مەریوان ئەحمەد لاوە



 ناوی تەواوی"مه‌عروف عه‌لی مه‌جید"ه، ناسراو بە"سیروان دێڕەشەیی" ساڵی(۱۹٥۷) لەگوندی دێڕەشەی سەر بەناحیەی سەنگاو لە خێزانێكی جووتیار چاوی بەژیان هەڵهێناوە، لەسەرەتای شەستەكانی سەدەی رابردو خێزانەكەیان چوونەتە شاری كەركوك و هەرلەوێش خوێندنی سەرەتای تەواو كردووەو چرۆی رێگای كوردایەتی پشكواندووە..
ساڵی(۱۹۷۸) پەیوەندی كردووە بەڕیزەكانی رێكخستنی"كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان"ەوەو چەندین چالاكی لە كۆمیتەی ئاگر ئەنجامداوە. ساڵی(۱۹۸۱) دەبێت بەپێشمەرگە لە كەرتی(٤)ی جەباری لە هەرێمی(5)ی قەرەداغ.
لە دوای دروستبوونی تیپەكان چووەتە تیپی(5۷)ی سەگرمە لەكەرتی(۳)ی هەمەوەند درێژەی بەخەباتداوە، لەساڵی(۱۹۸۳) لەبەرلێهاتوویی خۆی بووەتە فەرماندەی مەفرەزە و ساڵی(۱۹۸٦) بووەتە فەرماندەی كەرتی(۳)ی هەمەوەند، لەساڵی(۱۹۸۸) بووەتە جێگری تیپی(5۹)ی حەمرین.
بەماوەیەكی كەم لە دوای كارەساتی بەدناوی ئەنفال بەپارتیزانی دەگەڕێتەوەو لە شاری سلێمانی لەلایەن چەند خۆفرۆشێكەوە هەواڵی لێدەدرێت و لەلایەن رژێمی بەعسەوە دەسگیردەكرێت و بەنزیكەی(۱) ساڵ و(۸) مانگ لە ئەمنە سوورەكەی سلێمانی لەژێر ئازار و ئەشكەنجەدا دەمێنێتەوە لەڕۆژی راپەڕینەكەی شاری سلێمانی ئازاد دەكرێت.
بەشداری دەیان نەبەردی و داستانەكانی شۆڕشی نوێی كردووە لەوانە شەڕەكانی سەركردایەتی و داستانی رزگاری و داستانی دابان هەلاج و شەڕەكانی سەرجادەی سەنگاو، گرتنی مەخفەرەكەی سەنگاو هەرسێ شەڕەكەی ژاڵەی بەر دەربەند و رەبیەكەی كەلەڕەشی.
لەساڵی(۱۹۸۱)یش دەچێتە رۆژهەڵاتی كوردستان بۆ یارمەتیدانی حزبی دیموكراتی كوردستان. لەدوای راپەرینەكەش دووبارە چەكی مەردایەتی دەكاتەوە شانی و لەساڵی(۱۹۹۱) لە ئازادكردنەوەی شاری كەركوكدا رۆڵێكی باڵا دەگێڕێت، لەساڵی(۱۹۹٦) بەشداری خولی ئەفسەرانی قەڵاچوالانی كردووە.
 لەژیانی پێشمەرگایەتیدا(5) جار بەخەستی بریندار دەبێت و لەلێواری مەرگ دەگەڕێتەوە، دوا پلەی سەربازی رائیدو دوا پایەی پێشمەرگایەتیشی فەرماندەی فەرماندەی بووە، مەخابن دواجار لە شاری كەركوك و لە وەختی ئازادكردنەوەی ئەو شارەدا لەڕۆژی(۲۹/٤/۲٠٠۳) گەیشتە كاروانی پڕ سەروەری شەهیدان.
 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved