كاتژمێر(5)ی ئێوارەی(12/2/1989) بەفر دەباری، شار خامۆشبوو"دڵشاد مەریوانی" لەماڵەوە چووەدەرەوە، روویكردە یانەی فەرمانبەران، كاتژمێر(7)ی ئێوارە چەند ئەمنێك، روودەكەنە سەر مێزەكەی و پێیدەڵێن :
"مامۆستا چەند كاتژمێرێك كارمان پێتە، وەرە لە گەڵمانا، دوایی بگەڕێرەوە."
كاتژمێر(8:45) دەقیقە، هەمزەی عەلی دەدەی هاوڕێ و زاوای، رووده‌كاته‌ ماڵی دڵشاد و بە"شیرین"ی هاوسەری دڵشاد ده‌ڵێ :
"ئەمن دڵشادیان دەستگیركرد."
بۆ بەیانییەكەی كەسوكارەكەی روودەكەنه‌ هەر زیندانێك، پێیانده‌ڵێن‌ :
"لای ئێمە نییە."
دوای(8) مانگ، لەبێ سۆراغی دڵشاد، كەسوكاری بیستیان تەنیا رۆژانی سێشه‌ممان ئەمنەكان، لە پرسگەكەیان وەڵامی خەڵك دەدەنەوە .دڵشاد مەریوانی پێشبینی دەستگیركردنی كردبوو، هه‌ربۆیه‌ بە شیرین-ی وتبوو:
"دەزانم دەستگیر دەكرێم، بەڵام شیرین قەد روونەكەیتە ئەو شوێنانە و هەواڵم نه‌پرسی، دەزانم فایلەكەم لای بەعس زۆر گەورەیە، گەر بمگرن، جارێكیتر، نایەمەدەرێ."
سێ شەممەیەكیان شیرین و دایكی دڵشاد، رووده‌كەنه‌ پرسگەی ئەمنی سلێمانی، ئەمنێك ناونیشان و زانیاریان لێوەرده‌گرێ و پێیانده‌ڵێ :
"سێ شەممەی داهاتوو وەرنەوە بۆ وەڵامەكەی."
دوای هەفتەكە، تەنیا دایكی چووبوو بۆ سۆراخی و پێیانووتبوو:
"كوڕەكەتمان كوشتووە."
دایكی دڵشاد به‌جەرگی بڕاو و گریانەوە ئەو هەواڵە ده‌گه‌یه‌نێته‌وه‌ به‌خانەوادەكەیان، شیرین تووشی هیستریا ده‌بێ، لەگەڵ خوشكێكی دڵشاددا رووده‌كەنه‌ دائیرەی ئەمنی سلێمانی، پڕ بەگەرووی هاوار بەسەر ئەمنی پرسگەكەدا ده‌كاو پێیانده‌ڵێ :
"لەبەرچی هاوسەرەكەمتان كوشتووە، چیكردووە؟
ئه‌منێك پێیده‌ڵێ :
"وەڵامی تۆ نادەینەوە پیاوێك بنێرە."
لەوكاتەدا براكانی دڵشاد لەناوشاردا نەبوون، تەنیا برایەكی لەناو شاردا بووبوو، ئەویش سه‌ربازی راكردووبوو و نەیتوانی بوو بچێت، زاواكه‌یان چووبوو بۆ سۆراغی، دوای مانگێك هاتووچۆی ئەمنی سلێمانی، دواجار شەهادەی وەفاتیان پێدابوو، پێیانووتبوو :
"دڵشاد كۆمەڵەو تێكدەربووە، قەدەغەیە پرسەشی بۆ دابنێن."
خاتوو شیرین-ی هاوسه‌ری دڵشاد مه‌ریوانی ئاماژەی بەوەكرد :
"دڵشاد مەریوانی زۆر هەست ناسك بوو، تراژیدیای ئەنفال و ژەهربارانی هەڵەبجەو بێسەروشوێنكردنی هاوڕێی برام بێ سنوور كاریگەریی لە ناخ وهۆشیدا دروستكردبوو، تووشی بارودۆخێكی پڕلە وەڕسی و بێزاریی و رەشبینی ببوو، هیچ هیوایەكی بەژیان نەمابوو، لە ناخیدا، هەستی بەهەرەسێكی زۆر دەكرد، دوای شەهیدبوونی، بەڕێوەبەری ئەمنی سلێمانی بەناسیاوێكی وتبوو :بۆیە دڵشاد مەریوانیمان زیندانی كرد و له‌ سێداره‌ماندا، بۆ ئەوەی هەموو نووسەران و ئەدیبانی كوردی پێ چاوترسێن بكەین، تا لە كۆڕ و كۆبوونەوەكاندا لە دژمان قسە نەكەن، بەڵام پارێزگاری سلێمانی چاودێری وردی لەسەر دڵشاد مەریوانی دانابوو، چەندان راپۆرتی لەسەر تۆماركردبوو، راپۆرتەكانی گەیاندبووە دەست عەلی حەسەن مەجید، ئەویش بڕیاریدابوو كه‌ له‌ سێداره‌ بدرێ".

عەبدوڵڵا كەریم مەحمود

سەرچاوە: عەبدوڵڵا كەریم مەحمود: رەشەبای ژەهرو ئەنفال، بەرگی دووەم (ل 122-113) دوای راپەڕین چەند بەڵگەنامەیەك دەست جەماوەرو پێشمەرگە كەوت، لە بەڵگەنامەی(24/8/1989) لیستێك ناو لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی پارێزگای سلێمانییەوە تۆماركراوە، ناوی(87) زیندانی تیایە. كە لە(13/3/1989) له‌ سێداره‌دراون، یەكێ لەو ناوانە"دڵشاد محەمەد ئەمین فەتاح مەریوانی"یە، لە بەرامبەر ناوەكەیدا ئەم چەند وشەیە تۆماركرابوو:
"ئەم تاوانبارە مامۆستای زمانی كوردی بووە لە ناوەندی شۆڕشی كوڕان، وانەی كوردی دەوتەوە لەگەڵ بەكارهێنانی پیتی لاتینی، بەهۆی بیروباوەڕە جیاخوازییەكانییه‌وە یەكێكبووە لەڕۆشنبیرانی كۆمەڵەی تێكدەران."
 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved