سیروان سلێمان
تێكۆشەری كۆچكردو ساڵح ئەحمەد عەلی، ساڵی(1955) لە گوندی"ژاڵەی حاجی قادر"ی ناوچەی گەرمیان لە دایكبووە، بەهۆی نەبوونی خوێندنگە لە گوندەكەیاندا نەیتوانیوە بچێتە بەرخوێندن، هەربەمنداڵیش شانی داوەتەبەركار و كاسبی و لەگەڵ ئەوەشدا بەزوویی گیانی فیداكاریی و نیشتمانپەروەریی لە ناخیدا سەریهەڵداوە. بۆیە ساڵی(1972) دەبێتە پێشمەرگە لەشۆڕشی ئەیلولدا تا نسكۆی ساڵی(1975)و بەشداریی لەچەندین نەبەردیداكردووە.
دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكدار بەڕابەرایەتی"ی.ن.ك" دەبێتە هیوایەك بۆ ئەو تێكۆشەرە بۆیە لەساڵی (1977)دا، پەیوەندیدەكات بەڕێكخستنەكانی"ی.ن.ك"ەوە، ئەندامێكی چالاك و چاونەترس بووە، رۆژی (1/1/1979) دەبێتە پێشمەرگە لە مەفرەزەی(1)ی كەرتی(3)ی شەهید حەمە نەوڕەوی لە هەرێمی(1)ی شارەزوور. بەهۆی قارەمانێتییەوە لەساڵی(1980) دەبێتە جێگری فەرماندەی مەفرەزە لەكەرتی(3)ی شەهید هاوارو ساڵی(1981)یش كراوەتە فەرماندەی مەفرەزە.
لەنێو هاوڕێ و هاوسەنگەرەكانیدا تابڵێی خۆنەویست و بێدەنگ و خۆشەویست بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پیاوێكی ئازاو بەهیمەت بووە، دواتریش هەروەك جێگری فەرماندەی كەرت چۆتە كەرتی(7) ساڵی(1982) پاش ئەوەی كە باڵی بزوتنەوەی سۆسیالیست- دیموكراتی كوردستان و خەتی گشتی یەكیان گرت و یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستانیان پێكهێنا، بەشداریی هەردوو كۆنفرانسی ئەو یەكێتییەی كرد لەساڵانی(1983) خەتێ و(1984) مێرگەپان.
ساڵی(1984) لە پێكهێنانی تیپی(53)ی شێروانەدا كرایە جێگری فەرماندەی كەرتی(2)ی ئەو تیپە، رۆژی (18/2/1988) بەهۆی هێرشێكی رەشەكوژیی خۆفرۆشانەوە لەنێوان هەردوو گوندی(تازەدێ و حەسەن محە) دوو منداڵی بەناوەكانی(كۆسرەت و شنۆ) و سێ كەسی تری خێزانەكەیان بەناوەكانی(حەلاو محەمەد ئەحمەد، داپیرەیان، جەمال، خاڵۆیان و عومەری مامە سوورە) شەهید دەكرێن، هەروەها هاوسەرەكەشی بەسەختی بریندار دەبێت.
ئەو رووداوە كاریگەریی زۆر قوڵی لەسەر ساڵح پوقەیی هەبوو، بەڕادەیەك كە وێنەی منداڵەكانی كردبوو بەهاوڕێی رۆژانەی خۆی، بەردەوام لەبەر باخەڵی دەریدەهێنان و تێر تێر ماچی دەكردن و تووند بەسنگییەوە دەینوساندن، رۆژ لەدوای رۆژ برینەكانی قوڵتر و ئازارەكانی بەسوێتر دەبوون.
ساڵی(1988) لە ئەنفالدا كە هێزی پێشمەرگە بەرەو سنوورەكان پاشەكشەیان كرد، ژمارەیەكی زۆر پێشمەرگە لەڕێگەی كەسوكارەوە هاوسەرو منداڵەكانیان دەبرانەسەر سنوور یان بناری قەندیل و لەوێ بەیەكتری شاد دەبوونەوە، بەڵام ساڵح پوقەیی بەهۆی ساڕێژنەبوونی برینی لە دەستچوونی منداڵەكانییەوە نەڕۆیشت، هەموو بەیانییەكیش پێش خۆرهەڵهاتن دەچووە سەر رێگەو لەبندارێكدا دادەنیشت و بەدەم جگەرەكێشانەوە لە چاوەڕوانییەكی بێهوودەدا دەژیا، چاوەڕوانی هەواڵێكی منداڵە شەهیدەكانی و هاوسەرە بێسەروشوێنەكەی، كە ئێوارەی لێدەهات دەگەڕایەوە بۆ بارەگاكانی پێشمەرگە لە گوندی سوورەدێ و بۆ بەیانی كە رۆژ دەبۆوە، هەم دەگەڕایەوە بۆ شوێنی چاوەڕوانیكردنەكە.
چەند رۆژێك ئاوا تێپەڕی، ئیتر هاوڕێ و هاوسەنگەرەكانی چوونە لای و وتیان:
"كاكە ساڵح شتێك هەیە ئەمانەوێت چیتر لێت نەشارینەوە، نازانین چۆنیش پێت بڵێین داوات لێدەكەین دانبهخۆتدا بگرهو ئیرادەت بەهێز بێت"
ئەویش لە وەڵامدا پێیوتوون:
"هەرچییەك بووە پێم بڵێن ئاسایی وەریدەگرم"
هاوڕێكانی پێیانوتووه:
"توبای خوشكت و هاوسەرەكەت و كۆرپەكەی دهستگیركراون لەلایەن جاشەكانهوەو دراونهتە دەست جەللادەكانی بەعس"
ئەویش سەرێكی بۆ لەقاندون و هەناسەیەكی قوڵی هەڵكێشاوهو هۆن هۆن فرمێسك بەچاوانیدا هاتۆتە خوارەوەو جگەرەیەكی داگیرساندووهو لەگەڵ لێدانی قومی جگەرەكەیدا پێیوتوون:
"خۆزگە ئەمانیش لەگەڵ كۆسرەت و شنۆدا شەهید بوونایە ئازاریان كەمتر دەبوو.."
لەڕاپەڕینی(1991) دەبێتەوە بەپێشمەرگەو رۆڵی ئازایانەی بینیوە، دواتر دەبێتە ئاسایش بەپلەی(رێپێدراوی یەك) لەئاسایشی سمودو ماوەی چوار ساڵ خزمەت دەكات، دوای خانەنشین بوونیشی شەرەفی ئەندام كۆمیتەی لەكۆمیتەی رێكخستنی سمودی پێ دەبەخشرێت.
بەشداریی لە دەیان داستان و نەبەردی كردووە، وەك: شەڕەكانی خۆرهەڵاتی كوردستان، دزڵی، بناری سورێن. دەشتی شارەزوور، شارباژێر، دووجارگرتنی ناحیەی سەنگاو، شەڕەكانی سەركردایەتی، ناوچەی شارباژێر. قەرەداغ، شەڕەكانی گەرمیان وەك: گۆمەزەرد، میلان، پاروێڵە، باوەنور، گۆبان، سەید خەلیل، شاخی گوڵان، زەردە، زەنبوور، گڵەزەردە، شاتوان و بێ رەشەكە و راپەڕینی(1991).
بەداخەوە، رۆژی (14/5/2006) بەڕوداوێكی دڵتەزێن گیانی سپارد.
* سەرچاوەی زانیارییەكان "مەلا ئەحمەد جەیران" هاوڕێ و هاوسەنگەری ساڵح پوقەیی.
بابەتی زیاتر