*   گیروگرفتی دەوڵەتی فیدراڵی پێکهاتوو لە دوو یان سێ هەرێم
*   نووسینی: د. شۆڕش حەسەن عومەر
*   بڵاوکراوەکانی ئەکادیمیای هۆشیاری و پێگەیاندنی کادیران
*   سلێمانی - ٢٠١٣
*   ژمارەی سپاردنی بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی   کتێبخانە گشتییەکان (٢٩٠٢) ی ساڵی ٢٠١٣
*   هەڵەبڕ: محەمەد عومەر
*   دیزاینی ناوەوە و بەرگ: جوان قادر سۆفی
*   چاپی یەکەم
لە بەشێکی ئەم نامیلکەیەدا هاتووە:
ژمارەی یەکەى پێکهێنەری دەوڵەتی فیدرال کاریگەریی هەیە لەسەر سەرکەوتن و ژێرکەوتنی ئەزموونی فیدرالی هـەر وڵاتێک. هـەر دەوڵەتێکی فیدرال چەند پێکهاتوو  بێ لە ژمارەیەکی زۆری یەکەى سیاسی، باشتر دەتوانێ بەردەوام بێ و سەرکەوتوتریش دەبێ وەکو لە نموونەکانی ئەمریکا و سویسراو و ئەڵمانیا دا دەردەکەوێ، چونکە لەم چەشنە یەکگرتنە فیدرالییانەدا ڕێککەوتن لەنێوان یەکە پێکهێنەرەکاندا ئاسان نابێ و هـەروەهـا دروست کردنی زۆرینەش کارێکی سانا نابێ، چونکە هـەموارکردنی دەستووری فیدرال پێویستی بە ڕەزامەندیی زۆرینەی یەکە پێکهێنەرەکانی دەوڵەتە فیدرالەکە دەبێ.
ئەو دەوڵەتە فیدرالییانەی کەلە ژمارەیەک یەکەى فیدرال پێکدێن وەکو دوو یان سێ یەکە، بە شێوەیەکی گشتی دووچاری چەندەها گرفت دەبن و زۆرینەی کاتیش بە زەحمەت سەرکەوتوودەبن.

کێشەی جیابوونەوەی هەرێمەکانی دەوڵەتی فیدراڵ
یەکێ لەو گرفتە گرنگانەی کە دێنە بەر ڕێی یەکێتییە فیدرالییەکان گرفتی جیابوونەوەی هەرێمەکان یان یەکە پێکهێنەرەکانی
فیدراسیۆنەکەیە. ئەگەر لە دەستووری فیدراڵدا دەقێک هەبێ ڕێ بە هەرێمەکان بدا جیاببنەوە، ئەوا جیابوونەوەی ئەو هەرێمانە جیابوونەوەیەکی فیدراڵ دەبێ، بەڵام زۆربەی کات دەستوورە فیدراڵیەکان بە ئاشکرا و بە نائاشکرا ئەو مافە بەهەرێمەکان نادەن، بە ڕەچاوکردنی ئەوەی کە هەندێ لە دەستوورەکان ئەو مافەی سەلماندووە وەکو دەستووری ساڵانی ١٩٢٤ و ١٩٣٦ و ١٩٧٧ی یەکێتیی سۆڤێتی پێشوو، بەڵام لەبەر ئەوەی لە یەکێتیی سۆڤێتدا یەک حزب کۆنترۆڵی هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی بەدەستەوە بوو و ئەو حزبانەش کە لە کۆمارەکان حوکمیان دەکرد، لە ڕاستیدا حزبی سەربەخۆ نەبوون، بەڵکو لقی حزبی کۆمۆنیستی یەکێتیی سۆڤێت بوون، واتە ناساندنی مافەکە بە کردەوە هیچی لێ نەکەوتەوە و مافی جیابوونەوە تەنها وەکو مافێکی تیۆریکی مایەوەو هیچ دەرفەتێک بۆ جیابوونەوە لەئارادا نەبوو، بەتایبەتی کە پرنسیپی ناوەندێتی توندوتۆڵ بەئاشکراو بەڕونی بەسەر سیستەمی سیاسیدا زاڵ بوو. هەروەها ئەگەر بڕوانینە دەستووری ساڵی ١٩٩٤ی ئەسیوپیا دەبینین لەبڕگە ٤ی ماددەی ٣٩دا دەقێکی ڕوون هەیە مافی چارەی خۆنووسین بۆ گروپە ئیتنیکییەکان و نەتەوەو گەل و تایفەکان دەسەلمێنێ بەمافی جیابوونەوەشەوه، بەڵام لەبەرامبەر ئەو سەلماندنەدا دەستوور چەندەها میکانیزمی دانا بەجۆرێك کەجێبەجێ کردنی دەقەکەی بەکردەوە کردۆتە کارێکی نزیک لەمەحاڵ.
 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved