چاپوک سەید عومەر




مرۆڤێکی كەم دوو بێدەنگ، كاتێ تووڕە دەبوو یا دڵخۆش دەبوو زۆر پێوەی دیار دەبوو. بەڕێكەوت لە "داوداوای" دەشتی كۆیە تووشی كاك مەجیدە سور بووین(ناوی تەواوی مەجید رەحمان حەمەدەمینە) زۆر دڵخۆش دیاربوو قەت بەوشێوە گەشاوەییە نەم دیبوو. لە سەركردایەتی گەڕابۆوە دیار بوو بڕیار درابوو، بكرێت بەسەرتیپی(85)ی بەڕانەتی تا ئەو كاتە جێگری ئەو تیپەبوو.
ئێوارەی(17/4/1985) بوو، لەگەڵ كاك جەنگی فەقیانی یەكترمانگرتەوە و بەڕێكەوتین بۆ گەلی تۆبزاوا. لەڕێگا لە گەڕەكی ئیسكانی كۆیە لاماندا. ئەو سەردەمە گەڕەكەكانی دەوروبەری ئیسكان نەبوون. جاران دەیان گووت؛ ئەگەر لادێیی بێتە شار كەباب نەخوا شاری نەدیوە، بەڵام ئێمە لەو ماڵانەی كە تیایدا دابەشبووین بەنۆرە گەرماوی باشمانكرد، هەرچەندە لە ئیسكان زۆر ماڵ هەبوو تەلەفۆنیان لە ماڵدا هەبوو، بەڵام متمانەمان زۆر بەخەڵكەكە و بەو ماڵانە هەبوو كە لێیان میوان بووین. دوای سەعات دووی شەو، خڕبووینەوە و بەپشت ماڵەكانی ئیسكان، بەرەو گەلی تۆپزاوا بەڕێكەوتین، لەوێ چاوەڕوانمان كرد تا ئێوارە درەنگان.
شەو درەنگانێ، من و كاك مه‌جید و كاك شاكر و سەرباز حاجی و سەرباز عه‌بدولڕه‌زاق، بەرەو دەشتی هەولێر بەڕێكەوتین، هەر بەتاریكی لە جادەی كۆیە دێگەڵە لە نزیك گوندی شێخەروان پەڕینەوە و بەگوندەكانی گۆپتەپە و گۆمەشین تا شاخە پیسكە و بانی ماران نەوەستاین. كە گەیشتینە گوندی بانیماران بووە بەرەبەیان. تازە مەڕو ماڵات لە هۆرێ دەردەكرا، هۆسە و هەرا و هۆریایەك بوو ئەگەر خۆت نەدابووا پەنا دیوارێك حاڵت باش نەدەبوو، چونكە حەیوان بۆ لەوەڕی بەیانیان كە دەرگای هۆرێی لێكرایەوە، لە برسان زۆر بەتەوژمێكی خێرا دەردەچێ، تەپوتۆزێكی زۆردەكا و تۆز ئاسمانی گوند دادەگرێ. دەبوایە زوو لچكە جەمەدانی بەدەم و چەناگەتا بهێنیتەوە بەر پەنا گوێت، تا تۆز هەناسەت نەگرێ.
ماڵێك لەبەر هەیوان دانیشتبوون چایان دێم دابوو، فەرموویان لێكردین و دانیشتین. نان و چاو ماستیان هێنا، كچێكی پارچەڵە بەخێرایی گەسكێكی لە حەوشە قوڕە پڕ پشتقلەدا، تۆز بەرە و ئاسمان بەرزبۆوە، تازەش گزنگی دابوو، تۆزەكە لەناو تیشكە رۆژە تازە هەڵهاتووەكە، زۆر جوان دیاربوو، تۆزەكە بە سەماكردنێكی جوان، دەنیشتەوە سەر سفرەكەمان، بەڵام ئەو ماستە شیرینە بەهارییە بەو چایە شیرینە، لەدوای ئەو هەموو رۆیشتنە، كێ دەستبەرداری دەبێ.
كە لە ماڵەكە هەستاین، بەنیازبووین بچینە گوندی بانەقەڵات، بەڵام كاك مەجید هەردوو هەنگاوی كردبووە هەنگاوێك، ئێمەش چوار پێنج سەعاتێك دەبوو بەبێ وەستان لە ڕێگەبووین، ئەو هەر كە بەڕێكەوتین زۆر لە پێشەوەی ئێمە دەڕۆیشت، بانگمان كرد:
"كاك مەجید كاكە كەمێ لەسەرخۆ بڕۆ ئێمە ماندووین.."
كەمێ گەڕایەوە دوا، گووتی:
"كاكە من هەر ئەوڕۆ دەبێ بگەمە چیای قەرەچوغ برادەرانم لەوێن.."
مەبەستی لە كەرتەكەی خۆی بوو. گووتی:
"هەر ئەوڕۆش دەبێ بیان بینمەوە.."
دیاربوو دەیویست هەموویان بگەڕێنەوە بەڕانەتی، ئیتر گووتی:
"من خواحافیز و ئێوەش بە ئیسراحەتی خۆتان وەرن.."

ئیتر كاك مه‌جید و كاك شاكر رۆیشتن و دوای كەمێك لە چاوان ون بوون، بۆ یەكجاری كاك مەجیدم نەدیتەوە. دواتر هەواڵمان وەرگرت، هەر ئەو شەوە برادەرانی دەبینێتەوە، بۆ بەیانی لە(21/4/1985) هێزێكی زۆری سوپا و پێنج فەوجی خەفیفەی جاش بەپاڵپشتی كۆپتەر و دەبابە، لە گوندی "كەپەنەك رەشی" بناری قەرەچوغ، دەوریان دەگیرێ و دوای شەڕێكی زۆرگەورە و داستانێكی كەم وێنە، زەبرێكی زۆر لە دوژمن دەدەن، كاك مەجید و زۆر لە پێشمەرگەكان شەهید دەبن.
لەناویاندا هەردوو هاوڕێی خۆشەویستم كاك ئەحمەدە سوور، كە دەرچووی كۆلێژی كشتوكاڵی بوو وە لێپرسراوی ناوچەی شۆڕشگێڕان بوو لە دەشتی هەولێر، وە كاك دكتۆر هەمزە كە كارگێڕی هەمان ناوچە بوو دەرچووی پەیمانگای پزیشكی بوو. بەداخەوە دڵە خۆشەكەی كاك مه‌جید، خۆشی بەجێهێشت بۆئایندەی نەوەكانی دوای خۆی.
كا ك مه‌جید، گەنجێكی باڵا بەرزی سوور و سپی و ‌چاوشین بوو، زۆر قۆز و جوان بوو، هێمن و لەسەرخۆ و كەم دوو بوو. فەرماندەیەكی زۆر زۆر ئازا بوو، یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی تیپی(85)ی بەڕانەتی، سنووری ئەو تیپە تا ساڵی(1982)ش ئاسان نەبوو پێشمەرگ لێی بسووڕێتەوە.
كاك مەجید خێزانداربوو، ئەوەی من بیستم لە دوای شەهیدبوونی بەتەنها یەك رۆژ، كچێكی لەدایك دەبێت، واتە لە(22/4/1985) ناوی لێدەنێن لائیقە، كوڕەكەی كەناوی سەركەوتە ساڵێك و دوو مانگ تەمەنی دەبێت، كچە گەورەكەشی، كەناوی عەزیمە بوو، تەمەنی چوار ساڵێ دەبوو، هەزار رەحمەت لە گۆڕیان بێت، رەنجبەری دڵسۆزی ئەوخاك و نیشتمانەبوون.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved