حەیدەر مەنتك


"ئەحمەد قەمبەری" ناوێك ئاشنا بەشۆڕش و كوردایەتی، ناوێك ئاشنا بەهەولێر و دەشتی كۆیە و بەستی شرغە و دێگەڵەو دەوروبەری. سەرەتای شۆڕش و مەفرەزە سەرەتاكانی یەكێتی بۆ سنووری هەولێر سەخت بوو، وەلێ قارەمانێك جوامێرێك، كادیرێكی كۆمەڵایەتی و جووتیاری خاوەن ئەزموون و ئاشنا بەزمانی خەڵك، تێكۆشەر و چاونەترس قۆڵی مەردایەتی لێ هەڵكردبوو بۆ ناساندنەوەی شۆڕشێكی نوێ و داكۆكیكەر لە مافەكانی خەڵكی داماو و غەدر لێكراو.
گوند بەگوند بەپارتیزانی جاری شۆڕش و پەیامی"یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان"ی بڵاودەكردەوە، بۆ ئەوێ رۆژێ سەخت بوو پێشمەرگە بیت و كادیربیت لە سنوورێك پشتگیریی و هێزێكی گەورەت لەگەڵ نەبێت. بەڵام مێژوو شایەدە بۆ شەهید ئەحمەد قەمبەری چ خەبات و تێكۆشانێكی لەم دەڤەرە ئەنجامداوە و بەمانای وشە مەرگی خۆی خستۆتەپێش ژیان.
وەك كادیر و پێشمەرگەكانی ئەم سنوورە بۆیان گێڕاومەتەوە لەكاری رێكخستن و دروستكردنی رایەڵەو پەیوەندییەكان پیاوێكی بەهیمەت و خاوەن بڕیار بووە، پیاوێك دڵسۆز، ئازا، بوێر، بەپەیوەندیی و دۆستایەتی. لەشەڕیش قارەمانێك بووە خاوەن ئیرادەو بەور ئاسا هێرش و بەرگریی كردووە. بەڵام بەداخەوە دوژمنانی ناوخۆی كورد و ئەوانەی لەزۆر سەردەم و كاتی خۆی بۆ پووكانەوەی شۆڕشی نوێ پیلان و كارە گڵاوەكانیان رێگربوونە یەكێتی پەیام و رووئیای رۆشنی خۆی بڵاوبكاتەوە و مەبەست بپێكێ ئاریشەو كێشەیان بۆ دروستكردووە.
شەهید ئەحمەد قەمبەریش خەون و خولیاكانی بەئەنجام نەگەیشت تەمەنی پێشمەرگایەتی لە شۆڕش و بەرخودان درێژە پێبدات لە شەڕێكی نەگریس و نەخوازراو پاش داستانێكی نموونەیی بەرامبەر بەتێكدەرانی شۆڕشی نوێ گەیشتە كاروانی نەمران، بەڵام خەونی دوژمنان بەشەهیدكردنی ئەحمەد قەمبەری نەهاتەدی، چونكە لەدوای خۆی سەدان كادیر و پێشمەرگەی دلێر و چاونەترسی جێهێشت و خزم و خانەوادە و بنەماڵەكەی لەدوای خۆی هەڵوێست و جوامێریان نواندووە و بەردەوام بوونە لەكاروانی نەپساوەی شۆڕش. قەمبەرییەكان لە هەموو هەلومەرجە سەخت و دژوارەكان هەڵوێستی مەردایەتیان نیشانداوە و لەبەرەی گەل و نیشتمان بوونە هەڤاڵ"مامۆستا بەكر مستەفا" پێشمەرگەی سەردەمی هەرێمی هەشتی هەولێر وتی:
"شەهید ئەحمەد خەڵكی گوندی قەمبەری لێواری بەستی شەرغەبوو، ناوبراو لە ساڵی(1977) ببووە پێشمەرگە، واتە یەكێك بوو لە پێشمەرگە سەرەتاكانی شۆڕش لە سنووری دەشتی هەولێر و كۆیە و خۆشناوەتی، كوڕە هەژار بوو بەو دڵسۆزیی و ئازایەتییەی كە ھەیبوو فەرماندەیەكی ژیر و خۆشەویستی لێ دەرچووبوو ھەم لای هاوڕێكانی و ھەم بۆ ئەو سەردەمەی كە ئەو بێ پسانەوە لە خەبات بەردەوام بوو. هەرچەندە خوێندەواری نەبوو، بەڵام ئەوكاتانە ئەوانەی لەڕێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان بوون و دەهاتن بۆ پێشمەرگایەتی خوێندەوار و خاوەن بڕوانامەی دكتۆراو هەندەسەو مامۆستا بوون، ئەحمەد قەمبەری فەرماندەو بەرپرسیان بوو قبوڵیشیان بوو شانازیان پێوە دەكرد، ئەوە نیشانەی دڵسۆزیی و ئازایەتی و جوامێری ئەم كوڕە هەژارە بوو، مەسئوولی هەموومان بوو بەحەقی خۆی، شەهید ئەحمەد قەمبەری زۆر سادەو خاكی و پیاوێكی خۆنەویستبوو، رێزی هەمووانی دەگرت خۆی فەرزكردبوو بەئازایەتی و دڵسۆزی خۆی، بەڵام بەداخەوە لە گوندی بالیسان لە بەرگریی لە رێبازەكەی لە(27/4/1983) گەیشتە كاروانی نەمران. هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهید ئەحمەد قەمبەری و تێكڕای شەهیدانی رزگاری نەتەوەی  كورد ".
ژیاننامەی شەهید ئەحمەد قەمبەری
ئەحمەد ئۆمەر ئەحمەد، ناسراو بە"ئەحمەد قەمبەری" لە عەشیرەتی بەگزادە بووە، لە ساڵی(1953) لە گوندی قەمبەر سەربەناحیەی سێ گردكان ـ قەزای كۆیە ـ پارێزگای هەولێر لە دایكبووەو تا ئەوكاتەشی شەهیدبووە خێزانی پێكنەهێناوە.
بەهۆی نەبوونی بینای قوتابخانە لە ناوچەكەیان نەچۆتە بەرخوێندن، پەیوەندی بەشۆڕشی ئەیلولەوە ساڵی(1972) بووە، هەر لەو ساڵەدا بووە بە پێشمەرگە لە بەتالیۆنی حاجی قەڵا تا نسكۆی شۆڕش.
بەبێ پسانەوەو بەبێ ئەوەی نسكۆی شۆڕش كاریگەری خراپی لەسەردانێ  لە ساڵی(1976) دەبێتە یەكێك لە قارەمانەكانی شۆڕشی نوێ و لە هەرێمی(3)ی ئەوكات درێژە بەخەبات دەدات. هەرلەسەرەتای پێشمەرگایەتییەوە وەك كادیر كاری كردووەو شوێن پەنجەی لە دەشتی هەولێر دیاربووە.
لە ساڵی(1978) كراوە بە فەرماندەی مەفرەزەی سەرەتای پارتیزانەكانی ئەوكات، لە سەرەتای دروستبوونی تیپەكانیشدا لە ساڵی(1981) شەهید ئەحمەد دەكرێتە فەرماندەی كەرتی(2) لە تیپی(86)ی هەولێر.
ژمارەیەك لەو شەڕانەی شەهید بەشداریكردووە تیایاندا لەوانە، داستانی كەلی سوور، شەڕە بەناوبانگەكەی گوندی ئۆمەر گومبەت كە یەكەم شەڕی یەكێتی بوو لە گوندەكان لەگەڵ رژێم لە پارێزگای هەولێر. شەڕەكانی ناو هەولێر و دەوروبەری، شەڕی داستانی سماقوڵی.
هێشتا كورد و یەكێتی پێویستیان بەقارەمانێكی ئاوەهایی هەبوو، بەداخەوە رۆژی(27/4/1983) لە داستانی بالیسان دەگاتە كاروانی نەمران.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved