حەمە عەلى*




بۆ فریشتەکەی رۆژهەڵاتم، بۆ گوڵە هەرمێکەی چیای ئەربابا و کەلیخانی رەشید خان !بۆ دارقەزوانەکەی شاخی وەنەوشەی سەقزی دڵم. سەردەمێک رۆژهەڵاتەکەم زیندانێکی گەورەی دووژمنان بوو. هەناسەی ئازادی زیندان و یەخسیربوو، کتێب و سرود و شای و لۆغان، مردن و سزای لەدوابوو، سێداره لە شوێنی پێنووس و زیندانیش لە شوێنی کتێب و سرود بوو..
جەژنى نەورۆز و هەڵپەڕکێی کیژان و کوڕانی نیشتمانم زیندان و کوشتنی لەدوابوو، گۆرانی و سەمای پڕوشەی بەفر و بارانی بەخوڕ مەرگی لەدوابوو، ئێوارەیەکی نەورۆزی نیشتمان لە شاخی وەنەوشەی سەقز گەنجان و لاوانی ئازای نیشتمان ئاگری پیرۆزی نەورۆزیان کردەوە. بەدەنگێکی زوڵاڵی ئاڵتوونی سرودی نەورۆزیان چڕی، دەنگ و زەنای سرودێکی نوێ گەیشت ناوشاری سەقز دەنگی بێدەنگی شکا و لەکوچە و کۆڵانی شار ئاگر کرایەوە، سرودی نەورۆزیش مەشخەڵ و گڕێکی پیرۆز بوو، دوژمنانی هێنایە لەرزە.
شەوەکەی دەستکرا بەدەستگیرکردنی لاوانی شار. هەر ئەوشەوە "شەریفی قورئانی" کوڕی نەورۆز، بەناو تاریکی شەوێکی پڕ مەترسیدا، بەرەو سنوور کەوتەڕێ، هەڵۆیەکی تیژی بەهێزبوو، هەنگاوەکانی سنووری دەستکردی ورد و خاشکرد، دیدە بەهێزەکەی لەو شەوەدا چرایەک بوو توولە رێگا تاریکەکانی دەکرد بەچراخان، لەگەڵ گزنگی سپێدەیەکی نوێدا گەیشت بەبلکیانی بەهەشتەکەی پێنجوێن. بوو بەمسافیرێکی کاروانی ئەیلوولییەکان وەک بازێکی چاوتیژ لەم چیا دەچوو بۆ ئەو چیا.
گرمە و ناڵە لەهەرکوێ بوایە ئەم پێشمەرگەی ئەو سەنگەرە بوو زام لەهەرکوێ بوایە ئەم تیمارکەر بوو، هێرش لەهەرکوێ بوایە ئەم جەنگاوەر بوو! خەندە لەهەرکوێ بوایە ئەم سەرچۆپی کێشبوو، لەشەوێکی باراناوی بلکیاندا هەواڵێکی جەرگبڕ گەیشت بەدڵی، ئەویش خامۆشبوون و کوژاندنەوەی چرای شۆڕشی نیشتمان بوو! چەکەکان بێدەنگ کران، چەپەر و سەنگەرەکان رووخان هیوا سەوزەکان زەردبوون، هەڵۆکانی ئاسمان لەفڕین کەوتن، کەو قاسپەی لە شاخ نەما، هەورەکان لەبارین کەوتن.
چرای هیواکانی خەڵک خامۆشکران، بەڵام "شەریفی قورئانی" باوەڕى قەندیل بوو هیچ هێزێک نەیدەتوانی بیڕوخێنێ کەسکی رۆحی پڕ لەئومێد بوو، شەیتانەکانى رۆژگار نەیاندەتوانی زەردی بکەن! هیوای بۆ ژیان و بۆ داهاتوو پڕ لەورەی سەوزبوو، ئەو باوەڕی بەگلان و نسکۆ نەبوو مرۆڤێکی پشوو درێژ و خۆڕاگر و ئازابوو، ئەوکاتەی زەنگی نوێ و مەشخەڵی نوێ لە چیاکانی عەواڵان و شلێر لێدرا، شێر ئاسا خۆی گەیاندە لووتکەی چیاکان، دوڵ بەدۆڵ، زنار بەزنار، لووتکە بەلووتکە دەگەڕا بەدوای پۆشاکە سەوزەکانی پێنجوێندا.
رۆژ دەهات و شەو تەواو دەبوو، عاشقێکی عەوداڵ بوو هەنگاوەکانى جەستەی ماندووێتیان نەدەزانی. سپێدەی بەیانییەکی هاوین بوو خۆی گەیاندە باڵای شاخی"حەسرۆک" پێشمەرگە پۆشاک سەوزەکانی پێنجوێن لەناو رەوەز و ئەشکەوتێکی ئەم چیا سەختەدابوون، هەر لەدوورەوە بوو بەهاوار و زەنا، ئەرەوەڵا "شەریفی قورئانی" گەیشتەلامان یاخوا بەخێربێیت کاکە شەریف بۆناومان، بەهاتنی تۆ شۆڕش گەشەدەکا و بەرەوپێش دەڕوا، لەگەڵ یەکەم هەنگاوی بۆناو ئەشکەوتەکە چاوەکانی پڕ لەگریان و خۆشیبوو، یەکبەیەکی پێشمەرگە پۆشاک سەوزەکانی پێنجوێنی ماچکرد تاوێک دەگریا و تاوێکیش خەندەی شیرین دەچووە سەرلێوەکانی، بوو بەمیوانی کاروانێکی بێکۆتایی.
شەوانە گوند بەگوند دەگەڕان و رۆژیش لەناودڵی شاخەکانی کەونەڕەش و بەیبوک و شاخی شەوەقەت و قەڵای کچێدا خۆیان حەشاردەدا. پۆشاک سەوزەکانی پێنجوێن کوڕی رەوەز و شاخەکانی نیشتمانبوون"شەریفی قورئانی" بوو بەیەکێک لەپێشمەرگە پۆشاک سەوزەکانی سەردەمێکی نوێ، شاخ بەشاخ، دۆڵ بەدۆڵ، لووتکە بەلووتکەی نیشتمان دەگەڕا و پەیامی نوێی دەگەیاند بەعاشقانی نیشتمان. لەم کاروانە سەختە بێکۆتاییەدا هەرگیز جەستە و رۆحی ماندوویی نەدەزانی، دەیانجار مەرگی بەچاوەکانی بینی. چەندینجار مەرگ ئامێزی جەستەی بوو. بەڵام ئەم مەرگی راودەنا و بەردەوامی بەژیان دەدا، کام سەنگەر سەخت و دژوار بوایە ئەم لەوێ بوو.
بووبەیەکێک لە دوانزە سوارەکەی مەریوان، بوو بەیەکێک لە تۆپچییە دەستڕاستەکانی شۆڕشی نوێ، کام مۆڵگای دووژمن بەهێز بوایە، ئەم بەهاوەن و کاتوێشا وێرانی دەکرد. لەگەڵ گەورەبوونی شۆڕشدا، تەمەنی ئەمیش هەڵکشاو بوو بەپیرە هەڵۆیەکی رۆح سپی چیاکانی کوردستان. دواجار پیاوە شەیتانەکانی ئەهریمەن لەڕۆژێکی بەهاریدا هێرشیان کردەسەر سەنگەرەکەی و لە قەڵای خورماڵ خۆی و پێنج هاوڕێیان شەهید کرد! دواجار مامەیارەکەی پێنجوێن لەناو سەنگەری بەرگریدا رۆحی بەخشی بەنیشتمان، هەزار چەپکە گوڵ بۆ مەزار و گڵکۆی پیرۆزی.

چەند دێڕێک لەسەر ژیانى پێشمەرگایەتى شەهید..


"شەریف محەمەد ساڵح" ناسراو بەشەریفی قورئانی، ساڵی(1941) لەشاری سەقزی رۆژهەڵاتى کوردستان لەدایکبووە. ساڵی(1961) پەیوەندی کردووە بەشۆڕشی ئەیلوولەوە. دوای نسکۆ دەچێتەوە بۆ شاری بانە و ساڵی(1977) پەیوەندی دەکات بەمەفرەزە سەرەتاکانی شۆڕشەوە. دەچێتە دەستەکەی خوالێخۆشبوو"بەکری حاجی سەفەر"ەوە. دواتر لەگەڵ خوالێخۆشبوو دەچێتە هەرێمی(٣)ی شارباژێڕ. کە ئەوکات خوالێخۆشبوو کاک بەکر ئامر هەرێمی (٣)بووە.
ساڵی(1985) دەچێته تیپی(37)ى شارباژێڕ، ساڵی(1987) بوو بەفەرماندەی کەرت لە تیپی تۆپخانەی شۆڕش، دوای ئەنفالەکان دەچێتە بەتالێۆنی(7) دوای راپەڕین دەبێ بەلێپرسراوی بەتالێونی تۆپخانەی هێزی پێنجوێن، ساڵی(1993) دەبێ بەفەرماندەی هێزی(4)ى پێنجوێن. رۆژى(5/٥ى ساڵى1994) لەشەڕێكی نابەرامبەرو پاش چوارکاتژمێر بەرگریکردن لەقەڵای خورماڵ و دواى ئەوەى تەقەمەنیان پێنامێنی و بەدیل دەگیرێن، فەرماندە"شەریفى قورئانى"و (16) پێشمەرگە بەدەستى پارتى و ئیسلامییەکان شەهید دەکرێن(12) پێشمەرگەیان لەدەستەی فەرماندە، كوردۆ قاسم بوون و ئەوانیتر دانیشتووى شارى پێنجوێن بوون بەم ناوانە:
1- عوسمان رەحمان.
2- جەمال فەرەج.
3- نەوزاد شێخ خالید.
4- كەریم هەڵاڵەوایی.
5- مەحمود هەڵاڵە.
مانگی(5/ى ساڵی 1981) کەرتی(١)ی هەرێمی(٣) لەگەڵ کەرتی هەرێمى(٣) سێ بەسەرپەرشتی کاک بەکری حاجی سەفەر و شەهید عەلی چوارتایی و شەریفی قورئانی، بەهاوەنی(81ملم) هاوانبارانی رەبایەکانی ئۆردوگای سوورە قەڵاتیان کرد، هاوەنەکان شوێنی خۆیان پێکا، هەرلەهەمان مانگدا هەمان هێز لەنێوان گوندی بەردەزەرد و مێکوکاندا هاوانبارانی سەربازگای چوارتایان کرد و گولە هاوەنەکان شوێنی خۆیان پێکا. هەردوو جارەکە شەهید شەریفی قورئانی سەرپەرشتی هەردوو هێرشەکەی کرد بۆ چوارتا و سوورە قەڵات، ئەو هاوەنەکانی دەنا بەدوژمنەوە، رۆحی شادبێ شوێنی بەهەشت بێت.

* پێشمەرگەى دێرین.
* هەندێک زانیاریم لەسەر ئەو چالاکیانەى لەماوەى پێشمەرگایەتیدا بەئەنجامیگەیاندووە لەکاک ئەنوەری کوڕی وەرگرتووە، بەڵام ئەوەی چوارتا و سوورە قەڵات خۆم لە نزیکەوە ئاگادارم.
 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved