مەریوان ئەحمەد لاوە






بۆیان یەکلابۆوە کە رژێمى دیکتاتۆرى بەعس نیازى بەسووتماککردنى گوند و پاکتاوکردنى خەڵکەکەیەتى، دەستەبەجێ و بەپێی بڕیارى سەرکردایەتى، تائەوشوێنەى بۆیانکرا لەگەڵ ئەو سوپا نابەرامبەر و زەبەلاحەى رژێمى دیکتاتۆریدا، گوند و دانیشتوانەکانیان لە دەستى زاڵمانەى بەعسییەکان پاراست..
ئەنفال ئەو شاڵاوە یەکلەدواییەکەى، ئەو دێوەزمەیی هەرچییەکى دەستبکەوتایە وەک ئەوەى تاکە گەرووى مەرگ بێت لەسەر ئەم هەسارەیە هەڵیدەلووشى! بەرنامەى بەعسییەکان زۆر لەوە گشتگیرتربوو تەنها بەسووتانى گوندەکان و کوشتنى خەڵکەکانیان دەستهەڵبگرێ، بەرنامەیان بەشێوەیەک بوو لەدواى شاڵاوى ئەنفالى گوندەکان وردە وردە دەستبکات بەڕاگواستنى شار و شارۆچکەکان و بەپێی ئەو پلانەى لە ستراتیجەکەیدابوو شتێک نەمێنێتەوە پێی بووترێ زمانى کوردى و شار و شارۆچکە و گوند و تاکى کوردى.
تەنها تروسکایی خەڵک لەو دەمەدا پێشمەرگەکانى"یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان"  بوو کە لەسەر ئەرزى واقیع بتوانى رووبەڕووى ئەو شاڵاوە یەکلەدواییەکە بووەستێتەوە. هەربۆیە هێزێك لە پێشمەرگەکانی تیپی(١٧)ی زمناكۆ و تیپی(55)ی قەرەداغ پێکدەهێنرێ بۆئەوەى لە یەکێک لە ناوچەکان بەربەو شاڵاوە بگرن، لەکاتێکدا دەکەونە شەڕەوە تا دوا فیشەک شەڕ لەگەڵ ئەو سوپا دڕندەیەى بەعسدا دەکەن.
یەك مانگ و هەژدە رۆژ بەسەر كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا تێپەڕبووبوو، هێشتا هەڵەبجە لەدواین هەناسەكانی خۆیدابوو كە سەركردایەتی ئەوكاتی"یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان" هێزێك لە پێشمەرگەکانی تیپی (١٧)ی زمناكۆ و تیپی (٥٥)ی قەرەداغ پێكدەهێنێت بۆ ئەوەی بەهانای گوندەكانی دەشتی كۆیەوە بچن بەنیازی بەرگریكردن لێیان و دوورخستنەوەیان لە دەستی رەشی ئەنفال. لەكاتێكدا دەگەنە شوێنی مەبەست، لەگەڵ هێزێكی زەبەلاحی دوژمن كە پڕچەك كرابوو بەچەكی قورس و چەندین كۆپتەر تیایدا بەشداربوون، دەكەونە شەڕێكی سەختەوە. پێشمەرگەكان ئازایانە رووبەڕوویان دەبنەوە و تادواین فیشەك لەگەڵ هێزە تایبەتەكەی رژێمی بەعسدا شەڕێكی قارەمانانە دەكەن!
لەگەڵ ئەوەی كە گوندەكان بەفڕۆكە و كۆپتەرەکانی رژێمی دیكتاتۆر بۆمباران دەكران و لەزەویشەوە بەشێوەیەكی دڕندانە پەلامار دەدران. بەتەواوی بەرەو چۆڵبوون رۆیشتبوون، هیچ كۆمەكێك نەگەیشتبووە دەست پێشمەرگەكان، بەقارەمانێتی خۆیان هێزە دڕندەكەی بەعس پەرێشان دەكەن و نایەڵن لەوە زیاتر پێشڕەوی بكەن و دەستیان بگاتە دانیشتوانی گوندەكانی ئەو ناوچەیە، مەخابن لە ئەنجامی ئەو شەڕە سەختەدا و لەڕۆژى(٤/٥/١٩٨٨) دە پێشمەرگەی قارەمان بەم ناوانە شەهید دەبن:
"مامەقالە قڕگەیی، محەمەد دسكەرەیی، مەناف تەوێڵەیی، ئەنوەری خەلیفە خورشید، ئەحمەد كوردە، ستار دێوانەیی، نەوزادی كفری. عەبدولئەمیر، وشیار كەركوكی، وەستا تایەر" ناسراو بەتایەرە سوور، تائێستاش(٨) لەو پێشمەرگانە گۆڕ بزركراون و تەنها گۆڕی دوان لەو پێشمەرگانە بەناوەكانی"وەستا تایەر و محەمەد دسكەرەیی" دۆزراونەتەوە، وەكو باسدەكرێ ئەو(٨) پێشمەرگەیەی تر لەكاتێكدا كە فیشەكیان پێنامێنێت لەلایەن دڕندەكانی بەعسەوە دەستگیر دەكرێن و بەكۆپتەر گوێزراونەتەوە بۆ شوێنێكی نادیار.
پەیمان تازە دەكەینەوە ئەو رێگایەی ئەوان گرتبوویان، رێگای رزگاریی كورد و كوردستان، بۆ هەمیشە لێی لانەدەین و هەردەم وەكو ئەوان پێشمەرگە و پارێزەری خاكی پیرۆزی كوردستان بین، لەم رۆژەدا كە بۆ ئێمە مایەی خەمێكی قوڵ و مایەی شانازییەكی گەورەشە، داوا لەلایەنە سیاسییەكان دەكەین لەوە زیاتر خوێنی شەهیدان بەفەرامۆشی نەسپێرن و بەوەفابن بۆ ئەو رێگایەی كە ئەوان تادواهەنگاو لەسەری رۆیشتن. داوایان لێ دەكەین ئاشتی یەكجارەكی بچەسپێنن و ئەوەی گرەنتی مانەوەی ئەوانیش بكات گەڕانەوەیە بۆلای خەڵك و پەیمان تازەكردنەوەیانە لەگەڵ هاوڕێ شەهیدەكانیان.
 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved