كاوان ئەحمەد حمە ساڵح هەڵەبجەی
          به‌شی یه‌كه‌م


شەوی(29 لەسەر30)ی نیسانی ساڵی(1979) سەركردە و فەرماندەی ئازا و فیداكار و چالاكی مەفرەزە سەرەتاییەكانی شۆڕش"سیروان تاڵەبانی" فەرماندەی ھەرێمی(5)ی قەرەداغ لەكاتی ئەنجامدانی ئەركێكی شۆڕشدا كە خۆی و دەستەیەك لە پێشمەرگەكانی ھەرێمی قەرەداغ لە سەركردایەتییەوە ئەگەڕانەوە بۆ ناوچەی قەرەداغ لە گوندی "زێڕین جۆ"ی ناوچەی شارەزوور كەوتنە بۆسەی ھێزەكانی رژێمی بەعسەوە و شەهیدكران.
سیروان تاڵەبانی و هاوڕێكانی، ئەوانەی نموونەی ئازایەتی، لەخۆبوردویی، پیاوی خاوەن هەڵوێستی سەردەمێكی نالەباربوون، لەو رووداوەدا، بەپیلانی دەزگا جاسووسییەکانی بەعسی دوژمن و لەڕێگەی چڵكاوخۆرەكانی ناوخۆ واتا كوردە حەرامزادەكان، لە زێڕینجۆ شەهیدكران.
هاوڕێكانی سیروان تاڵەبانی، هەریەكەیان كوڕی خێزانێكی تێكۆشەربوون، هەریەكەیان قارەمانێكی مەیدانی و سەنگەرە سەختەكان بوون. هەرچی شەهید سیروان تاڵەبانیشە، كوڕی خانەوادەیەكی دیار و شۆڕشگێڕە. كەسێتییەكی سەنگین و بەشكۆی هەبوو، هەر زوو راستەڕێگەی خەباتی كوردایەتی گرتەبەر، ئەگەرچی رێگەكە سەخت و پڕ هەوراز و نشێو بوو، بەڵام ئەو باكی بەهیچ كام لەوانە نەبوو، ئامانجی سەرفرازیی نەتەوەكەی بوو، هەر بۆ ئەو ئامانجەش ئەو خێزانە پێنج كوڕی بەخشییە كوردستان و بوونە شەهیدی سەنگەر، بەڵێ، ئەو خێزانە لەپای سەرخستنی دۆزێكی رەواو پیرۆزدا، گەیشتە لوتكەی قوربانیدان بەوەی سیروان تاڵەبانی و  چوار برای دیكەی بۆ كورد و كوردستان شەهید كران.
شەهید سیروان یەكێك لە فەرماندەكانی سەرەتای شۆڕش بووه‌ و دوا پلەی ئامر هەرێمی پێنجی قەرەداغ بووەو چوار برای تری شەهیدبوون. شەهید غەریب، رابەر سیاسی تیپی مەڵبەندی یەك، شەهید ئەیوب، بەرپرسی مالیەی تیپی(51)ی گەرمیان، شەهید، عومەر، فەرماندەی كەرت لە(59)ی حەمرین، شەهید خالید، له‌ڕێكخستندا كاری كردووه ‌و لە سێدارە دراوه‌.

سیروان تاڵەبانی كێیە؟
شەهیدی سەركردە فەیسەڵ رەشید حەمید ناسراو بە سیروان تاڵەبانی، ساڵی(1946) لە كەركوك لە دایكبووەو هەرلەمنداڵییەوە خولیای بەشداریكردنی هەبووە لە خەباتی رزگاری نەتەوەكەی، هەربۆیە لە تەمەنێكی كەمدا پەیوەندیكردووه‌ بەیەكێتی قوتابیانی كوردستانەوە و چالاكانە لەناو رێكخستنەكانی ئەوكاتەی پارتی كاریكردووە، لێپرسراوی لقی یەكێتی قوتابیانی كوردستان بووە لە كەركوك، دوای ئاشكرابوونیشی لەلایەن رژێمی ئەوكاتەی عێراقەوە، پەیوەندیكردووە بەشۆڕشی ئەیلولەوە و بەشداری زۆربەی نەبەردییەكانی كردووە، دوای دەستپێكردنی وتووێژی شۆڕش و رژێمی بەعس و دەرچوونی بەیاننامەی (11)ی ئازاری(1970) شەهید سیروان بەهۆی لێوەشاوەییەوە كراوە بە بەڕێوەبەری شارەوانی خانەقین.
لەسەرەتای دامەزراندنی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان-یشەوە و لەڕێگەی شەهیدان خاڵە شیهاب و كاك ئارامەوە پەیوەندیكردووە بەدەستەی دامەزرێنەری كۆمەڵەوە، بووە بەیەكێك لە كەسە چالاكەكانی رێكخستن و بەگوڕوتینێكی زۆرەوە هەوڵیدا بۆ دروستكردنی شانەكانی رێكخستن و گەشەپێدانی كۆمەڵە لەناو خەڵك و هێزی پێشمەرگە.
پاش نسكۆی شۆڕشی ئەیلول لەساڵی(1975)دا، شەهید سیروان جارێكیتر كەوتەوە خۆئامادەكردن بۆ بەشداریكردن لە شۆڕشی نوێ‌، هەربۆیە پاش گەڕانەوەی بۆ شاری كەركوك، توانی چەندین شانەی رێكخستن لە كەركوك و بەغدا و چەند شارێكی دیكەی خوارووی عێراق دروستبكات، پاش فراوانبوونی ڕێكخستنەكان، كۆمیتەی"ئاگر" دروستكراو شەهید سیروان كرا بەلێپرسراوی كۆمیتەكە، ئەوەبوو كۆمیتەی ئاگر بوو بەو ئاگرەی كە دوژمنانی تۆقاندبوو، دوای ئاشكرابوونیشی لەلایەن رژێمەوە، شەهید سیروان گوێزرایەوە بۆ سلێمانی و لەوێ‌ درێژەی بە كاری رێكخستندا.
چەندین كۆبوونەوەی سەركردایەتی شۆڕش لەماڵی شەهید سیروان ئەنجامدراوە و لەوێوە بەرنامەی كارەكانی شۆڕش دانراوە. مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی"ی.ن.ك" لەسەر سیروان تاڵەبانی دەڵێت:
"یەكێك لەو كەسانەی كە بەڕاستی ئامادەكرابوو بۆ رۆژگاری تەنگانە شەهید سیروان تاڵەبانی بوو، دەتوانم بەسەد شێواز ئەمە بۆ مێژوو بسەلمێنم كە شەهید سیروان تاڵەبانی، سیروانێك بوو لە خۆڕاگریی و سیروانێك بوو لە هەڵمەت بردن و ورەبەرزی، سیروان بوو بەمانای وشەی شۆڕشگێڕێتی."

شەهید سیروان و یەكەمین مەفرەزەی شۆڕشی نوێ

ساڵی(1976)یش كە بڕیاری دەستپێكردنەوەی شۆڕشی چەكداری درا، سیروان تاڵەبانی یەكێكبوو لەو چواركەسەی كە وەك یەكەمین مەفرەزەی شۆڕشی نوێ لەگەڵ هاوڕێیان شەهید شەماڵی باخ و شەهید ئەنوەرى مەجید سوڵتان و حەمە سەعید قەڵەو لەناوچەی شارباژێڕ دەستیان بەخەباتی چەكداریی كرد و یەكەم بەیاننامەی دامەزراندنی"یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان" لەلایەن شەهید سیروان و هاوڕێكانییەوە بڵاوكرایەوە، هەروەها لە دروستبوونی هەرێمەكانی هێزی پێشمەرگەش، سیروان تاڵەبانی كرا بەفەرماندەی هەرێمی پێنجی قەرەداغ.
شەهید سیروان بەیەكێك لە داهێنەرانی چالاكییەكانی هێزی پێشمەرگە دادەنرێت لەناو شاردا، لەو رووەوە چەندینجار لەناو شاری سلێمانی و شارەكانی دیكە چالاكی ئەنجامداوە و سەركردایەتی و فەرماندەیی دەیان داستان و نەبەردی تۆماركردووە.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، ئەندامی مەكتەبی سیاسی"ی.ن.ك" لەسەر شەهید سیروان تاڵەبانی دەڵێت: "فەرماندەیەكی ئازاو بەتوانا و لێهاتوبوو، خۆشەویستییەكی بێوێنە و سیقەیەكی تەواوی هەبوو لەناو خەڵكی سنووری هەرێمی پێنجی قەرەداغ، كە دیارە مەبەست لەناوچەكانی بازیان و گەرمیان و قەرەداغ و ناوچەكانی هەمەوەندی و كۆی ناوچەكانی تریش، شەهید سیروان لەو ناوچانە رەمزی سەركردەیەكی گەورە بوو".

لە خۆشەویستی سیروان تاڵەبانی خەڵك منداڵەكانی ناودەنا سیروان

پۆڵا تاڵەبانی، كوڕی شەهید سیروان تاڵەبانی دەڵێت:
"شەهید سیروان و هاوڕێكانی دیارترین كەسن لە مەفرەزە سەرەتاییەكانی شۆڕشی نوێ و یەكێتی كە لەڕۆژگاری خۆیدا دڕیاندا بەشەوەزەنگی بەعس و زۆر ئازایانە كەوتنەوە هەڵگیرساندنەوەی شۆڕش، لە هەموو ئەو ناوچانەی شەهید سیروان و هاوڕێكانی لێبوون رۆڵی گەورەیان گێڕاوە بۆ هۆشیاركردنەوەی خەڵك و هەرئەمەش وادەكات بەشێك لەو ناوچانەی كە شەهید سیروانی لێبووە لە خۆشەویستی و ئازایەتی ئەو مناڵەكانیان ناوبنێن سیروان".
شەهید سیروان وەك لێپرسراوی هەرێمی پێنجی قەرەداغ سەرپەرشتی ناوچەكانی سلێمانی و قەرەداغ و گەرمیانی كردووە رۆڵی گەورە و گرنگی گێراوە لە بەهێزكردنی شۆڕش و هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە. شەهید سیروان جگە لەوەی سەركردە و فەرماندەیەكی سیاسی و سەربازی بووە، لە هەمانكاتدا كەسێكی كۆمەڵایەتی و خۆشەویستی خەڵك بووە بەتایبەت لەو ناوچانەی كە پێشمەرگە بووە .
بۆیە لە یادی سیروان تاڵەبانی و شەهیدانی فەرماندە حەسەن خاوێی و عەلی چەلەبی و حاجی چاوشین و نەجات كەركوكی و محەمەد كەریم سەری رێز لەسەر گڵكۆی پیرۆزیان دادەنەوێنین هیوادارین ساڵیادی شەهیدبوونی ئەوان بێتەمایەی زیاتر یەكێتی ناو یەكێتی و زیاتر بەهێزكردن و گەشەپێدانی كە ئاوات و ئامانجی گرنگی ئەو شەهیدانە بووە، چونكە ڕۆحی خۆیان كردە قوربانی ئەو ڕێگایە و لەو پێناوەدا شەهیدبوون.

شەهید سیروان و بنەماڵەیەكی تێكۆشەرو پڕ قوربانی بۆ گەلی كوردستان؟

یەكێكی دیكە لە خەسڵەتەكانی سیروان تاڵەبانی ئەوەیە تەواوی بنەماڵە و خێزانەكەشی بەشداری شۆڕشیانكردووە، هەربۆیە جگە لەخۆی چوار برای دیكەشی پێشمەرگە بوون ئەوانیش شەهیدان "ئەیوب و عومەر و خالید و غەریب" بوون و شانبەشانی كاكیان چوونە ڕیزی خەبات و تێكۆشان، ئەوانیش هەر یەكێكیان سیروانێك بوون، قارەمانێك بوون و پێشمەرگەیەكی بەجەرگ بوون، پاشان هەریەكێك لەوانیش وەك كاكی شەهیدیان، لە مەیدانە جیاجیاكانی تێكۆشاندا شەهیدبوون و بوونە قوربانی خاك و گەل.

ڕۆڵی شەهید سیروان لە گەشەكردنی هەرێمی پێنجی قەرەداغ

مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی"ی.ن.ك" دەڵێت:
"سیروان تاڵەبانی، حەسەن خاوێی ‌و حاجی چاوشینم، لە نزیكەوە دەناسی. بەڵكو هەر خۆم، یەكە یەكە، بۆ پێشمەرگایەتی ناردمنەدەرەوە، ئەویش كەی؟ ساڵی (1976) بەڵێ ئەوكاتە كە ئاسان نەبوو كەسێك پڕكێشی پێشمەرگایەتی بكات، شەهید سیروان لە ساڵی (1974)وە، ئەوكاتەی لە شۆڕشی ئەیلولدا بووین، ئەو لە فەرمانگەیەكدا و منیش جێگری بەرپرسی لقی لاوانی خانەقین بووم. هەر بەگۆڕینەوەی بیروباوەڕ، هەردووكمان لێك ئاشكرا بووین، كە ئەندامی كۆمەڵەی ڕەنجدەرانین.
كاتێك ڕێكەوتننامەی جەزائیر مۆركرا، شەهید سیروانم ڕاسپارد سەردانی پێنجوێن بكات ‌و خۆی بگەیەنێتە ماڵی "حەمەی میرزا سەعید" شەهید شیهاب بدۆزێتەوە و دوا بڕیاری سەركردایەتی كۆمەڵە بهێنێتەوە، چەند ڕۆژێكی پێ چوو، بیرمە نەورۆز گەڕایەوە. نەورۆزێكی شووم بوو. شۆڕش خیانەتی ڕێكەوتنی جەزائیری سەپاوەتەسەر، ئومێدمان هەبوو، كۆمەڵە و شۆڕشگێڕانی دیكە، بەرەنگاری بكەن.
ئەمانیش، لەژێر هەڕەشەیەكی سەرۆك‌ و سەركردایەتی پارتی، بڕیاری كاتی بەرەنگاری نەكردنیان دابوو. كاتێك سیروان گەیشتەوە بڕیاری چەك شاردنەوە‌ و بەرەنگاری نەكردنی پێگەیاندین، شینی شكست، لامان بوو بە كۆستی مێژوویی. بەداخەوە، هەتا ئێستا وردەكاریی ئەو ڕاستییە مێژووییە ساغ نەكراوەتەوە كە ئایا هۆی ڕاستەقینەی بەرەنگاری نەكردن چی بووە؟ تەنها هەڕەشەی سەركردایەتی شۆڕشی ئەیلول بووە، یان هۆی نالەبارتریش هەبووە؟ توێژەرانی كورد لەمبارەوە تەمەڵن!
كاتێك گەڕاینەوە لە (3/9/1975) بەهۆی نەبوونی نەخشەی وردی كاری ڕێكخستنی نهێنییەوە، سەرەداوی كۆمەڵە، لە سەركردایەتی كۆمەڵەوە كەوتە دەستی ڕژێم، یەكسەر شەهید ئەنوەر زۆراب گیرا. لەمەوە، شیرازەی ڕێكخستنەكانی كۆمەڵە پسان.. ئیدی ڕووداوی ناخۆش بەردەوام دژی كادیر و سەركردایەتی كۆمەڵە ڕوویاندەدا. سەرەنجام چوار مانگ كۆمەڵە بێسەر و سەركردایەتی مایەوە، هەتا كۆمیتەی هەرێمەكانی كۆتایی ساڵی (1975) پێكهێنرا. من (6/9/1975) خۆم گەیاندە كەركوك ‌و شەهید ئازاد هەورامی ‌و شەهید سیروان تاڵەبانیم دی. شپرزەییەكە كەركوكیشی گرتبۆوە. شەهید سیروان، ئەوپەڕی خۆڕاگریی پێوە دیاربوو. شەهید ئازادیش مێش میوانی نەبوو. لەسەر پێشنیازی خۆی، شەهید سیروان ناسنامەیەكی فەرمانگەكەی خۆیانی وەكو فەرمانبەری خانەنشینی بۆ دەركردم. ئەمە بۆ من دەستەبەرێكی خۆشبوو. ئەتگوت بیتاقەی (7) هەزار دینارییەكەم بۆ دەرچووە. دوای دوو هەفتە، لە سلێمانی شەهید سیروانم دیەوە. ئیتر بەردەوام یەكماندەبینی. چونكە شەهیدیش، لەو فەرمانبەرانە بوون هەر زوو لە كەركوك رایانگواستن بۆ سلێمانی.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved