كاوان ئەحمەد حهمە ساڵح هەڵەبجەیی
بهشی دووهم و كۆتایی
سیروان، كەسێكی پراكتیكی بوو حەزی لە زۆر وتن نەبوو. قورسترین ئەركت پێ سپێردبا، نەخێری نەبوو. ئەوكاتەش، مشتومڕ لەناو كۆمەڵەدا هەبوو، سیروان، زۆر لایەنگری چارەسەری كێشەكان و دژی قوڵكردنەوەی ناكۆكییەكان بوو. خەم و پەژارەی ئەوەبوو، شۆڕش بەرپابكرێتەوە. مشتومڕەكان، هەتا رادەیەك ئارام كرایەوە. تێكڕا بڕیاری شۆڕشمان دایەوە و هاوڕێیانی زیندانیش"شەهید شیهاب و كاك فەرەیدون عەبدولقادر و عومەری سەید عەلی و شەهید جەعفەر"مان لە بڕیاری بەرپابوونی شۆڕش، لەڕێی چەندین هاوڕێی دڵسۆزەوە ئاگاداركردەوە وهكو"نازەنین خانی هاوسەری شەهید شیهاب، رووناكی شێخ جەناب، دلێری سەید مەجید، شەهید عەبدولڕەزاق، نەرمین عوسمان و پاكیزەخان" كاتێك، پەیوەندی بە مام جەلال كراو كارەكان رێكخران. سەركردایەتی كۆمەڵە لە زیندان ئاگاداركران و رەزامەندبوون شۆڕش بەرپابكرێ.
كۆمیتەی هەرێمەكان، دەستمان ئاواڵابوو. بۆڵەبۆڵچییەكان پاشەكشەیان كرد. شەهید سیروان باشتر هاتەپێشەوە. هەموو توانای خستەكار. شەو و رۆژی نەدەزانی. هەركارێكت پێ سپێردبا، وەكو دەویسترا جێبەجێیدەكرد. لەسەروبەندی ناردنەدەرەوەی مەفرەزەكانیشدا، سەرەتا وەكو رابەری سیاسی مەفرەزەی شەهید ئەنوەری مەجید سوڵتان، بۆ ناوچەی بەرزنجە و شارباژێڕ، مانگی(8ی1976) ناردمانە دەرەوە.
باشم بیرە دوانیوەڕۆ بوو بەئۆتومبێلێکى جۆرى قەمەرە چووم بەدوایدا. لە ماڵی ئەشرەف تاڵەبانی بوو، خوار جادەی ئیبرایم پاشا لە پشتی دەرگاكە چاوەڕوانی دەكرد، كە لە دەرگامدا، دەستبەجێ هاتەدەرەوە. ئەشرەف خۆی پەنادابوو. بەڵام ئەوكاتەش داڵدەدانی سیروان و لەماڵی ئەوانەوە چوونە ریزی شۆڕش، كارێكی جوامێرانەبوو، سیروان وەكو سیروان كەوتەڕێ و رێگەی هەتا شەهیدبوون بەرنەدا.
شەهید سیروان، هەتا رێبەندانی(1977) لە بەرزنجەدا مایەوە. دوایی، بەهۆی ململانێكانەوە، خۆی پێ نەگیراو خۆی بۆ قەراغ گواستەوە، چونكە هەمووی كۆمەڵە بوو. من نەمبینییەوە هەتا شەهیدبوونی كاكە ئارام و مامۆستا شەماڵ. لەگەڵ سامان گەرمیانی و دلێری سەید مەجید و فەرید ئەسەسەرد بۆ لێكۆڵینەوە لە شەهیدبوونی كاكە ئارام، لە دەشتی هەولێرەوە گەیشتینە قەراغ. لە میریاسی سەرو خراپ لێمان قەوما.
بەفەلاكەت دوای شەهیدبوونی مامۆستا"محەمەد چاوشین، شەهید شەماڵ" خۆمان گەیاندە ئاوایی گەورە. دوای دوو رۆژ شەهید سیروانمان بینییەوە. خۆی و(50) پێشمەرگە. پێشمەرگە بەمانای چەمك و بەمانای جوامێریی. مامۆستا جەعفەر و مام رۆستەم و شەهید گۆران و شەهید شاهۆ و دەیان هاوڕێم بینییەوە. خەمباریی شەهید ئارام و شەهید شەماڵ و شەهید سادق، ئاوێتەی خەمخواردنی بەرنەدانی رێبازەكانیان بووبوو. شەهید سیروان ئەوكاتە، هەر بەلێوەشاوەیی و بزۆزی پارتیزانی خۆی، بووبوو بەكەسایەتی هەڵكەوتووی سەرانسەری ناوچەكە. لای رژێم، وەكو كەسێكی خەتەرناك لەسەر رژێم حسابی بۆ دەكرا.
كە یەكمانبینی، چەند رۆژێك پێكەوەبووین. هێشتا خۆپیشاندانەكانی ئێران دەستی پێ نەكردبوو. هاوڕێیەتیمان بەتینتربوو. هەرلەوێدا، ئامر مەفرەزە و رابەرە سیاسییەكان پێشنیازیان كرد، من، هەوڵبدەم سیروان بكرێتە ئامر هەرێم. گفتمدا و گفتەكەشم بردەسەر.
ئەوكاتەی شەهید سیروان فەرماندەی هەرێمی(5)ی قەرەداغ بوو، رۆژ دوای رۆژ هەرێمەكەی لە گەشەكردندابوو، ئەوەش دەگەڕایەوە بۆ ئازایەتی شەهید سیروان و پێشمەرگەكانی، بۆیە شەهید هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدابوو گورزی كوشندە لە دوژمن بوەشێنێت، بۆ ئەومەبەستەش لە دواكۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەركردایەتی كە لەگوندی شێنێی سەرسنوور بەسترا، توانی بڕێكی باش چەك و تەقەمەنی پەیدا بكات و بەڕێكەوتەوە بۆناوچەكانی سلێمانی تا پەرە بەچالاكییە سەربازییەكان بدات و ببێتەهۆی گۆڕانێكی نەوعی لە چالاكییەكانی هێزی پێشمەرگە، شەهید بەو پڕچەكبوونەی هەرێمەكەی زۆر دڵخۆشبوو، لەولاشەوە رژێم لە هەوڵی ئەوەدا بوو بەهەرشێوەیەك بێت سیروان تاڵەبانی لەناوبەرێ و تواناكانی خستبووەگەڕ".
سامان گەرمیانی ئەندامی سەركردایەتی"ی. ن.ك" لەسەرشەهید سیروان دەڵێت:
"كەسایەتی شەهید سیروان لەڕووی سیاسی و سەربازی و كۆمەڵایەتییەوە باشترین كەس بووە وەكو دەڵێن كاك سیروان بیست و چوار عەیاربوو واتە ئەوەندە بێوێنەبوو، ئەوكاتەی لێپرسراوی هەرێمی پێنجی قەرەداغ و گەرمیان بوو ماڵ نەبووە شەهید سیروان وەك كوڕی خۆیان نەبینن
شەهید سیروان تاڵەبانی یەكێك لەئەستێرە دیارەكانی یەكێتی
مەلابەختیار، لێپرسراوی پێشووى دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی"ی.ن.ك" دەڵێت:
"بەشبەحاڵی خۆم، كە سەیری مێژوو دەكەم و لاپەڕەكانی هەڵدەدەمەوە، شەهید سیروان تاڵەبانی یەكێك لە ئەستێرە دیارەكانی یەكێتیی، یەكێك لە شۆڕشگێر، دڵسۆز، قارەمان و جوامێری رۆژگاری تەنگانەی یەكێتیی و شۆڕشی نوێ و كاتی خۆیشی كۆمەڵە بوو، بۆیە دەبێ مرۆڤ بەویژدانەوە، بەگەشی ئەو مێژووەو ناوی سیروان تاڵەبانی بنووسێتەوە"
وتیشی:
"هیچ كات و رۆژگارێك ناتوانم ئاستی قارەمانێتی، خۆبەخشی، زەحمەت و نەهامەتییەكانی كاك سیروان كە لەخەباتی نهێنی دیویەتی، لە بیربەرمەوەو، لەوكاتەدا قەرەداغ، بەقەسابخانەی شۆڕشی نوێ ناسرابوو. سەركردایەتی ئەمری كرد كە كاك سیروان خۆیی و مەفرەزەكەی شاخی قەرەداغ چۆڵ بكەن، بەڵام شەهید سیروان وەڵامیدایەوە، كە مەگەر شاخی قەرەداغ، قەرەداغ چۆڵبكات، ئەگەرنا ئێمە ئێرە چۆڵ ناكەین، بۆیە ئێمەومانان و هەموو ئەو هەڤاڵانەی كاك سیروان- مان دەناسی، قەرزارباری قارەمانێتیانین، شەهید سیروان تاڵەبانی، یەكێك لە قارەمانە گەورەكانی یەكێتییە"
مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی دەڵێت:
"بیرمە قەراغ ناونرابوو قەسابخانەی شۆڕش، ئەمەش لەوەوە هاتبوو كە، رژێم قورسایی خۆی خستبووە سەر ئەو ناوچەیە. چونكە لەسەر سلێمانی، دەربەندیخان، گەرمیان، شارەزوورو كەركوك، پێشمەرگەكان كاریگەرییان هەبوو. تەنانەت بۆ دوزخورماتوو، كفری و خواروتریش. لە پەرۆشییەوە مەكتەبی سیاسی و مام جەلال بڕیاریان دابوو، ماوەیەك هێزەكان لە قەراغ بكشێنەوە. شەهید سیروان فەرماندەكانی كۆكردبۆوە، هانیدابوون، وەڵامی بڕیارەكە بدرێتەوە كە ناوچەكە چۆڵ ناكەن و سەركردایەتی دڵنیابێ، دوژمن هەراسان دەكەن. من كە ئەو قسانەم لە شەهید سیروان دەبیست ئەوەندەی تر باڵای جوامێری لام بەرزتر دەبوو.
شەهید سیروان و هاوڕێكانی بەنەخشەی ئیستخبارات خرانە بۆسەوە، شەهید سیروان و شەهیدانی هاوڕێ "حەسەن خاوێی و عەلی چەلەبی و حاجی چاوشین و نەجات كەركوكی و محەمەد كەریم و هەژار" كەوتنە بۆسەوە كە بۆیەكەمین جاربوو لەو ناوچەیە جەسرەبەی كوشندە وابخۆین، چونكە ئەو گەلە چاشە زەبرێكی یەكجار گورجكبڕیان لە ئێمەدا، بۆیە من بەشبەحاڵی خۆم پێموایە ئەو جاشانە هەتا هەتایە رووڕەشترین مرۆڤەكانی مێژووی ئێمە دەبن، چونكە ئەگەر ئەوكارە پیسەیان بەرامبەر بەهاوڕێكانی ئێمە شەهید سیروان و هەڤاڵەكانی نەكردایە رەنگبوو شتی زۆر گەورەتر لەو ناوچانە بكرایە.
شەهیدكردنی سیروان تاڵەبانی ئەو پۆلە شەهیدەی تر، لەڕووی دەروونییەوە كاریگەری زۆری هەبوو، كاریگەرییەكەش ئەوەندە زۆربوو ئەگەر قارەمانێتی و خۆڕاگریی كادیرە سیاسی وعەسكەرییەكانی یەكێتی و كۆمەڵە نەبوایە ئاسان نەبوو پێشمەرگە جارێكیكە خۆیان بگرن لەو ناوچانە .
شەهیدبوونی كاك سیروان و هاوڕێكانی گەورەترین كارەسات بوو بۆ"ی.ن.ك"و كۆمەڵە، چونكە شەهید سیروان بەئازایەتی و تێكەڵاوی لەگەڵ خەڵك خەمێكی قووڵی خستە ناو دەروون و ئەندێشەی پێشمەرگەو هەموو كوردێكی نیشتمانپەروەر، خەمێك كە پاش(46) ساڵ هێشتا لەنێو بیرەوەری هەمووماندا زیندووەو لە مێژووی گەلەكەمان و یەكێتیدا بەدرهوشاوەیی ماوەتەوە"
شەرمەزارییەكی گەورەو خیانەتێكی لەبیرنەكراویشە بەنێوچەوانی خۆفرۆش و جاشەكانەوە. شەهید سیروان و شەهیدانی هاوڕێ"حەسەن خاوێی و عەلی چەلەبی و حاجی چاوشین و نەجات كەركوكی و محەمەد كەریم" نمونەی فەرماندەو پێشمەرگەی جوامێرو شارەزای خەباتی چەكداری و كادیری هۆشیارو بە ئەزموون بوون كە لە ئاكامی ئەزموون و نەهامەتییەكانی ژیان و كۆڕی خەباتدا پێگەیشتبوون، بۆیە شەهیدبوونیان خەمێكی ئێجگار گەورەبوو. ئەوان. لەكاتێكدا بارە چەكیان لە كۆڵنابوو. بە هیوا و ئامانجی ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ قەرەداغ و خۆیان بۆ چالاكی شۆڕشگێڕانە سازبدەن و بەعسییە فاشییەكان هەراسان بكەن، بەڵام مخابن پێش ئەوەی بگەن شەهیدبوون. كەلێنێكی گەورەیان لە كۆڕی خەباتدا دروستكرد.
شەهید سیروان وهاوڕێكانی چۆن و لە كوێ شەهید كران
شەوی(29ی نیسانی 1979) لەكاتێكدا كە لە سەركردایەتی دەگەڕانەوەو پارەو چەك و پێداویستی لۆجستیان بۆ هەرێمی(5)ی قەرەداغ پێی بوو، بۆ جۆشدانەوەی زیاتری كورەی خەباتی شۆڕشی نوێ، پاش پلانێكی بەرنامە بۆداڕێژراوی وردی ئیستخباراتی عێراقی و بەهاوكاری كۆمەڵێك خۆفرۆشی كورد، شەهیدی سەركردەو فەرماندە سیروان تاڵەبانی و شەهیدانی فەرماندە حەسەن خاوێی و عەلی چەلەبی و حاجی چاوشین و نەجات كەركوكی و محەمەد كەریم لە گوندی زێڕینجۆی شارەزوور كەوتنە بۆسەی كۆمەڵێك لە جاش و خۆفرۆشی بەكرێگیراوی رژێمی بەعس، كە پیلانێكی داڕێژراوی هەواڵگری سەربازی بەعس بوو. پاش شەڕێكی قارەمانانە شەهیدبوون و گەیشتنە كاروانی سەروەرانی گەل و نیشتمان.
سەرچاوەكان
1- بەرنامەیەكی سەتەلایەتی گەلی كوردستان ساڵی(2012) پەخشكراوە كە تایبەت بووە بەشەهید سیروان تاڵەبانی و هاوڕێكانی كە هەریەكە لە بەڕێزان مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان"و شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، ئەندامی مەكتەبی سیاسی"ی.ن.ك"و سامان گەرمیانی، ئەندامی سەركردایەتی"ی.ن.ك" تێیدا بەشداریان كردۆتەوە بەسوپاسەوە سوودم لەوتەكانیان وەرگرتوەو دامناوەتەوە، ئەم بەرنامەیە لە ئامادەو پێشكەشكردنی كوردۆعهلی بووە.
2- مەلا بەختیار: شەهید سیروان تاڵەبانی، قارەمانی تەنگانە، كودستانی نوێ(29/4/2015).
3- ئاوات كۆكەیی، لە یادی(35) ساڵەی شەهیدبوونی سیروان تاڵەبانی و هاوڕێكانیدا، كوردستاننی نوێ (2/5/2014).
4- سیروان تاڵەبانی، سایتی كوردپیدیا
بابەتی زیاتر