مامۆستا عەلى پەرلەمان
لەو گوڵشەنی بەهاری گەرمیانەدا خانمگەلێكی تاسووخی فرە لەناو بوویەرەكانی رۆژگاردا هەڵكەوتوون و تاموچێژێكی سەرڕێژیان بە ژیانداوە، ئەگەرچی هەمیشە بە ئەفەرۆزكراویی لە قوڕنە و بیجاغدا ماونەتەوە و لاپەڕەكانی مێژووش بەسەرینەكردونەتەوە..
"مەلیحە كەریم قاسم تاڵەبانی" خانمێك لە چاوی ئەوانەی دەیانناسی گەورە، بە هەوری و بۆیەمە و سەروێنە گەرمیانییەكەیەوە جوانخاسێكی كەموێنە بوو، شاژنێك بوو بۆ خۆی. گرانایی خۆی زێڕی دەهێنا، رۆحی بە بۆنی حەتحەتۆكەی سمڵ و مێخەك و قەداحی پرتەقاڵ و ئاوهەوای زەنگابات هەڵشێلرابوو.
بە بنەچەق تاڵەبانی، ئامەدێكی بە خانەوادەی "كوێخا محەمەدی غەنی" بەخشی، وەكو ئەستوندەكێكی پتەوی رەسەنایەتی كۆمەڵایەتی دەربكەوێ. هەمیشە رووخۆش و گفتار نەرمونیان و دەمبەخەندە، كە لای دادەنیشتی هەرگیز بێزارنەدەبووی، پاكێتی لە روخساری دەدرەوشایەوە، تاڤگەیەك لە رێز و خۆشەویستی لێدەباری. لە جامخانەی سەلاریدا باڵایەكی بەرز دەردەكەوت، هەركەس دەیبینی هەستی بە سوكناییەكی دەروونی دەكرد. ئەمەندە هەست گوشاد و بەوەج بوو فێنكایی بە دڵ و دەروونی بەرانبەر دەدا.
كاریگەرێتی ئەم خانمە ناسكە لەسەر مناڵەكانی زۆربوو. دۆستایەتیم لەگەڵ كوڕەكانیدا و هاتوچۆكردنم و ئاشنایكردم بە مەلیحە خان و ئەوەندە رێزی دەگرتم هەموو جارێ پێیدەوتم:
"وەكو كوڕەكانی خۆم تەماشات دەكهم."
كە بۆ چارەسەركردنی كێشەیەك چوومەلای دەستی نەنا بەڕوومەوە و وتی:
"خاتری تۆم لا مەبەستە، خەمت نەبێت چارەسەردەبێت."
بۆیە هەرگیز وێنەی ناوازە و بۆشناخی ئەوم لەبەرچاو ئاوانابێت. مرۆڤ ئێرەیی بە ژیریی و سەلاریی خۆشڕامیی و ئاوەزانی دەبرد، رۆژگار هەرئەوەندەی پێبهخشیبوو تا پۆلی سێی سەرەتایی بخوێنێ. هەرجارەی پێشمەرگە كوڵەجۆییەكان دادەبەزین بۆ زەنگابات، ئەو سنوورە دوورە لە ناوەندی هێزی پێشمەرگە، مەلیحە خان پەنایدەدان و خزمەتیدەكردن تا كارەكانیان تەواودەكرد و دەگەڕانەوە بنكەكانیان، ئەمەش بەڵگەی خۆشەویستیی بۆ پێشمەرگە و پەرۆشیی بوو بۆ شۆڕش.
مەلیحە خان نەوەد و دوو ساڵ ژیا، لەوتەمەنەدا ژیانێكی پاك و بێگەردی لەپەنا چوار كوڕ و شەش كچدا بەسەربرد تا رۆژی (20/4/2011) بۆ یەكجارەكی چاوەكانی لێكنا. ئێستاش لەهەموو قوژبنێكی ماڵی مناڵەكانیدا هەست بە بوونی ئەو دەكرێ، ئەو نابینرێ، بەڵام بۆنی یادەوەرییەكانی هەموو شوێنێكی داگیركردووە.
بابەتی زیاتر