مەریوان ئەحمەد لاوە




لە بۆردومانەكەی شاری قەڵادزێ-دا، بە سەدان خوێندكاری ئەوكاتی زانكۆی سلێمانی كە برابوونە ئەو شارۆچكەیە، شەهیدو برینداردەبن، جگە لەوەی دانیشتوانی قەڵادزێ ئاوارەدەبن و زۆربەی خانووەكانیان دەسووتێ و كاول دەبێت، چەندینیشیان لێ شەهید و بریندار و كەمئەندام دەبێت.. دانیشتوانی قەڵادزێ و زۆرێك لەو خوێندكارانەی كە لەكاتی بۆردومانەكەدا لەناو زانكۆكە و لەناو شارۆچكەكەدا بوون، تائێستا ماون و شایەتحاڵن لەسەر ئەو مەرگەساتە كە چۆن چۆنی روویداوە.
لەو بۆردومانەدا زیاتر لە(163) شەهید و(300) بریندار هەبووە، لەناو شەهید و بریندارەكانیشدا دەیان نووسەر و هونەرمەند و شێوەكاری بەتوانای تێدابووە و ئەگەر لەو بۆردومانەدا شەهید نەبوونایە ئێستا تەوژمێكی باشتریان دابوو بەپڕۆسەی نووسین و بواری هونەر. وەكو باسمكرد جگە لە هەندێك لە خوێندكارەكان هەندێك لە دانیشتوانەكەیشی كە لەو بۆردومانەدا برینداربوون، كەمئەندام بوون و تا هەنوكە ئەوانەی كە لەژیاندا ماون بەئازار و خەمی كەمئەندامبوونیانەوە دەناڵێنن.
یەكێك لەو خوێندكارانەی دواندم كە ئەو لەكاتی بۆردومانەكەدا لەناو بینای زانكۆكەدا بووە بەناوی"عەلی حسێن" بەمشێوەیە باسی ئەو چركەساتەمان بۆ دەكات:
"لەوەو پێشتر دەنگ هەبوو كە حكومەتی بەعس بەنیازی هێرشە بۆ سەر قەڵادزێ، بەڵام نەماندەزانی بە فڕۆكە هێرش دەكات، باوەڕ بكەن ئەو فڕۆكانەم بەچاوی خۆم بینی كە ئەو بۆمبانەی لە ئاسمانەوە دەخستە خوارەوە بەسەر خەڵكدا، كاتێك كە رامانكردە ناوماڵەكانەوە بەچاوی خۆم بینیم، منداڵێكم بینی بەبێشكەكەیەوە دیوار رووخابوو بەسەریدا و ناوسكی منداڵەكە هاتبووەدەرەوە، قەت وێنەی ئەو منداڵەم بیرناچێتەوە، قەت ئەو كوڕە گەنجەم بیرناچێتەوە كە خانووەكەیان رووخابوو بەسەریدا و قاچێكی پەڕیبوو.."
د. حسێن محەمەد عەزیز-یش، یەكێكیتربووە لەو خوێندكارانەی كە لەكاتی ئەو بۆردومانەدا لەوێ بووە، پێی سەیرە و سەركردایەتی سیاسی كورد لەو قۆناغەدا بەكەمتەرخەم و بێپلان دەزانێ كە زانكۆی سلێمانی بردووەتە شارۆچكەیەك كە هیچ موستەلزەماتێكی زانكۆی تێدا نەبووە، پێشیوایە یەكێك لە هەڵەكانیان ئەوە بووە كە زانكۆكەیان بردووتە ناو قەڵادزێوە.
د. حسێن هاوشێوەی مامۆستا عەلی حسێن، زۆر رووداوی تراژیدی لایە كە لەو بۆردومانە كەوتوونەتەوە، زۆر دڵتەنگ بوو بەوەی كە تائێستا ئەو كارەساتە بەجینۆساید ئەژمار نەكراوە و بەشێكی ئەو ئەژمار نەكردنەش دەگەڕێنێتەوە بۆ كەمتەرخەمی و بەبچووك تەماشاكردنی خۆمان لەو كارەساتانەی بەسەر میللەتەكەماندا هێنراون..
لە ساڵیادی ئەو بۆردومانەدا سەری رێز و خۆشەویستیم بۆ شەهیدانی رێگای رزگاریی كورد و كوردستان و ئەو شەهیدانەی بەخوێنیان شارۆچكەی قەڵادزێیان سوور كرد، چاوی یەكەبەیەكەی ئەو كەمئەندامانە ماچ دەكەم كە لەو بۆردومانەدا ئەندامێكی جەستەیان لە دەستدا.
 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved