم، بۆ سەفەرێكی ئەبەدی مرۆڤێكیتری دڵ گەورەی دڵ پڕ لەهیوا و ئاوات و خەوی بەدینەهاتوو ئەشك ئەڕێژم .
پێم مەڵێن بۆچی هەمیشە وشەكانم رەش پۆشن؟ پێم مەڵێن بۆچی جگە لەباسی ئەشك و ئازار و كۆچ هیچیتر نانووسم؟ گوڵێكم بدەنێ تاكو گۆرانییەكانتان بۆ بڵێم، عەشق و محەبەتم بدەنێ تاكو من قەسیدەی رۆژتان بۆ بنووسم، خەندەم بدەنێ تاكو شادی بكەمە ملوانكە و بیكەمە ملی هەمووتان .
من بڵێم چی هەر رۆژەی گوڵێك هەڵ ئەوەرێن، من بڵێم چی پەپوولەكان تەرە ئەكرێن. من بڵێم چی رق و كینە هێندە زۆرە نە خەندە بەرگە ئەگرێ و نە خۆشەویستی ئەڕوێ، من بڵێم چی؟
بەیانیت باش كاكە رزگار، كارگێڕە ماندووكە، باوكی"چرپەو چەپك" بەیانیت باش، بەیانیت باش گلێنەی شەهید جەباری حاجی رەشید، بەیانیت باش كادیرە نەفس درێژ و نەفس بەرزەكەی رێكخستن، لێپرسراوە تەتەرەكەی رێكخراوی سلێمانی  بەیانیت باش پێمناڵێی چۆن توانیان گوڵی تەمەنت لەبەردەم"چرپەو چەپك"دا هەڵبوەرێنن؟ پێمناڵێی چۆن توانیان ئەو شەوە رۆژی رووناكی تەمەنت تاریك بكەن؟ بۆ نا، توانیان!
كاك جەبار ئەوە رزگارە هاتووە بۆلاتان ئەوە لێپرسراوەكەی كەرتی شەهید ئارامە، ئەوە كوڕە فەقیر حقڵەكەیە ئەوەی هەموو جارێ بەجلوبەرگە بۆیاخییەكانی ئیشەوە ئەهاتە ماڵتان، كاك جەبار ئەوە ئەو كوڕەی رێكخستنە كە هەمیشە داوای ئەركی زیاتری ئەكرد بۆ جێبەجێكردنی، كاك جەبار ئەوە هاوڕێ رزگارە هاتووە ببێت بەمیوانی هەمیشەییتان وەك چۆن جاران جێگای لە سەرەوەی ژوورەكەی دڵت بوو، با ئێستاش وابێت، سەد مەخابن هاوڕێیان مەجلیسەكەتان گەرمە، سەد مەخابن .


كورتەیەك لە ژیانی شەهید رزگار


شەهید رزگار له‌ڕۆژی(11/2/1963) لەگەڕەكی كانی ئاسكانی شاری سلێمانی لەدایكبووە و دەرچووی پەیمانگای تەكنەلۆژی كەركوكە و ساڵی(1981) پەیوەندی كردووە بەڕیزەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان-ەوە، ساڵی(1990) لەگەڵ(29) هەڤاڵی رێكخستنیدا لەلایەن ئەمنی سلێمانییەوە دەستگیركراوە، لە(1/1/1992) بەپێی بڕیارێكی لێبوردنی رژێم ئازادكراو بێ ئەوەی رژێم هیچ سوودێكی لێوەربگرێت.
دوا پلەی ڕێكخراوەیی كارگێڕی مەڵبەندی سلێمانی بووە، شەوی(18/19/5/1996) لە سەرچنار و لەبەردەم ماڵه‌كەی خۆیدا شەهیدیان كرد.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved